لەبێوڵاتی کورد، بەپێچەوانەی ھەموو دەسەڵاتە دیموکراسەکان، جیاوازیەکان لە کوردستان نەک نەبوونە ھۆکارێک بۆ گەشەکردنی ژێرخانی مەعریفی و ئابووری، بەڵکو رۆژدوای رۆژ جیاوازیەکان بوونەتە موخۆرکەی پێشکەوتن و باڵابوون، جا ئەو جیاوازیانە جیاوازی حزبی بووبن یا ئایدیۆلۆژی یا ئایینی.
چەمکی شار لە رووی زانستی کۆمەڵایەتی و ئابووری، ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی پەیوەندیە کۆمەڵایەتی و گۆڕانکاری لە سەرچاوەی داھاتی تاکەکان، بەشێوەیەک ھیچ کام لەو پەیوەندیانە ناچنەوە سەر قۆناغی پێش دروستبوونی شار، بەڵام دەکرێ چەند تایبەتمەندیەک ھەبن لە رەفتارو ھەڵسوکەوتی تاکەکانی شارێک کە زۆر بە زەحمەت مێژوو بتوانێ بیانگۆڕێ، ھەر ئەمەش پێی ئەڵێن ناسنامەی شار.
شاری سلێمانی بەو مێژووە پڕ سەروەرییەیەوە، خاوەنی ناسنامەی رەسەنی خۆیەتی لە داھێنان ، لەخزمەت بە ئەدەب و ھونەر، لە ئامادەیی رۆحیەتی بەرەنگاربوونەوە، ئێستا لە بری ئەوەی ببوایەتە شارێک کە پێشەنگی شارەکانی دیکەبێ لە خزمەتگوزاری و رێگاوبان و پاکێتی ژینگە، وایلێھاتووە ھەریەکەو لەلای خۆیەوە ، جەفای بۆ دەکێشێ، ئەمەش لە خەمخۆریاننا، بەڵکو لە پێناو درێژەدان بە مشەخواردن لەسەر سفرەی ئەم شارە.
گوتاری یەکێتی کە حاکمی پلە یەکی شارەکەیە، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە، کە پارتی ھاوشەریکی لە دەسەڵاتدا بە ئاشکرا سزای ئەم شارە ئەدا، ئەمەش لە پێناو زیاتر رق ئەستوورکردنی خەڵکەکەی بەرامبەر پارتی، ھەروەک گوتاری پارتی لە بەرامبەر شاری سلێمانی خۆی لە ناولێنانی ئەو ئیرھابیە فکریەدا مانیفێست ئەکا، کە پێی وایە دەسەڵاتی یەکێتی نووزەی لە ھەموو بۆچوونێکی ئازاد بڕیوە، ئەمەش زیاتر لە پێناو شەرعیەتدان بۆ ئەو سیاسەتی بێ موبالیاتەی لەلایەن ئەم حزبەوە، دەرحەق بەم شارەو خەڵکەکەی پەیڕەو دەکرێ.
حزبەکانی دەرەوەی یەکێتی و پارتیش وەک گۆڕان و ئیسلامیەکان، ھێندەی رەخنە لە یەکێتی و پارتی دەگرن، بەوەی کە ئەم شارەیان بەم دۆخەی ئێستا گەیاندووە، ھێندە لە خەمی بەرەو پێشبردنی شارەکە نین، ئەمەش بۆ ئەوەی بە ھاوڵاتیان بڵێن ؛ ئەوە ئێمەین بەدیلی ئەم دوو حزبە، گەر ئێمە حاکم و والیتانبووینایە، شارمان بۆ کردبوون بە شامی شەریف. گەرنا ھەر ھیچ نەبێ ئەیانتوانی بەدرێژایی تەمەنی خۆیان دوو بەرزە پرد، یا شەقامێکی جووت ساید، بۆ ئەم شارە دروستبکەن، لە پای ھیچ نا تەنھا لەبەرئەوەی چ وەک دەنگ کە پێگەی جەماوەریان ھەیە، چ وەک ئەوەی ئەم شارە بۆیانبۆتە بێشکەی رێزگرتن لە بیروبۆچوونی جیاواز .
ئێستا سلێمانی لە بری ئەوەی ببێتە سەکۆی رکابری حزبەکان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت، حزبەکان کردوویانەتە، قەڵغانی مشەخۆری خۆیان، رێک وەک ئەو پەندە کوردیەی کە ئەڵێ لەگەڵ مەڕ شین و لەگەڵ گورگ شایی ئەکەن.
سلێمانی پێویستی بەوەنیە ناسنامەی مەزلومیەتی پێببەخشن، ئەو ئێستا وەک شێرێکی بریندارە کە پێویستی بە ساڕێژکردنی برینەکانیەتی، لەبری ئەوە تێکڕا دان بەو راستیەدا بنێن، کە ھەمووتان بوونە ھۆی وشککردن و وەستانی نەشونمای رۆحیەتی یاخی و خۆبەدەستەوەنەدانی.
سلێمانی لە ئێستادا بەوێنەی ئەو دایکە دڵسۆزەیە کە کوڕەکانی لە باوەشیانگرتووە، نەک بۆ دڵسۆزیان بۆ دایکیان تاوەکو لە رەقبوونەوە بیپارێزن، بەڵکو بۆ ئەوەی زوقم و شەختەی زستانی وڕێنەی کوردایەتی، خوێنی جەستەیان نەیبەستێ و تووشی گانگرین نەبن.
ئەرکی گەورەی ھاوڵاتیانی ئەم شارە ئەوەیە، کە لەمە بەدوا رێگە بەھیچ لایەنێک نەدەن، ببێتە پارێزەریان، پارێزەرێک لە پای دوو دێڕو رشتنی مشتێک فرمێسکی تیمساحی لە دوو بۆنەی جیاجیادا، خۆیان بکەنە نوێنەریان لە پەرلەمان و وەرگرتنی پلەو پۆست لە حکومەت، و دینارو دۆلار بخەنە سەر ژمارە حسابیەکانیان.
گەر قسە لەسەر سزادانی خەڵکی ئەم شارەبێ، بەڵێ ئەوە راستیەکی حاشا ھەڵنەگرە، بەڵام ئەوە کێ یە و بەچی میکانیزمێک ئەم سزایە پیادە ئەکا؟ ئەمە ونەو دیارنیە، ھۆکاری نادیاریشی ھەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھەموو ئەو ھێزە سیاسیانەی لە ناو دەسەڵات و لە دەرەوەی دەسەڵاتن پشکیان ھەیە لەم سزادانە.