کۆنگرەی مەولانا و ئەو ڕەخنانەی گیران

هەڵکەوت حەکیم
  2025-03-10     398

پرۆفیسۆری موتەمەڕس لە زانکۆی پاریس         

 

یادی کۆنگرەی مەولانا خالید (10-12/3/2023)

 

نووسین وەکو قەرز وایە، کورد وتەنی: " کۆن ئەبێ بەڵام لە بیر ناچێ".

لە ساڵی 2011 لە پاریس کاک فاروقی مەلا مستەفا وەکو خەوێکی کۆن باسی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی زانستی و فراوانی لەسەر مەولانا خالید دەکرد. مەولانا لە ساڵی 1979ە بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکانم. لە پایزی 1983 دکتۆراکەم لەسەر ئەو لە سۆربۆن تەواو کرد. لە 2022 هاتمەوە بۆ کوردستان بۆ بەشداری کردن لە هێنانە دیی ئەو خەوە.

لەبەر ئەوەی ماوەیەکە لە ڕۆژاوام و ئاگادارم چی دەکرێ لەسەر مەولانا، پێشنیارم کرد ئەرکی داوەتکردنی توێژەران لە ئەوروپا و ئەمریکا و تورکیا و ئامادەکردنی نووسینەکانیان بگرمە ئەستۆ. د. ڕەئوف عوسمانیش کە بەڕێوەبەری ناوەندی د. عیزەدینە داوەتی بەشدارانی کوردستان وعیراقی کرد.

لە ڕۆژانی 10-12ی مانگی ئازاری 2023، بە سەرپەرشتی و سپۆنسەری کاک فاروق لە سلێمانی کۆنگرە بە ڕێوە چوو. چل و چوار نووسەر و توێژەر و پرۆفیسۆری زانکۆ، چ بە نووسین، چ بە هاتن و خوێندنەوەی وتار بەشدار بوون (دوانیان کۆچی دواییان کردبوو).

ڕۆژی سێیەم یانزە کتێب لە نووسین و وەرگێڕان و چاپکردنەوە دەربارەی مەولانا و نەقشی دابەش کران بەسەر ئامادەبواندا. کەموکوڕیی نۆ کتێبیان دەگەڕێتەوە بۆ من. ژمارە 8 کاک ڕەئووف عوسمان بڵاوی کردەوە و ژمارە 10ش بەرهەمی کاک کاروان عوسمان خەیاتە (ڕێبین). هەروا کەموکوڕیی کتێبی سەرجەمی وتارەکانی کۆنگرە (2024) و کتێبی ژمارە 12، (2025)، دەکەونە ئەستۆی من.

زۆر شت نووسرا و وترا. مێژوو لە لایەک و بەرهەمەکانی کۆنگرە لە لایەکی ترەوە حوکمی خۆیان دەدەن. ئێستا کە ئەرکی من تەواو بوو، کاتی ئەوە هاتووە چەند تێبینیەک بنووسم لەسەر ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی کۆنگرە کران کە دەکرێ لە سێ خاڵدا کۆیان بکەینەوە. 

 

ڕەخنە لە میدیاکاندا

 کۆمەڵێ دەنگ بەرز بووەوە، بەتایبەتی دژی باسکردنی هەوڵدانی کوشتنی مەولانا لە لایەن شێخ مارفی نۆدێوە. باسکردنی ئەم مەسەلەیە بە تەشهیر، ناڕاست، گەورەکردنەوەی ڕووداوی بچووک، زەرەردان لە تەبایی و مەسەلەی کورد و چەند شتێکی تر لەم بابەتانە درایە قەڵەم. بنەماڵەی شێخ مەحموود نووسیبووی کە "ئەوەی لە کۆنفراسی مەولانا خالید ڕوویدا تەشهیر و درۆ و بوختان بوو بە شێخ مارفی نۆدێ و کاک ئەحمەدی شێخ". هەروا بەیانێک بە هەمان مانا بڵاوکرایەوە. زۆریشی نەخایاند لە زانکۆی سلێمانی کۆنفرانسێک ڕێکخرا لەسەر شێخ مارفی نۆدێ. هەموو بابەتێک لە تەوەرەکانی هەبوو، مەولانا و "تحریر الخطاب"ەکەی شێ مارف نەبێ، کە هەر تەنیا مردنی کوڕە گەورەکەی شێ مارف لەم دوو مەسەلەیە زیاتر کاری لە ژیان و دەروون و بیر و تەندروستیی کردووە.

