کاتێک باس لە نەتەوە ئەکەین، راستەوراست کوردبوونمان دێ بەخەیاڵدا، کاتێکیش باس لە دین ئەکەین، ئیسلاممان بیردەکەوێتەوە، جا گەر لە تێڕوانینەکەی فرۆیدەوە بڕوانینە ئەم بابەتە، ئەوا کاریگەری ئەم دوو چەمکە، واتە نەتەوەو ئایین بایی ئەوەندە قورساییان لەسەر نەستی ئێمە ھەبووە، کە لە رەفتارو تەنانەت بیرکردنەوەشماندا، رەنگدانەوەی ھەبێ.
لێرە ئەمەوێ ئەوە بڵێم، ھەریەکە لە ئایین و نەتەوە، وەک دوو ناسنامەی نا ئایدۆلۆژی، نەک ھەر جێگەی ھیچ ئیشکالیەتێک نین، بگرە پابەند بوون بە بەھاکانیانەوە، پێویستیەکی مرۆیی و روحی ویژدانین.
بەڵام کێشەی جەوھەری پەیوەست بە ئایین و نەتەوە لەوێوە دەستپێدەکا، کە کۆمەڵێک لە ژێر چەتری حزبی نەتەوەیی و حزبی ئیسلامی خۆیان کردووە بە پاسەوانی کوردایەتی و دینداری.
بەشێوەیەکی گشتی ئەتوانین بڵێیین، بیری نەتەوەیی لە ناوچەی ئێمە وەک کوردستان، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتای سەدەی بیستەم سەریھەڵدا، واتە پاش جەنگی جیھانی یەکەم و سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی نەخشەی نوێی جیھانی لە نێوان براوەکانی جەنگ، بەتایبەتی ھەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستکردنی چەندین دەوڵەتی عەرەبی و مانەوەی دەوڵەتێک لە پاشماوەی ئەم ئیمپراتۆریەتە، بەناوی دەوڵەتی تورکیا.
بیری نەتەوەیی کوردیش ھەر بەرئەنجامی ئەم گۆڕانکاریانە بوو، تەنانەت پەرچەکردارێک بوو بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی لە ئەنجامی جەنگی جیھانی یەکەمەوە ھاتنە ئاراوە، بەجۆرێک وا لێکدرایەوە، گەر تورک خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێ و عەرەب و فارسیش بەھەمانشێوە، ئەی کورد چی لەو نەتەوانە کەمترە، کە نەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی.
ھەرواشبوو بۆ یەکەم جارو پاش جەنگی جیھانی یەکەم، لە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی بەناوی پەیماننامەی سیڤەر (١٠ ی ئابی ١٩٢٠)، دان بەمافە نەتەوەییەکانی گەلی کورددانرا، بەتایبەت ناوچە کورد نشینەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیمپرا تۆریەتی عوسمانی، بەڵام ھێندەی پێنەچوو ئەم پەیماننامەیەو بەڵێنی زلھێزەکانی ئەوکات بەپێی پەیماننامەی لۆزان (٢٤ ی تەمموزی ١٩٢٣)لە گۆڕنران.
ئێمە لێرەدا قسەمان لەسەر فاکتەرە دەرەکیەکان نیە، لە بینینی رۆڵی باش یا خراپ، لە پرسە نەتەوەییەکانی پەیوەست بە کورد، بەڵکو ئەمانەوێت لەو رەھەندە نێوخۆییە بدوێن کە خۆی لەو بزوتنەوە بەناو رزگاریخوازانەدا دەبینێتەوە، کە بەناوی بەرگری لەمافە نەتەوەییەکانی کورد بەدرێژایی سەدەی رابردوو تا ئەمڕۆ خۆیان ناساندووە.
زیادە رۆیی نیە گەر بڵێم بەدرێژایی ئەو مێژووە، ئەو حزبانەی لە ژێر چەتری کوردایەتی زیانیان بە پرسە راستەقینەکانی نەتەوەی کورد گەیاندووە، ھەر ھێندەش نەیارو دوژمنەکانی کورد، ئامانج و خەونەکانی ئەم میللەتەی لە گۆڕناوە!.
گەر نەیارەکانی لە رێگەی بەکارھێنانی ھێزی سەربازی و پاکتاوی نەژادی و سەرکوتکردنی کلتوری و مرۆیی ئەمەیان ئەنجامدابێ، ئەوا حزبە کوردیەکان لە رێگەی پێشکەشکردنی نموونەیەکی ناشرینی حوکمرانی خۆماڵی ئەمەیان ئەنجامداوە، جا چ ئەو حوکمڕانیە حوکمڕانی قەڵەمڕەوییەکی بەرتەسکەبووبێ لەسەردەمی شاخ ، یا ئەم حکومڕانیەی کە لە پاش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ەوە ھەرێمی کوردستانی پێوە بەڕێوەئەبەن، لەسەردەمێکدا تاکی کوردی گۆرەوی پوزەوانەو ناوی پێشمەرگەی کردبۆوە سیمبولی کوردبوون و ھەستانەوەو بەرخۆدان، کە دەسەڵات و حوکمی ئەم ھێزانەی تاقی نەکردبۆوە، بەڵام ئەوەتا ئێستا تەنانەت ئاڵاو دەسەڵاتی کوردی و موقاوەمەتیش بەدرۆیەکی گەورەی حزبە نەتەوەییەکان ئەبینێ بۆ مانەوەی خۆیان.
حزبە ئیسلامیەکانیش بەھەمانشێوە، لەگەڵ سەرھەڵدانیان و دەستکردنیان بەکاری سیاسی، ئەتوانین بڵێیین، گەورەترین نسکۆیان بەسەر خودی ئیسلامدا ھێنا، ھەمووشی بەھۆی ئەوەی سەرجەم ئەو بەھا باڵایانەی کە لەم ئایینەدا ھاتوون و ئەمان خۆیانی بە پاسەوان ئەزانن، لەگەڵ ئەداو سلوکی سیاسی و تەنانەت کۆمەڵایەتیشیان نایەتەوە، وەک ئەڵێن ئەمان لە دۆڵێک و ئیسلامیش بۆخۆی لە دۆڵێکی تر.
ھەر بۆ نموونە کاتێک ئەبینی ئیسلام داوای یەکڕیزی موسوڵمانان و یەکگرتووییان ئەکا و گەر جیاوازییەکیش ھەبێ ئەبێ ببێ بەرەحمەت بۆیان نەک نەعلەت ، بەڵام ئەم ھێزە ئیسلامیانە نەک ھەر نەبوونە یەکریزی موسوڵمانان، بگرە بە دروستبوونیان رۆژ لە دوای رۆژ کەلێنی نێوان موسوڵمانانیان زیاد کرد، جیاوازیەکانیان نەک نەبۆتە رەحمەت بۆ ئیمانداران، بەڵکو زۆر جار بە تەکفیرکردنی یەکدی و حەلاڵکردنی خوێنی یەکتر گوزارشتی لێوەکراوە، لەو شوێنەش نەگەیشتبێتە ئەم ئاستە لە توندرەوی ئەوە بۆ باشی و چاکی ھێز ئیسلامیەکان ناگەرێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ھێشتا ئەمانە مومارەسەی دەسەڵاتیان نەکردووە، وەک حزبێکی باڵا دەست، ئەگەرنا لەمێژبوو لەو حزبانەیان خراپتر بە یەکدی کردبوو کە لە ژێر ناوی کوردایەتی و بەدیھێنانی مافە رەواکانی خۆیانناساندووە!.