دەستەواژەو زاراوەیەکی زۆر ھەن، کە ھەر لە جیھانی خەیاڵدا وێنادەکرێن و ئەستمە لە دنیای واقعدا گۆشەیەک ھەبێ بۆ خۆیان داگیر کردبێ، لەگەڵ ئەوەشدا مرۆڤ ھەم ھەوڵیان بۆ ئەدا ھەم خۆیانی پێوە با ئەدا، لە وانە خۆشەویستی، ئەوین، کامەرانی ، دڵخۆشی، خۆشبەختی،و ھتد... بەڵام ھەر ئەم زاراوەو دەستەواژانە، مرۆڤ دەخەنە بەردەم سەراسیمەو واق وڕمان، کاتێک بیەوێ پێناسەو پەسنیان بکا.
ئاخر خۆ ناحەقی مرۆڤیش نیە لە ئاست گەورەیی ئەم وشانە دەستەپاچە ببێ، و نەزانێ لە زھنی خۆیدا چوارچێوەیەک بۆ تێگەیشتنیان بکێشێ، مەگەر ھەر ئیلھامی شیعری و فەنتازیای خەیاڵ، لایەک لەم وشە جادوگەرانە بکاتەوەو ئێمەی مرۆڤ، تەنھا لە شیلەی ھەڵاڵەیان تام پێبکا.
خۆ شاعیرانیش ھەر ئەمەیان بەئێمە وتووە، نەک ئەوەی پێناسەیەکی ئەبستراکتی بێ لوغزیان پێشکەش کردبێتین، و خستبێتیانە مشتمانەوە، ئەوەتا شێرکۆ بێکەس لە وەسفی ئەویندا لە رۆمانە شیعری (خاچ و مارو رۆژ ژمێری شاعیرێ) ئەڵێ:
من نازانم ئەویین چیە...!!
بەڵام کە دێت
بەدووباڵی گڕو بارانەوە دێت
لەملاوە ئەمکات بە سووتوو
لەولاوە نوێم ئەکاتەوە
پاولۆ کۆیلۆی رۆماننوس لە رۆمانی کیمیاگەر، ئەمانخاتە بەردەم ھەمان تێڕامان و وردبوونەوە بۆ ناسینی چەمکی خۆشبەختی یاخود کامەرانی، ئەو لەسەر زاری پاڵەوانی رۆمانەکەی کە کوڕێکی شوانکارە، و وێڵە بەشوێن گەنجینەیەکەوە کە لە خەونیابینیویەتی، کاتێک ئەچێ بۆ لای پیاوێکی دانا و پرسیاری ئەوەی لێ ئەکا، نھێنی کامەرانی چیە؟
حەکیمی دانا کە خاوەنی کۆشکێکی لە رادەبەدەر جوان و سەرنج راکێشە، بە گەنجەکە ئەڵێ جارێ کاتی ئەو پرسیارە نیە، بڕۆ بۆ خۆت جوانیەکانی ئەم کۆشکە ببینە، بەڵام ئەم کەوچکە بەدەستەوە بگرە کە دوو دڵۆپ رۆنی تێدایە و مەھێڵە بڕژێن.
کاتێک گەنجەکە ھەموو کۆشکی پشکنی، و گەڕایەوە بۆلای پیاوی دانا، لێی پرسی ھا گەنجۆ چیت بینی ؟ گەنجەکە وەڵامی دایەوە کە ئەو تەنیا پەیوەستی ئەوە بووە کە دوو دڵۆپە رۆنەکەی ناو کەوچکەکە نەڕژێ، ھەر لەبەرئەوە ھیچ کام لە شتە ئەنتیکەو نایابەکانی ناو کۆشکەکەی نەبینیوە.
پاشان پیاوە داناکە ڕێ بە گەنجەکە ئەداتەوە سەرلەنوێ بە کۆشکەکەیا بگەڕێتەوە، و پێی ئەڵێ « تۆ ناتوانی متمانە بەپیاوێک بکەیت گەر شارەزای ماڵەکەی نەبی ».
ھەر لەبەرئەوە گەنجەکە سەرلەنوێ بەناو کۆشکەکەیا گەڕاو ھەموو ئەو کەلوپەل، و قاڵی، و باخچە، و گوڵە جوان، و بۆنخۆش، و شتە ئەنتیکانەی بینی کە لە کۆشکەکەیا دانرابوون و خەڵک بۆ سەردانیان ھاتبوون.
کاتێک گەڕایەوە ھەموو ئەو دیمەنانەی بینیبووی، بۆ پیاوە داناکەی گێڕایەوە، پیاوە داناکە لێی پرسی ئەی ئەو دوو دڵۆپە رۆنە چی لێھات کە پێم سپاردبووی؟
کاتێک گەنجەکە سەیری کەوچکەکەی دەستی کرد، بۆی دەرکەوت رۆنەکەی تیا نەماوە.
پاشان پیاوە داناکە روویکردە کوڕەکەو پێی وت «ئەتوانم یەک ئامۆژگاریت بکەم، نھێنی کامەرانی ئەوەیە خۆشیەکانی جیھان ببینی و تاقیان بکەیتەوە، بەو مەرجەی نەیەڵی دڵۆپە رۆنەکانی ناو کەوچکەکەت بڕژێن».
دڵۆپە رۆنەکانی ئەم چیرۆکە ئەکرێ بۆ ھەریەک لەئێمە ئاماژەیەکی جیای ھەبێ، بۆ نموونە بۆ شوانی ناو رۆمانەکە مەڕەکانی بن، بۆ ھەندێکمان دایک و باوکی بێ ، بۆ ھەندێکی ترمان خێزان و منداڵ یاخود ھاوڕێکانی بێ، یاخود ئەخلاق و ئاکار، ئەی بۆ نابێ مەبدەئو بیرو باوەڕبێ، ئایین یاخود ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوبێ، بۆنا دەکرێ دواپێکی پێش مەستبوون بێ؟.
بەچی ئەچێ داڵ و ئەستێرەکانی سەرشانت بتگەیەنە کۆشکی پاشاو وەزیرەکان، بەڵام دیسپلینت ونکردبێ، بەھێزی بڕوانامەو پۆستەکەت چەندین کچی شۆخ و شەنگ کاریان بکەوێتە بەردەستت، بەڵام ئاکار و مرۆڤایەتیت لە نیوەی رێگادا لەدەسچووبێ.
بەچی ئەچێ خەڵاتی باشترین ئەکتەر یاخود مۆسیقار وەربگری، بەڵام دەق و نۆتەکانی ژیانت پشتگوێ خستبێ.
با بیری خۆمان زۆر پەرتنەکەین، من ئەڵێم دوو دڵۆپە رۆنەکە، بەھایەکی چەسپاوە، یاخود خاڵی ھاوسەنگیمانە لەنێوان ئەوەی ھەڵپەی بۆ ئەکەین و ئەوەی وامان لێ ئەکا لەجێی خۆمان ئارامبگرین، پێویستە لەدەستی نەدەین، چونکە تەنھا ئەوکات، لە کۆتایی گەشتی ژیاندا ئەتوانین بڵێین قردێلەی کامەرانیمان بڕیوە.