وترا، كێشەیەک هەبووە، بەڵام زۆر بچووک  بووە و دواییش مەولانا لە شێخ مارف خۆش بووە و ئاشت بوونەتەوە و ئاو بێنە و دەست بشۆ! 

جگە لەوانەش چەند تیر و توانجێکی شەخسی هاوێژران کە باسکردنیان هیچ سوودێک ناگەیەنێ بە گفتوگۆی فکری.

ئەم کاردانەوە و نووسین و قسانە دوو شت دێننەوە یاد.

یەکەم : پێش ئەو کۆنگرەیە بە ماوەیەک کاک عارف تەیفور لە چاوپێکەوتنێکی پەنجەمۆردا دەڵێ : شێخ ئەحمەدی سەرداری باپیریان ئامۆزای شێخ مارف بوو. شێخ مارف داوای لێ کردووە بچێ مەولانا بکوژێ. ئەویش جاری یەکەم دەچێ و بۆی ناکرێ. جاری دووەم، پاش نوێژ و خوتبەی جومعە، مەولانا دێتە دەرەوە و بەرەو ڕووی شێخ ئەحمەدی سەردار دەڕوا و پێی دەڵێ شێخ ئەحمەد، بۆ دەتەوێ بمکوژی؟ شێخ ئەحمەدیش گوێی لە وتاری مەولانا بووە و تێگەیشتووە کە ئەم ئینسانە زانایە و کافر نیە، وەک باسیان بۆ کردووە و شایەنی کوشتن نیە، وەک داوای لێ کراوە بیکوژێ. شێخ ئەحمەدی دەکەوێتە سەر دەستی مەولانا و دەبێ بە مەریدی. لەو ڕۆژەوە خانەوادەی لە قادرییەوە دەبێ بە نەقشی...

دووەم : لە ژمارە 219ەی 30/3/2009ی ڕۆژنامەی چاودێر، لە مانشێتی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ مامۆستا جەعفەر، نووسراوە : (هەوڵی کوشتنی مەولانا خالید یەکێکە لە هەوڵە تیرۆریستەکان و کۆنترین هەوڵی تیرۆریستیە کە لەم وڵاتەدا بیستبێتمان). ئەم قسەیە چەند ڕۆژێ پێش دیداری جیهانی مەولانا بڵاو کراوەتەوە و دیداریش بە سەرپەرشتی مام جەلال بوو...

لەوە ناچێ کە بەرامبەر قسەکانی کاک عارف تەیفور و مامۆستا جەعفەر، هیچ دەنگێ بەرز بووبێتەوە و باسکردنی مەسەلەکەی بە "تەشهیر و درۆ و بوختان" لە قەڵەم دابێ! لە ساڵی 2009یش ئەنتەرنێت پەیدا بووبوو!

 

عەتا قەرەداغی و حوکمی پەلە

لە 11/3/2023، واتە لە ڕۆژی دووەمی کۆنگرە، کاک عەتا قەرەداغی وتارێکی لە ڕۆژنامەی ئاوێنە بڵاوکردەوە بە ناوی "نامەیەک لە مەولاناوە بۆ بورژوای نیشتمانی فاروقی مەلا مستەفا"، بێ ئەوەی ئامادە بووبێ لە کۆنگرە یان بەرهەمەکانی دیبێ!

دیارە دوو شت پاڵی پێوە ناوە ئەو وتارە بنووسێ : بانگ نەکردنی بۆ وتار خوێندنەوە و نەبوونی بۆچوونەکانی لەناو وتارەکان. یەکەمیان برینێکی دەروونی دروست دەکا و دووەم تووڕەیی و هەست کردن بە ناهەقیەکی فیکری. لە هەردوکیان عەتا قەرەداغی هەقی خۆیەتی. ئامانجی كۆنگرەی زانستی و فراوان کۆکردنەوەی پسپۆڕ و توێژەرانە، بۆ ئەوەی یەکتری ببینن، کاری خۆیان پیشان بدەن، باسی لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن و کەلێنی زانیاری خۆیان پڕبکەنەوە.

