حزبە کوردیەکان لەمێژووی کۆن و نوێیاندا ئەوەیان بەئێمە وتووە؛ لە کوێ تەنگەتاو بوون، و درکیان بەوەکرد کە پێگەیان لە ناو دەسەڵاتدا لە مەترسیدایە، پەنایان بۆ سیمبول و پیرۆزیی و دەستکەوتە نەتەوەییەکان بردووە، ھەمیشە وەک قەڵغانێک بەکاریانھێناون بۆ دەمەزەردکردنەوەی بەرژەوەندیەکانیان.
ئەوەتا بەھەمان عەقڵیەت مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە نوێیە ئەکەن کە لە عێراقدا ھاتۆتە پێش، بەنموونە بڕیارەکانی دادگای فیدرالی، جگە لە گوتاری ھەندێک لایەنی سیاسی، ژمارەیەک نووسەر و یاساناسیش بە مەبەستی خزمەتکردنی ئەجێندای حزبی بێ، یاخود لە خەمخۆریان بۆ دۆخی ھەرێم، بەردەوام ئەو قەوانە دەکوتن کە قەوارەی ھەرێم بەم بڕیارانە بچوک ئەبێتەوە.
لێرەدا ناچینە وردەکاری دەستووری بوون و یاسایی بوونی بڕیارەکانی دادگای فیدرالی، بەڵام ئەتوانین بڵێیین نەک قەوارەی ھەرێم بەم بڕیارانە بچوک نەبوونەوە، بەڵکو جارێکی تر ھەناسەی بەبەر ئەو ئینتما نیشتمانیەدا کردەوە کە ساڵەھایە لە لێواری نووزەبڕیندایە، ئەمەش لە رێی گەڕانەوەی بەشێک لەو مافانەی بەدرێژایی حوکمڕانی خۆماڵی کورد بۆ کورد، لە تاکی کورد زەوتکرابوون. ھەر لەمافی ئازادانەی ھەڵبژاردنەوە بیگرە تا دەگاتە سەرەکیترین مافی ژیان کە مووچە و وەزیفەکەیەتی.
ئەمڕۆ دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم ، ھێزەکانی تریش بەپلەی دووەم ئەبێ ئەو قۆناغە نوێیە قبوڵکەن لە پەیوەندی نێوان تاکی کورد بە ھەرێمی کوردستانەوە وەک ھەرێمێکی فیدراڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، نەک وەک پێشتر، کە ھەرێمێک ھەبوو لە دۆڵێک و عێراقیش لە دۆڵێکی تر، بەشێوەیەک ھاوڵاتیانی کوردستان ھیچ کەناڵێکیان شک نەدەبرد بیانبەستێتەوە بە حکومەتی عێراق.
گوتاری حزبی ئەو حزبانەی ناومان ھێنان، نابێ چیدی گرەو لەسەر بەلارێدابردنی ھەستی نەتەوەیی کورد بکەن ئەمە چیە لەلایەن حکومەتی فیدرالیەوە، دەسەڵاتەکانیان لە قاڵبدراوە، ھەر ئەمەشە وایلێکردوون قەوارەی ھەرێم بکەن بە کارتیخێک بۆ تیژکردنەوەی چەقۆی حزبی و بەرژەوەندییەکانیان، لەبری ئەوە پێویستە ئەو ھەستە بەتین و گوڕکەنەوە کە لەپای بێ ئومێدکردنی تاک بە تاکی ئەم کۆمەڵگەیە خستیانە سەرپێ.
ئەمڕۆ تاکی کورد پێویستی بە دابڕانێکی جۆریە لەگەڵ ئەو گوتارە باوەی پێشتر بە باوەشێنی راسیزمی ھەندێک لایەن پشکۆی نەتەوەیی پێ ئەگەشایەوە، ئەو دابڕانە بەوە ئەبێ چیدی وەک تاکێکی نامۆ لەدەرەوەی ھەستی نەتەوەیی لە وجودی خۆی نەڕوانێ، بەڵکو ھەمووکات وا ھەستبکا، کە ئەم بەشێکە لە ھاوکێشە گەورەکە، سەوداو مامەڵەکردن لەسەر خواست و ماف و ئازادیەکانی، ھیچ کاتێک عێراق ئۆقرە ناگرێ.
