ئیڤۆلیوشنی کتێب

نەوزاد بەندی
  2025-04-14     164

هەڵبەت جاران، واتا پەنجا شەست ساڵ پێش ئێستا، خەڵک لە مەرکانەدا ئاوی ئەخواردەوە، لە زۆربەی ماڵ و بەردەم مزگەوت و شوێنە گشتییەکاندا مەرکانەیەک دانرا بوو ، جامێکی فافۆنی بە لاستیکێکی تا ڕادەیەک درێژەوە بەستراوی لەسەر دانرا بوو ، هەتا ئاوی پێ بخۆنەوە .. دوای ئەوە تەرمۆزەی ئاو پەیدا بوو ، مەرکانە نەما  ، ئینجا بە تێپەڕ بوونی ساڵان، ساردکەرەوەی ئاو هاتە ناو ناوانەوە، ئەمڕۆ خەڵک ئاوی فلتەر و دەبەی ئاوی سەرمۆر ئەخۆنەوە، ئەمە  ئیڤیۆلیوشنی ئاوخواردنەوەیە، واتا پێشکەوتنی هۆکارەکانی ئاو خواردنەوە ، ناکرێ بڵێین لەبەرئەوەی مەرکانە نەماوە، ئیتر‌ خەڵک ئاو  ناخۆنەوە، یان مادام تەرمۆزەی ئاو کەم بۆتەوە، کەواتە مرۆڤەکان تینوویانە و پێویستە بە زووترین کات کارخانەکان تەرمۆزە دروست بکەنەوە.

کارەبایش بە هەمان شێوە، قوتیلەی ڕۆن، قوتیلەی نەوت، چرای نەوت، لۆکز، گڵۆپی سەدیی زەرد، نیۆن، لید.. ئەمانە کۆمەڵێ قۆناغی پێشکەوتنی ڕوناککەرەوەن لە مرۆڤایەتیدا، شتێکی نائاساییە خەم دامانبگرێ لەوەی خەڵکەکە وازیان لە قوتیلە هێناوە ، ناتوانین بڵێین ئەو خەڵکە چۆن لە تاریکیدا ئەژین لە کاتێکدا لۆکزی غاز و نەوت به تەواوەتیی پشتگوێخراون. 

بە هەمان شێوە زۆرینەی ڕۆشنبیران ئێستا، ڕەخنە لە خەڵک ئەگرن کە بۆچی بڵاوکراوەی کاغەز ناخوێننەوە، بۆچی ماڵەکان کتێبخانەیان تێدا کەمبۆتەوە؟ بۆچی ڕۆشنبیران لە بازاڕەکاندا  کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاریان بە دەستەوە نییە؟ ئەم دۆخە بۆ ئەوە ئەگەڕێننەوە کە کۆمەڵگا بە لاڕێدا براوە و ڕۆشنبیریی پوکاوەتەوە و کتێب کارکەنار کراوە. ئەیگەڕێننەوە بۆ ئەوەی میللەت گەمژە بووە و سەرقاڵی  غەریزە جەستەییەکانێتی، هەندێکی تریان دۆخەکە بۆ دەسەڵاتداران ئەگەڕێننەوە کە بەهایان لە کتێب و ڕۆشنبیریی سەندۆتەوە و کاریان بە خەڵکی جاهیل و نەخوێندەوار ئەڕوات، ئەڵێن بۆیە کتێبی کاغەز‌ پەراوێز کەوتووە، چونکە دەفتەرە دۆلار جێگای گرتۆتەوە و دەسەڵاتداران بانگەشە بۆ نەخوێندەواریی و گەمژەیی دەکەن، بەڵام ئەوە باس ناکەن پێش دوو سەد ساڵ ڕۆمانێک دوو سێ هەزار لاپەڕە بوو، دوایی ئەوە ڕۆمانی نوێ بە دوو سەد لاپەڕەدا ئەنوسرا ، بۆ نمونە ڕۆمانی پیرەمێرد و زەریای ئێرنست هێمنگوای ناگاتە دووسەد لاپەڕە لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا خەڵاتی نۆبڵی بردەوە، لە کاتێکدا ڕۆماننوسە کۆنەکانی وەک مارسیل برۆست و هێرمان مەلڤیل و تۆڵستۆی ڕۆمانێکیان بە چەند هەزار لاپەڕە ئەنوسی ، ئێ هۆکارەکەی ئیڤۆلیوشن بوو له ووردەکاریی زۆر بۆ چڕبوونەوەی کورت.   جاران لە کوردستانی باشوردا یەک زانکۆ هەبوو، ئێستا سەدان زانکۆ و پەیمانگای میریی و پریڤەیت هەیە، جاران لە هەموو کوردستاندا یەک کەناڵیی تەلەفزیۆنی تایبەت بە سەرۆکی فەرماندە و چەند پەخشێکی ڕادیۆیی و چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک هەبوون کە زیاتر باسی سەرۆکی فەرماندەیان ئەکرد، ئێستا هەزارەها کەناڵی بینراو و بیستراو و نوسراو و پێگەی هونەریی و کولتووری و ڕۆشنبیریی ئەنتەرنێت هەیە، ئێ ئەمە ئیڤۆلیوشنە، پێویست ناکا بە شتێکی نامۆ تەماشای بکەین.