عەتا قەرەداغی خۆی ماندوو کردووە لەسەر مەولانا. نووسین و بۆچوونێکی هەیە لەسەر مەسەلەی مەولانا. هاوبیری بین یان نە، بە ڕاستی بزانین یان بە هەڵە. نەتەوەخواز و لایەنگرانی تیۆری ململانیی چینایەتی بۆ لای خۆی ڕادەکێشێ. لە هەمان کاتدا لایەنگرانی ئایین و سۆفی و دەروێشی زاهیدیش دژی دەوەستن. مێژوونووسانیش بە گومانەوە تەماشای ئەو بۆچوونانە دەکەن کە پێوانەی شیکردنەوەی ئەمڕۆ دەسەپێنن بەسەر کۆمەڵگای ڕابوردوو. بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەم سێ هەڵوێستە لەگەڵ بۆچوونەکەی عەتا قەرەداغی گفتوگۆکانی کۆنگرەی گەرمتر و خۆشتر دەکرد.

کە لە ڕەئوف عوسمان پرسیار کرا ئایا عەتا قەرەداغیت داوەت کردبوو؟ وتی: "داوام لێ کرد پانێڵێک ببا بە ڕێوە وەڵامی نەدایەوە". ئەم وەڵامەی ڕەئوف عوسمان مانای ئەوەیە کە عەتا قەرەداغی بە شایەنی وتارخوێندنەوە نازانێ. باشە.

کە لە خۆمان دەپرسین ئەی بۆچی کاک عەبدوڵڵا قەرەداغی، نووسەری وتاری مەولانا و دەوڵەت بۆ کۆنگرەی هەقە لە زانکۆی کۆیە و شارەزای تەسەوفی داوەت نەکردووە؟ بەم پرسیارە وەڵامەکەی ڕەئوف عوسمان جێلەق دەبێ.

پاش ئەوە، کە لە خۆمان دەپرسین ئەی داوەت نەکردنی کاک سەردار عەبدوڵڵا، نووسەری کتێبی دوو سەفەر لە کۆردستانەوە بۆ هندستان بۆ دۆزینەوەی شوێنی مەولانا لەو وڵاتە، داوەت نەکردنی سەرەڕای داواکردنی کاک محەمەدی حەمەباقی لە ڕەئوف خۆی و پێشنیاری منیش؟ سەردار عەبدوڵڵا دەیتوانی کەلێنێک پڕ بکاتەوە بە پیشاندانی وێنە و باسکردنی ئەو شوێنەی مەولانا تەریقەتی تیادا وەرگرتووە و ساڵێک لە خەڵوەتدا تیادا ژیاوە و هیچ کوردێک نەیدیوە!

پاش پرسیاری سێیەم، بەتەواوی گومان دەمانگرێ لە وەڵامەکەی ڕەئوف عوسمان. دەبێ لەبەر چی ئەم سێ نووسەر و تويژەرانەی داوەت نەکردوە لە کاتێکدا کەسی وای بانگ کردبوو بۆ وتار خوێندنەوە کە یەک لاپەڕەیان لەسەر مەولانا نەنووسیبوو؟ خۆشی لەپێش هەموویانەوە!

بەهەرحاڵ عەتا قەرەداغی لە تەوژمی ئەو دوو برینە ناهەقانە هەستا بە پەلە دوو بێتاوانی تاوانبار کرد و داخی دڵی خۆی بەوان ڕشت. هاتنی عەتا بەسوود دەبوو بۆ خۆی بۆ ئامەدەبوان. لەو بڕوایەشدام دەبووە هۆی نامەیەک لە مەولاناوە هەر بە قەڵەمی عەتا قەرەداغی کە تیایدا هیچ گومانی لە خزمایەتی مەولانا و فاروقی مەلا مستەفا نەدەکرد! هەروا تێدەگەیشت کە مەولانا لە ماوەی چل ساڵدا بابەتێک و زەمینەیەکی لێکۆڵینەوەی من بووە لە فەرەنسا، نەک مایەی ژیان و وەزیفە.

ئەمجار با بە کورتی بێینەوە سەر تیۆری و بۆچوونی کاک عەتا قەرەداغی کە "ڕەخنەی توندی" گرتووە لە مەولانا چونکو سەنگەری دژ بە قادری و تاڵەبانی و بەرزنجی و حکوومەتی بابان بەچێ هێشتووە.

ئەم ڕەخنەیە پرسیارێک دێنێتە پێشەوە : ئەگەر مەولانا بە قسەی عەتای بکردبایە، کێی لەگەڵ دەمایەوە لەناو سەنگەر بەرامبەر ئەو چوار هێزە؟ "چینی خوارەوەی کۆمەڵگا"؟ وەک دەڵێ. ئەم چینە بەڵگەی کۆنکرێتی دەوێ نەک قسە، بیسەلمێنێ هەبوە لەناو پانزە هەزار دانیشتووی سلێمانیدا، بەو شێوەیەی عەتا قەرەداغی دەیبینێ، لە سەردەمێکدا کە لە ئەوروپای پێشەسازی تازە خەریک بوو پەرەی دەسەند و تیۆریی ململانیی چینایەتیش دەیان ساڵی تری ویست تا دەرکەوت.

