هەرێمی سلێمانی وەک پرۆژەی دابڕان و رزگاری

عەبدولرەزاق شەریف
  2020-11-01     1483
بیست و هەشت ساڵەو حوکمدارانی ئەم هەرێمی کوردستانە بە شێوەیەک بارودۆخی سیاسی، ئابوری و فەرهەنگی ئەم کۆمەڵگەیەیان تێکداوە، رایەڵە و تەونی پێکەوەبونیان بە جۆرێک هەڵوەشاندووە، هیچ گومانێک نەماوە لەوەی کە ئەوان بەرنامەی دوژمنەکانمان بە جێ ئەگەیەنن و دەستی داگیرکەران ئەیانجوڵێنێ.
بە درێژایی سەدان ساڵ و هیچ وێستگەیەکی بندەستیمان لەمڕۆ خراپتر نەبوە کە تێی کەوتوین، خۆ لە خۆڕا نیە، خەڵک هەناسە بۆ ژیانی بندەستی بەعس هەڵدەکێشێ. دوژمن هاتوە و پەلاماری خاک و نان و ئاوی داوین، بە عەرەب و تورک و فارسیان کردوین، بە گازی ژەهراوی خنکاندویانین و بە کۆمەڵ لە گۆڕیان ناوین و ... هتد . بەڵام هەمیشە لە مێژودا، ئەو پەلامارانە خۆشەویستی و تەونی کۆمەڵایەتی، شکۆ و کەرامەتی کۆمەڵی کوردەواریان بەهێز و بە هێزتر کردوە، بەعس توانی بە پارە و بۆ پارە سەدان هەزار کەس بەناوی جیا بە جاش بکات، بەڵام هەرگیز نەیتوانی خۆشەویستی پێشمەرگەو شۆڕش، رقی پیرۆزی گەل لە داگیرکەران لە ناخی کۆمەڵی کوردەواریدا، نەهێڵێ یان کاڵ بکاتەوە، کە هەقیقەتی ئامانجی داگیرکاری گەلان، شکاندنی شکۆ و فەوتی تەونی کۆمەڵایەتی و خۆشەویستی نیشتمانە، کڕینی ویژدان و پۆست و پارە بەخشینەوە تەنیا وەسیلەن بۆ گەیشتن بەو ئامانجە.
گشت بیانو، بەهانەکان بۆ بەردەوامی ئەم حکومەتەی هەرێمی کوردستان، قیمەتی زبڵ و زاخی زێرابیشی نەماوە، قەوارەی هەرێم و پیرۆزییەکانی، ئاڵا و ئاڕمی حوکمدارێتییەکەی، ئەوکاتە رێزی نەماو شکاو فەنا بو کە ژیان و بژێوی سەربەرزانە و متمانەو دڵنیایی نەما، کە لە سایەیاندا، شکۆ و کەرامەتی کورد پارێزبەندی نەما، هەر کوردێکی بە ویژدان دۆخی کەرکوک و دوزخورماتو لەگەڵ پۆز و پۆست و پوڵی مەسولەکانی کورد لە بەغدا ببینێت، هەزار جار ئەڵێ فەوت و فەنای حکومەتی هەرێم و قەوارەکەی هەر ئەمڕۆی لە سبەینێی باشترە، ئەمە بانگی هەق نیە بۆ پەلکێشکردنی بەغداو گەڕانەوە بۆ سەردەمە تاریکەکان، وەک حکومدارەکانی هەرێم بانگەشە ئەکەن، لە بنەڕەتدا ئەو حیزبانە خۆیانن، بە سەدان رایەڵەی ئابوری، ئەمنی و سەربازیی لە پێناوی مانەوەو بەرژەوەندی خۆیاندا، بە ئەنقەرە و بەغدا و تارانەوە گرێدراون ! 
