( نیو سەدەیە !
بەدفەڕساڵی وەک ئەو دوبیستە نەدیدەم
مەڕۆ ئەی ساڵی دون پەروەر
نامەوێ لەو، خەرابەتر بدیدەم )
ئەم تێکستە گوزارشتی ساڵی پار و کۆتا رۆژەکانی بو، بۆ پێوقەیەمی بیستویەک نوسیم !
ئەمڕۆش لەکۆتایی ساڵەکەدا، بەقەولی ( شێخانی )، هەندێ خرتکەوپرتکە بۆ ئاوابونی بیستویەک ئەنوسم .
هەمو ئەوانەی ئومێدیان بە چاکسازی و پاکسازی، بەدامەزراوە و رێکوپێککردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حوکمدارێتی یەکێتی و پارتی هەیە، پشتیوانیان ئەکەن، یانەخۆ لە وەهمدا ئەژین نەم بە گێل و گەمژەیی لێئەخوڕن یانەخۆ غوڵامی ئەوئەجندایەی بێگانە و داگیرکەرانی کورستانن کە ( بۆ وێرانکردنی هەموشتێک و تێکدانی تەونی کۆمەڵایەتی و فەوتی کورد ) جڵەوی جێبەجێکردنی بە ئەجهیزە و مەسولەکانی ئەو دو حیزبە سپێردراوە .
هێزە ئیسلامییەکان لە سەرەتای پێکهاتەی کابینەی دەسەڵاتەکانی مەسرور بارزانیدا، بە راسپاردە و نەسیحەتی بێگانە، ئاوت کران . خۆیان زۆر هەوڵیاندا داخڵ بن، تەنانەت ( بزوتنەوەی گۆڕان و رێکخەرەکەی )، کە هەر بەو ئەجندایە داخڵی بازنەی دەسەڵاتەکە ببون، تەشەبوسیان بۆ کردن سودی نەبو .
کە لەکۆبونەوەی چڤاتەکەشیاندا، کەبۆ تەدارەکی چونە حکومەت رێکخرابو، پێمان وتن ( ئەم دەسەڵاتەی ئایندە لەڕوی گەندەڵی و ستەم و نادادییەوە خراپتر ئەبێت لەوانەی پێش خۆی ) .
ئەوکات خۆ دەستگرتنەوە یانەخۆ قاوەمان بۆ نەگرتبۆوە ! هەمویان لە ئێمەومانان باشتر ئەیانزانی پارتی و یەکێتی گەر بتوانن و بیانەوێ چاکسازی و حوکمڕانی تەندروست بکەن ئەو دەستکەوتە بە دیاری بە هیچ کەس و حیزبێکیتر نادەن، زۆری ئەو باڵفشانەی ئێستاش کە دوای کەوتنی بزوتنەوەکەیان، پۆزی ئۆپزسیۆن بون لێئەدەن، لەو سەروەختەیا لە پێناوی وەرگرتنی پلە و پوڵ و پۆستێکیتردا، پشتیوانی رێکخەر و جڤاتەکەیان بون ! بۆیە لە بیستویەکدا، هەمویان پێکەوە تەواو بون .
( ینک ) لەدوای کۆنگرەی چوارەوە، لەلایەن هەندێ گروپی سیاسی و ئەمنی و تەنانەت رۆشنبیریی ناو خۆیەوە، هەوڵی بەگژاچونەوەی ئەو ئەجندایەی بازنەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی ئەدا، هەندێ جار بەناوی گەڕانەوەی تەوازون و تەوافوقی حیزبی و سیاسی و ئیداری ، یانەخۆ بەناوی یەکێتیەکەی جارانەوە، بەڵام ئەو پرۆگرامەی بۆ فەوتی کورد و هەڵتەکاندنی کۆمەڵگەی کوردستانی بەرمەجە کرابو، زۆر بەهێزتر بو لەوەی دەستە و گروپ لە ناوخۆی دەسەڵاتەکەوە بتوانن خشتێکی خواری دیوارێکی راستبکەنەوە ! بۆیە بە حەرەکەیەکی ئیستخباراتی و ئەفسونی شوشە ژەهرێک، هەموی بەسەر ساحیرەکانیا، قڵپ بۆوە .
پارتی هەمیشە مەترسیەکان و ئەنجامەکانی پرۆسەی سیاسی و حوکمداری هەرێمی کوردستان، لەهەمو ئەوانیتر باشتر ئەزانێ و باشتر ئەخوێنێتەوە، سەری گەورەی ئەو حیزبە کە ئێستا سەری گەورەی هەرێمەکەشە بە خۆشی یانەخۆ بە ترشی بێت تا بینەقاقای لەو قوڕەدا، سەدەیەکە و بۆ سەری ئەم کوردوکوردستانە گیراوەتەوە، رۆچوە .
کەس پێی وانەبێت تێکدان و شێواندن و هەڵتەکاندنی تەونی کۆمەڵایەتی کۆمەڵی کوردەواری، ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ، ئابوری و تاڵانی نەوت و گاز، تێکدانی خێزان و باری دەرونی تاکی کورد، ریسواکردنی مێژوی خەبات و تێکۆشان و سەدەیەک قوربانی ... هتد، لەدەرەوەی ئیرادەی بێگانە و دوژمنەکانی کوردەوە بێت، ئیتر کاتی ئەوەیە هەموان لامان ببێ بە یەقین، ئەوە ئەجندای بێگانەیەو دەسەڵاتدارانی کورد جێبەجێی ئەکەن .
پێشتر و منیش پێم وابو، ئەم سەرکردانەی کورد نازانن ئیدارەی حکومەت و حیزب بکەن ! پرۆژەمان بۆ ئەنوسین ! دوای ماوەیەکی زۆر هەر لەگەڵیان ماینەوە، دواجار گەیشتینە ئەو بڕوایەی، نەخێر ئەوان ئەیزانن، بەڵام بۆ بەرژەوەندی حیزب و بنەماڵە و مانەوە، نایانەوێ وڵات شامی شەریف و دادگا و دامەزراوەکانی کاری پیشەیی خۆیان بکەن، لەو پێناوەشدا گوێ بە پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی میلەتەکە نادەن .
دوای دەیان ساڵ ژیان و کاری سیاسی لەگەڵ وان، زۆر درەنگ تێگەیشتم کە لەمەشیانا هەڵەم و راستییەکی ترهەیە ! ساڵانێکی زۆرە، ئەم سەرکردانەی کورد شەڕی گەیشتن بە ( غوڵام و سەرباز )ی جێبەجێکردنی ئەجندای داگیرکەرانی کوردستان و دەوڵەتە زلهێزەکان ئەکەن . پارتی و بارزانی پێشی هەمویان کەوتن ! ئێستاش کە بەهۆی تەسلیمبونی ئەوانیترەوە بە پارتی، هەمو بریارەکان گەڕاوەتەوە بارەگای بارزانی، ئیتر چاوەڕوانی ئەوە مەبن لە ساڵی ئایندە ئەمریکا و ئینگلیز ، چین و فەرەنسا لەبەرخاتری گەلانی عێراق و کوردستان پۆلیسەکانی خۆیان لە چواردەوری ماڵی کوردستان برەنجێنن . بۆیە ئەمساڵیش وەک ساڵی پار ئەیڵێمەوە :
مەڕۆ ئەی بەدفەڕترین ساڵی کورد !
نامەوێ لەتۆ خراپتر، ببینم بۆ کورد