جگە لەو چینەی عەتا قەرەداغی ئاگامان لە هەڵویستی شێخ عوسمانی سیراجەدینی دەستی ڕاستی مەولانایە کە  لەگەڵ سەنگەر گرتندا نەبووە. سەرباری ئەوە هەمووی، یەک بەڵگەمان بە دەستەوە نیە بیسەلمێنێ کە عەشرەتەکەی دەچووە سەنگەرەوە لەگەڵیا.

تێگەیشتنی پرەنسیپی نەقشیش بۆ جەماوەری زەحمەتکێش و پرۆلیتاریا قەت ئاسان نیە و نەبوە. ئەوان ناتوانن لە ئیشکردنیشدا خەریکی زیکر بن وەک (خلوت در انجمن) داوا لە مورید دەکا. نەقشی تەریقەتی ئەهلی فکر و چینی ناوەڕاست و سەرەوەی کۆمەڵە. لایەنگرانی مەولانا لە سلێمانی ئەهلی فکر بوون، لە کاتێکدا کە قادری لە زووەوە بەشی زۆری زەمینەی فکری لەدەست دابوو. خەڵکەکەی تریش لە شەڕ و بەڵای ئێران و میرانی بابان و جەختی بەرزنجی و قادریەکان ڕایان دەکرد بۆ لای مەولانا، نەک بۆ شۆڕش و سەنگەر گرتن، بەڵکو بۆ حەسانەوەی مێشک کە زیکری نەقشی دەرمانێکی چالاک بووە لەو بوارەدا. بە پێچەوانەی زیکری قادری کە نەرم نەبووە لەگەڵ لەشی ئینسان. ئەگەر عەتا قەرەداغی لەو کۆنگرەیە بوایە دەیبینی کە ڕەخنەی تر هەبوون و ئاراستەی مەولانا کران.

 

د. ئاراس و هەوڵی تیرۆری مەولانا

دکتۆر ئاراس محەمەد ساڵح لە ڕۆژنامەی کۆردستانی نوێدا، ڕۆژی 16/3/2023، پرسیارێ دەکا : "ئایا هەوڵی‌ تیرۆركردنی‌ مەولانا خالیدی‌ نەقشبەندی‌ دراوە؟". لە وتارەکەیدا هەوڵ دەدا وەڵام بداتەوە کە ڕووی نەداوە. بە بۆچوونی ئەو، سەرچاوەی ئەو خەبەرە موریدێکی نەقشی بووە کە بۆ ئێدمۆدزی گێڕاوەتەوە. دەپرسێ ئایا ئەو موریدە شارەزای مێژوو بووە؟ ئایا کەسێکی درۆزن نەبووە؟

ئەو موریدە تاقە کەسێک نەبووە کە لەم دوو سەد ساڵەی دواییدا باسی ئەو هەوڵدانەی کردبێ. سەدان مورید و کەسانی دوور لە نەقشی و قادری و بگرە دژی هەردوولاش ئەو باسەیان گێڕاوەتەوە، هەریەکەو بە وشەی خۆی و بە پێی خەیاڵی خۆی. ئەو کەسانە ناویان "بیرەوەری خەڵک"ە. نە درۆزنن، نە شارەزای مێژوو. لەناو کوردیشدا بە دەگمەن فێری نووسین و خوێندنەوە دەبوون، هەرچەندە دەیان جۆری گێڕانەوەیان هەبوە، بەڵام هەمان ڕووداویان باس کردووە، ئەویش هەوڵدانی کوشتنی مەولانا بووە لە لایەن شێ مارفی نۆدێوە.