ئەو قسانەشی کە ئەڵێن ( قەوارەی هەرێم بە خوێن بە دەست هاتوە و گەر نەمێنێ گورگ ئەمانخوات و کابە کەچ ئەبێ )، تەنیا بۆ گەوجاندنی خەڵکەو بۆ بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجی داگیرکەرانە، چونکە ئەوەی خوێنی بۆ دراو ئەوانەی خوێنیاندا، هەرگیز ئەم قەوارەیە نەبوەو بۆ هاوشێوەی ئەم قەوارەیە نەبوە، میلەتی ئێمە بۆ مانەوە و شکۆی خۆی خەباتی کردوە، بۆ ژیان و سەروەری خاکەکەی قوربانیداوە، بۆ عەدالەتی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن و ئازادی تێکۆشاوە، هەمو ئەو ئامانجانەش ئێستا و لەسەر دەستی ئەم حوکمڕانانەی هەرێم لە مەترسی گەورەدان و مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان لەگەڵ داگیرکەراندا پێدەکرێت، کاریان گەیشتوە بە هەڵوەشاندنەوەی تەونی کۆمەڵایەتی و هەمو کایەکانی ژیانیان بێ بەها کردوە. وشیارکردنەوەی کۆمەڵ، خێزان و تاک لەو درۆ و دەلەسانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بە ناوی پاراستنی قەوارەی هەرێمەوە ئەیکەن ئەرکی سەرەکی قۆناغەکەیە و مەترسی گەورەی ئێستاو ئایندەی میلەتەکەمان مانەوەی ئەوان و کورسی حوکمدارێتیەکەیانە، بۆیە هەنگاوی رزگاری لەوان ئەکرێ لە خێزان یان گوندێکەوە کاری بۆ بکرێ و سەرپێ بکەوێ، خۆ جیاکردنەوەشمان لەو بنەماڵە سیاسیانە هەرگیز بە مانای دابڕان لە خاکی نیشتیمان نیە، بە پێچەوانەوە هەنگاوی یەکەمی گەڕانەوەی ئینتیماو هەستی خۆشەویستی کوردو کوردستانە، ئەفەرۆزکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم مانای رەتکردنەوەی حاکمیەتی ئەنقەرە و تاران و بەغدایە، رەتکردنەوەی ئەوان سەرەتای ژیانێکی نوێ و ئایندەیەکی رون و گەشی نەوەکانی داهاتومانە .
پرۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگای سلێمانی، ئەو هەنگاوی یەکەمەیە و تیایدا، بە نوسینی دەستوری هەرێمەکە، هەمو ئەو پەیوەندیانە لە گەڵ حیزب و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ناوەندی بەغدا، رێکدەخرێتەوە. هەمو ئەو کەس و لایەنانەشی دەستیان لە وێرانەیی و داگیرکاری، یا زەوتکردنی موڵک و ماڵی گشتیدا هەبوە، لە دادگایەکی سەربەخۆدا، لێپرسینەوەیان لە گەڵدا ئەکرێت، ناکرێت کەسانێک مامەڵەی کڕین و فرۆشتنیان بە خوێنی شەهید و قوربانییەکانی میلەتەکەمانەوە کردبێ و بە کۆمەڵ تەسلیمی ئیرادەی داگیرکەرانیان کردبین و لەو هەمو سەروەتەی کوردستان خێزان بە خێزان قەرزاریان کردوین، بە عەفو داواکردنێک وەک بەرزەکی بانان بۆی دەربچن.
دەستور و یاسا بەرکارەکانی ئەمڕۆی عێراق بە هیچ دەقێک ئێمەی پابەندو ئیجبار بە بەشداری کردن لە پۆست و پایەکانی حکومەتی مەرکەزیدا نەکردوە، بۆیە ئەمڕۆی هەنگاوی یەکەمی چارەسەر پێش دابڕان لە ناوەندی دەسەڵاتی هەولێر ، لە دابڕان لەگەڵ ناوەندی دەسەڵاتی بەغداوە دەست پێدەکات. 
شایستە داراییەکانی هەرێمەکان و ئیمتیازاتەکانیان بە دەستور پارێزراوە، هەر وەک چۆن دەسەڵاتە فیدراڵیەکان و ئەرکەکان دیاریکراوە، هەرێم لە عێراقدا، جگە لە نوێنەرێک بۆ پەیوەندی و هەماهەنگی پێویستی بە لەشکرێ وەزیر و گزیر، پلە و پۆستی روگیر، لە بەغدا نیە! ئەوەی لەم حەڤدە ساڵەدا کورد لە بەغدا کردویەتی جگە لە هەڵەی کوشندەی نیشتیمانی و نەتەوەیی، شەراکەت و بەشداری لە دزی و تاڵانی هیچیتر نەبوە، بە کۆمەڵ نوێنەرەکانمان ئاویان بەو ئاشەدا کردوە کە سەد ساڵە گەلی ئێمە ئەهاڕێ . بۆیە ئەبێ دانیشتوانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین ئەو راستیە بزانن کە پرۆژەی بە هەرێمکردنی پارێزگاکەیان کشانەوەو دابڕانە لە دوانەی دەسەڵاتە گەندەڵ و تاوانکارەکانی هەولێر و بەغدا، دابڕانێک کە دەستور و یاسا بەرکارەکانی عێراق رێگەی پێداوین و بە پشتیوانی خەڵکەکەی خۆمان جێبەجێی ئەکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×