ھیچ دوو کایەیەک نیە، ھێندەی کایەی سیاسەت و یاسا، ھەم تێکەڵ ھەم دژبەیەک، تێکەڵ لەو شوێنانەی ھەردوکیان ھەوڵی رێکخستنی کۆمەڵگا ئەدەن، دژ بەیەک لەو شوێنانەی سیاسەت دەیەوێ پەلو پۆ بھاوێ، بێ گوێدانە ھیچ بەربەستێک، بەڵام یاسا لە رێگەی مەتن و دەقەکانیەوە یەت پێی ئەڵێ بوەستە.
بەڵام خۆ سیاسەت ھەروا بە ئاسانی ناڵێ بەڵێ ئەمرەکەی، خۆ گەر لە قۆناغێک یا چرکە ساتێکی مێژوویشدا بڵێ باشە وا وەستام ، ئەم وەستانەی بۆ ئەوەیە، رێستێک وەربگرێ تاوەکو پلانێک دابنێ و لەمپەرەکانی یاسا لەبەردەم خۆی لابدا، چونکە کایەی سیاسەت ھاوشێوەی ئاو ئەبێ مەجرای رۆیشتنی خۆی بکاتەوە با بەربەستیش بکرێ.
ئامراز گەلێکی زۆر لەبەردەست سیاسەتدایە تاوەکو ئەم پلانەی خۆی پێ جێبەجێکا، لەوانە دروستکردنی رای گشتی و لۆبیکردن و خستنەکاری ماشێنی راگەیاندن و بزواندنی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ...ھتد.
ئەوەی لێرەدا ئێمە مەبەستمانە تیشکی بخەینەسەر، سیاسەت وەک ئامرازێک بەرکاری ئەکا، بۆ فراوانکردنی ھەژموونی خۆی بەسەر کایەی یاسادا، بریتیە لە بانگەشە کردن و بەھادارکردنی چەمکی سەروەری دەوڵەت (سیادة الدولة-Sovereign state).
لێرەدا کەمێک لەسەر ئەم چەمکە ئەدوێین، و ھەوڵەدەین ئەو لینکە دیاریبکەین، کە وتەکانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، پەیوەست بە چەسپاوی مافی بەھەرێمکردنی پارێزگاکان لەچوارچێوەی دەستوری عێراق و یاسا پەیوەندیدارەکان، دەبەستێتەوە بە چەمکی سەروەری دەوڵەت و یەکپارچەیی خاکی عێراق.
لە راستیا چەمکی سەروەری دەوڵەت لە یاسای نێودەڵەتی، پێناسەی جۆراو جۆری بۆ کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مانای ئەوە نیە کە خاوەنی تیۆرەکانی ئەم بابەتە نەگەیشتبنە رایەڵەی ھاوبەش بۆ چەمکی سەروەری دەوڵەت، لێرەوە ئاماژە بۆ دوو قوتابخانە ئەکەین کە لەم چەمکەیان کۆڵیوەتەوەو ھەوڵیانداوە پێناسەیەکی گشتگیری بۆ بکەن، ئەوانیش:
١- قوتابخانەی کلاسیکی کە بیرمەندەکانی زیاتر ئاڵاونەتە سەر بە پیرۆز کردنی دەوڵەت و دەسەڵاتەکانی پاشا، بە جۆرێک ھیچ دەسەڵاتێک لەسەرو دەسەڵاتی پاشا یاخود مەلیکەوە نیە، بەپێی تێڕوانینەکانی ئەم قوتابخانەیە دەوڵەت مافی رەھای ھەیە بۆ پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی، لایەنگرانی ئەم قوتابخانەیە وەک یاسا ناس و بیرمەندی فەرەنسی (جان بۆدان) ١٥٣٠-١٥٩٦ز، و بیریاری سیاسی (تۆماس ھۆبز)١٥٨٨-١٦٧٩ز، لێرەوە وتە بەناوبانگەکەی دراوەتە پاڵ پاشای فەرەنسا، لویسی چواردەھەم، بەرجەستەی ئەم چەمکەی کردووە، ( دەوڵەت منم، منیش دەوڵەتم).