کاک ئاراس دەنووسێ کە پێش ئێدمۆندز هیچ سەرچاوەیەکی نووسراو، لە دوور و نزیکەوە، باسی هەوڵدانی کۆشتنی مەولانای نەکردووە. بۆ چەسپاندنی ئەم ڕایەش ناوی کتێبەکەی ابراهیم فصیع الحیدري (1820-1881) دێنێ: "المجد التالد في مناقب مولانا خالد". دەڵێ ئەم کتێبە یەکێکە (لە باشترین سەرچاوەکان بۆ مێژووی‌ ئەو رۆژگارەی‌ زانایانی‌ کوردستان و خودی‌ مەولانا خالید). نازانم ئەو چاپەی پەنای بۆ بردووە چی تێدایە و چی لێ لابراوە! بەڵام چاپی یەکەمی کە لە ساڵی 1875، لە ژیانی نووسەردا، لە ئەستەمووڵ چاپ کراوە، بە زمانی باوکی نووسەر خۆیەوە کە لە پێشدا قادری بووە، بەم شێوەیە باسی یەکێ لە هەوڵدانەکانی کوشتنی مەولانا دەکا : (کنت في خدمة مولانا خالد في السلیمانیة. فصممت الجماعة البرزنجیة الذین هم اکابر بلدة السلیمانیة واصحابهم وتابعیهم، بحیث بلغوا مقدار مائتي رجل، علی قتل مولانا خالد. وکان ر‌ایهم ان یقفوا بالسلاح یوم الجمعة خارج باب المسجد. فاذا خرج قتلوە اربا اربا... فلما خلا المسجد ولم یبق فیە احد، خرج الشیخ والتفت الی صفوف الأعداء بعین الجلال، فمنهم من هرب، ومنهم من سقط ومنهم من صاح وانجذب. ومشی الشیخ ومشینا خلفە حتی وصلنا الی زاویتنا من غیر ان یتعرض بنا أحد، لا بالفعل ولا باللسان.)

هەروا بە لای کاک ئاراسەوە سەیرە کە (لە سلێمانیدا دەسەڵاتی‌ بابانەکان و قازی‌ و دادگا هەبووە، بۆچی‌ کەسێک لەو تاوانەی‌ نەپرسیوەتەوە؟). پێش هەموو شتێک، ئایا هەوڵدان، یان نیەتی هەوڵدان بە تاوان دەژمێردرێن و پرسینەوەیان لەسەر دەکرێ؟ ئەمجار، کێ دەتوانێ بڵێ لێکۆڵینەوە و پرسینەوە نەکراوە؟ ئایا هیچ نووسینێکی پرسینەوەی تری ئەو سەردەمەمان بۆ ماوەتەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە و پرسیاری ترمان لا نیە هەتا ئێستا. بەڵام ئەوەی هەمانە ڕای قازی سلێمانیی ئەو سەردەمەیە، عەلی بەرزنجی و جێگرەکەی مەلا عەبدولقادر، دەربارەی کێشەی مەولانا و نۆدێ. دەڵێن :

(... لکن الشیخ معروف لما کان قبل ظهور مولانا قدس سره معروفا بالمشیخة بین الناس، ویظهر بعض دواعي ادعاء الباطن بالحیل والتمویه والالتباس، ثم بعد ظهور ارشاد مولانا خالد ‌آل امرە الی الکساد، وما قلدە احد من اهل السداد، اذ ما کان عندە في الحقیقة باطن...). قازی و جێگرەکەی لەم دوا ڕستەیەدا دەڵێن کە شێخ مارف شارەزایی نەبووە لە تەسەوفدا. 

ئەم حوکمەی قازی سلێمانی بێ پرسینەوە و پشکنین نەبووە. شانزە زانای سلێمانی، لەوانە پێنج ئامۆزای شێ مارف خۆی و پێنج شێخی بەرزنجی، ئیمزای ئەو حوکمەیان کردوودە. ئایا کەس دەتوانێ بە قازی سلێمانی و جێگرەکەی و ئەوانی تر بڵێ کە ئەوەی نووسیویانە "تەشهیر و درۆ و بوختانە"؟  ئەو زانایانە شێخ مارفیان لە نزیکەوە ناسیوە، بەرامبەری قسەیان کردووە نەک دووسەد ساڵ پاش مردنی!

بە کورتی، قسە هەزارە و دوانی بەکارە. گەورەترین خزمەتی شێخ مارفی نۆدێ، بۆ وێنەی خۆی و سوودی زانست و مێژوو، بڵاوکردنەوەی "تحریر الخطاب"ەکەیەتی. بەو شێوەیە ئەو ڕزگار دەکەن لە تەوق و بەڵای گومانی فکری و زانستی. بەو کارەش خۆیان و نەوەی داهاتووشیان ڕزگار دەکەن لە دڵەڕاوکێی شاردنەوە و بیانوو هێنانەوە کە بەرگەی بیرکردنەوەی نیو سەعات ناگرن، لەسەر سەنگی مەحەکی شیکردنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×