لە ڕووی یاساییەوە تاوان و توخمەکانی تاوان بەسەر چوار جۆری سەرەکی دابەشکراون و پایەکانی تاوانیش بە سەر سێ پایەی بنەڕەتی دابەشکراون ، ئەمە لێدەگەرێن بۆ یاساناسان و کۆمەڵناسان ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە زۆر جار ناکۆکی نێوان ئینسانەکان هۆکاری زۆر سادەن و بەڵام کەڵەکەبوونی ناکۆکییەکان و نەبوونی لێبوردەیی و دیدێکی تەندروست لەکاتی خۆیدا کارەساتی ناخهەژێنی لێ دەکەوێتەوە ، بەراورد بە کۆی دیاردەکانی تری کوشتن لە چەند ساڵی ڕابردوو دا لە هەرێمی کوردستان ، ئەم دوو کوشتنەی دوای لەم مانگی پیرۆزی رەمەزاندا مەبەستم ( قەتڵوعامەکەی دکتۆر سیروان مەحمود لە هەولێر لەگەڵ ماڵە خەزورانی و کۆمەڵکوژییەکەی گوندی گریزە لە شاری سلێمانی لەلایەن کەسێک بەناوی بەشیر سالار ) ڕێچکەیەکی تری کوشتن و تاوانی بەکۆمەڵە کە هەرەسی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا هێناوەو کۆمەڵگا بەرەو داڕمان دەبات .
لە دیدی منەوە قۆناغێکی نوێ لە کوشتن و قەتڵوعامی بە کۆمەڵ خولقاوە کە کۆمەڵگای کوردی بەرەو جۆرێک لە هەرەسی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی دەبات ، کوشتن و قەتڵوعامی خێزانەکان لە بۆشاییەوە دروست نەبووە و کاتیک ئەخلاق هەرەس دەهێنێت ، مرۆڤ پێویستی بە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەیە کە هەرەسی ئەخلاقی دروستی کردووە ، ئەم داڕمانە ئەخلاقیە بوعدێکی سیاسی هەیە و لە شەقوەشاندن لە مامۆستایانەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە برۆتاشینی رۆژنامەنوسان و سەرتاشینی هونەرمەندان کوشتنی خەلک لەسەر فول لایت و سوتاندنی ڕیشی مامۆستایانی ئاینی و هەڵکوتانە سەرماڵان ، دەستپێکی شەقوشاندن لە مامۆستایان ئامانجێکی سیاسی لە پشتەوە بوو کە پیشەی مامۆستا و پایەو مەقامی پەروەردە لە دیدی گشتی دا بێبایەخ بکەن ، لەپاڵ ئەوەی لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بینرا لەناو هۆڵەکانی خویندن و بەتایبەت لە فرۆشتن و زانینی پرسیارەكانی قۆناغەكانی نۆیەم و دوانزیەم ، لەتاقیكردنەوەی نیشتمانیدا، بەجۆرێك ڕەنگدانەوەی خراپی هەبوو لەناو خوێندكاران و كۆمەڵگەشدا، هەیبەت و ناوی پرۆسەی پەروەردەو فێربوونی بۆئاستێكی زۆر خراپ دابەزاندووە .
دواتر خۆشترین جێگە بۆ مرۆڤ باوەشی دایک و پشتیوانی باوک و هەبوونی خێزانە ، ئاخر کۆڵەکەی ڕاگرتنی خیزان لە سەر شانی باوک و خەمخۆری دایک ڕاوەستاوە و خێزانیش دێرینترین دامەزراوەی کۆمەڵگایە کە کاریگەری لەسەر یەکە کۆمەڵایەتیەکان هەیە ، داڕمانی خێزان دەستپێکی داڕمانی کۆمەلگایە ، دروستبوونی هەر کەلێنێک لە نێوان ئەندامانی خێزان ئەوا وردە وردە ئەو خێزانە لەبەر یەک هەلدەوەشیتەوە و ئیدی هەڵهاتن لە بەرپرسیارەتی دروست دەبێت ، دایک و باوکیش پێویستە بەر لە پەروەردەکردنی منداڵەکانیان لە پەروەردەکردنی خۆیانەوە دەست پێ بکەن چونکە چارەنوسی منداڵەکان لەسەر رەفتاری دایک و باوک ڕاوەستاوە ، هیچ خێزانێک یان تاکێک ناتوانێت بەبێ خۆ پەروەردەکردن خۆی ڕابهێنێ لەگەڵ خۆگونجاندن لە ڕووداو پێشهاتەکان .
مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتی پەروەردەییە و دەبێ بەردەوام لە ڕێگەی دیدێکی ڕەخنەگرانەوە خۆی پەروەردە بکاتەوە ، سیستەمی پەروەردەیش کاتێک سیستەمە کە بناغەو ڕێگا خۆش بکات بۆ دیدێکی تەندروستی ڕەخنەگرانە و پەروەردەی ڕاستەقینە وێڵی ئازادییە نەک کۆنترۆڵکردنی مرۆڤەکان ، ئۆگست کۆنت قسەهەکی جوانی هەیە کە دەڵێت : مرۆڤایەتی پێش هەر شۆڕشیکی سیاسی پێویستی بە شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی - فیکری هەیە . لە دیدی منەوە ئەو ستەمکارییەی کە ئیستا قۆناغێکی نوێ لە کوشتنی بە کۆمەڵ لەناو خیزانەکاندا لێ کەوتووەتەوە بەرهەمی ئەو سیستەمە سیاسییەیە کە کار لەسەر تێکشکاندنی ئینسانی کورد دەکات .