٢- قوتابخانەی مۆدێرن، بەپێی گۆڕانکاریەکان لە چەمکی دەوڵەت و مافەکانی ھاوڵاتیان لەچوارچێوەی دەوڵەتی نەتەوە لە سەرەتای سەدەی بیست، چەمکی سەروەری دەوڵەتیش گۆرانکاری بەسەردا ھات، بەشێوەیەک دەوڵەت سەروەری خۆی تەنھا لە پیادەکردنی دەسەڵاتە مەرکەزیەکەی خۆی نەئەبینیەوە، بەڵکو بەپێی کۆمەڵێک پرەنسیپ و پەیماننامەی نێودەوڵەتی، دەوڵەت پێویست بەوە بوو پابەندی خۆیانی پێوە رابگەیەنێ لەوانەش پەیماننامەی لاھای ساڵی ١٨٩٩ و ١٩٠٧ ز، تایبەت بە رێ و شوێنەکانی پاراستنی ئاشتی نێودەوڵەتی و داڕشتنی یاسای تایبەت بە رێساکانی جەنگ و تاوانەکانی جەنگ، پاشان میساقی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بەمافەکانی مرۆڤ لە ساڵی١٩٤٥ و ١٩٤٨ ز ، کە تێیدا مرۆڤ لە جیاتی دەوڵەت وەک سەنتەری یاسا نێودەوڵەتیەکان، تەماشاکرا، ئەم گۆڕانکاریانەش لە یاسای نێودەوڵەتی ھەم سنوورێکی لەبەردەم پاوانخوازی دەوڵە زلھێزەکان دانا ، ھەم ئەو مافە رەھایەی لە دەوڵەت بەشێوەیەکی گشتی سەندەوە کە بە ویستی خۆی تاکەکانی ناوی ئاراستەبکا.
ئەم وردکردنەوەیە بۆ ئەوەبوو ، تاوەکو بیکەینە کڵاو رۆژنەیەک، لێیەوە لەو بیرکردنەوەیە بڕوانین کە فائق زیدانی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری لەعێراق، لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار رایگەیاندووە؛ دامەزراندنی ھەرێمی دیکە لەعێراق ھەڕەشە لەسەر ئاساییش و یەکپارچەیی عێراق دروستدەکا. ئەمە لەکاتێکدا بەپێی دەستووری عێراق، مافی بەھەرێمکردنی پارێزگاکانی تری عێراق مافێکی پارێزراوو دانپیانراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، تۆبڵێی سەرۆکی گەورەترین دامەزراوەی یاسایی لەعێراق ئاگاداری ناوەرۆکی مادەو بڕگەکانی دەستووری وڵاتەکەی نەبێ؟! وەڵامەکە ئەوەیە؛ بێگومان نەخێر، بەڵام سادەترین راڤە بۆ ئەم ھەڵوێست و دەربڕینە، ئەو ناکۆکیەیە کە لەسەرەتاوە ئاماژەمان پێداو چەمکی یەکپارچەیی و سەروەری دەوڵەت، وەک ئامرازێک بەکاردەبرێ بۆ ئیفلیچ کردنی ئەوەی یاساو دەستوور ئەیەوێ بیچەسپێنێ.
گەر دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان، بە نموونە یاسای ژمارە ١٣ ی ساڵی ٢٠٠٨ ی عێراق تایبەت بە پێکھێنانی ھەرێمەکان، نوێنەرایەتی قوتابخانەی دووەم بکەن لە راڤەکردنی چەمکی سەروەری و یەکپارچەیی عێراق، ماف بەھاوڵاتیانی پارێزگاکانی تری عێراق بدەن بۆ پێکھێنانی ھەرێمێکی سەربەخۆ، ئەوا ئەم لێدوانەی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و بەرپرسەکانی تری عێراق ئاوێنەی قوتابخانەی یەکەمن لە تێڕوانینیان بۆ سەروەری دەوڵەت لە عێراقدا، چونکە ئەمڕۆ عێراق لەھەوڵی دروستکردنەوەو بنیاتنانەوەی سەروەری لەدەستچوویەتی ھەر لەو پێناوەشدا، نوخبەی بڕیاربەدەست کە گوزارشتە لە پیادەکردنی سیاسەتی عێراق لەم قۆناغەدا، باز بەسەر ھەموو ئەو بەربەستانەدا ئەدەن کە ئەم پرۆسەیەیان لێ تێکبدا، بە بەربەستە یاسایی و دەستووریەکانیشەوە.