رەنگە ئەم تێڕوانینەی سەرەوە بۆ دابڕانێکی لەمجۆرە، کەمێک بە خەیاڵپڵاوی بێتەبەرچاو، بەڵام گەر کورد وەک نەتەوە بیەوێ لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەی ھاتۆتە پێش مامەڵەبکا، جگە لەم رێگەیە ھیچ رێگەیەکی تری لەبەردەمدا نیە.
پێشتر لە بابەتێکی تردا تیشکمان خستبووە سەر ئەو قۆناغە نوێیەی لە عێراق ھاتۆتەپێش، ئەویش قۆناغی دروستکردنەوەی سەروەری دەوڵەتە، ( https://www.awene.com/article?no=21095&auther=77 )، گەر ھێزە سیاسیەکان ئەیانەوێ قۆناغ بە قۆناغ، تەنانەت گەر بە ناچاریش بێ لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان ھەڵکەن، ئەوا پێویستە ھەروەک چۆن لە قۆناغی روخاندنی رژێمی بەعس و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی عێراق بەشداربوون، ئەوا لەم قۆناغەش بەشداری کاریگەریان ھەبێ.
باجی بەشدارنەبوونی کورد لەم قۆناغەدا، ھێندەی باجی سوننەکانە و زیاتریشە لەکاتی بونیاتنانەوەی دامەزراوەکانی عێراق و نووسینەوەی دەستوور لە ساڵی ٢٠٠٣ و ساڵانی دوایی، سوننە گەر کیان و قەوارەیەکی سەربەخۆی نەبووبێ لەو کاتەیا تاوەکو ترسی لەدەستدانی ھەبووبێ، لێرەوە رێی تێئەچێ بڵێین، ئەوا بۆ کوردەکان دەکرێ باجی گەورە لەدەستدانی قەوارەی ھەرێم بێ. رەنگە پرسیاری جەوھەری ئەوەبێ ئەی کورد ھاوشان لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیە کە لە عێراقدا ھاتۆتە پێش لە ناوخۆ پێویستە چی بکا؟ ئەوەی کورد پێویستە ئەنجامی بدا، لەم چەند خاڵەی خوارەوە کورتی ئەکەینەوە:
١- ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە نزیکترین وادەدا.
٢- خۆ رێکخستنەوەی ئەوەی پێی ئەڵێن ھێزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بەشێوەیەک خۆیان لەو پڕش و بڵاویە رزگاربکەن کە وێنەی ئەم ھێزانەی لەبەرچاوی کۆمەڵگە پێ ئاڵۆسکاوە.
٣- فەراھەم کردنی ژینگەیەکی لەبار، بەشێوەیەک زۆرترین رێژەی دەنگدان بەراوورد بە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو تۆماربکرێ، تاوەکو ئەو دەسەڵاتەی لە ئەنجامی ئەو ھەڵبژاردنەوە دروستەبێ شەرعیەتی زیاتری ھەبێ.
٤- حزبەکانی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) پێویستە بۆ جارێکیش بێ ئەو چانسە بدەنە ئۆپۆزسیۆن دەسەڵات لە ھەرێمی کوردستان وەرگرێ، بەمانایەکی تر ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات ئەنجامبدەن.
٥- گەر لەبەر بەرژەوەندی تەسکی حزبی ھەر نەیانتوانی خاڵی (٤)ی سەرەوە جێبەجێبکەن، ئەوا پێویستەلانی کەم بەوسیاسەتەدا بچنەوە کە چەندین ساڵە ئیدارەی ھەرێمی پێدەکەن.
دەر ئەنجام:
قەوارەی ھەرێم پێش ئەوەی گوزارشتبێ لە دەسەڵات و سنوورێکی جوگرافی، گوزارشتە لەو ئینتمایەی دانیشتوانی ناو ئەو قەوارەیە بۆ ئەو دەسەڵاتە ھەیانە، ئەوەی ھەڕەشەیە بۆسەر قەوارەی ھەرێم نادیدەگرتنی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە دێنەپێش و مامەڵە کردنیانە لە روانگەی بەرژەوەندی حزبی نەک بەرژەوەندی ماف و پاراستنی ئازادیەکان لە ھەرێم، قەوارەی ھەرێم بەدابەشکردنی بۆ دوو زۆن، و یەکنەخستنەوەی ھێزی پێشمەرگە، و ئیحتیکار کردنی بازاڕ لەلایەن حزب و گروپە دەستڕۆیشتووەکانەوە بچوک و پوکاوەتەوە نەک بە بڕیارو لێدوانی ئەم و ئەو.