لە ڕاستیدا وەک چۆن ئاو لە مەرکانەوە ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ پەرداخی سەرمۆر و فلتەری تایبەت، بە هەمان شێوە بڵاوکراوەی سەرکاغەز، ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ سکرینی کۆمپیوتەر و پاد و مۆبایلی زیرەک، من سەدان قەڵەمی تایبەتم هەبوو، ئێستا هەموویان لە کار کەوتوون، چونکە قەڵەم ئیڤۆلیوشنی کرد بۆ کیبۆرد، ناکرێ مادام من بە قەڵەم نانووسم، بە خۆم بڵێم نەخوێندەوار، ناکرێ لەبەرئەوەی من کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز ناکڕم، گومان لە ڕۆشنبیریم بکرێ، چونکە من ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی یوتیوبەوە گوێ لە کتێب ئەگرم کە بە زمانێکی پاراو و خێرا بۆم ئەخوێنێتەوە، تەنانەت لە گەشته دوورەکانمدا ڕەنگە بڵێم گوێ لە چەند کتێبێک بگرم لە کاتێکدا پێش‌چل ساڵ لەو  ماوەیەدا پەنجا لاپەڕەی کاغەزم بۆ نەدەخوێنرایەوە.ئەو ڕۆمانانەی جاران لەبەردەم عەلادینە نەوتەکەدا بە چەندەها شەو دانەیەکیانم بۆ تەواو ئەکرا، ئەمڕۆ لە ڕێی کەناڵەکانی سینەماوە، بە بەرزترین کولێتی 4k و 8k لە چەند سەعاتێکدا تەماشایان ئەکەم.

40ساڵ پێش ئێستا، کاتێ خەڵکەکە سەرقاڵی کتێب و ڕۆژنامە و گۆڤاری کاغەز بوون، خەڵک لە کامێرا و سەر ستەیج ئەترسان، ڕەنگیان سوور ئەبۆوە و دەمیان تەتەڵەی ئەکرد و هەناسەیان سوار ئەبوو، یان ڕایاندەکرد وەک لە دڕندەیەک ڕابکەن، بەڵام ئەمڕۆ گەنجێک، مناڵێک، پیرێک لەبەردەم کامێرا و مایکی کەناڵەکاندا ئامادەیە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و ڕای خۆی دەردەبڕێ و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی دەگرێت، لە دۆزەکاندا قسەی هەیە.

کەواتە  هەڵەیەکی کوشندە ئەکەین کە ئیڤۆلیوشنی کاغەز بۆ کیبۆرد، کۆبوونەوەی کۆڕ و بۆنە ئەدەبییەکان، بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێگە ئەلیکترۆنییەکان، بە زەبری کاریگەر له ڕۆشنبیریی پێناسه بکەین. کەوتووینەتە کۆنەپەرستیی و نوستالیژیاوە ئەگەر ڕقمان لە کیبۆرد بێت و گۆرانیی بۆ کاغەز بڵێین، چونکە وەک چۆن عەرەبانەی تریشقە و دوو ئەسپیی ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ ئوتومبیلی کارەبایی ، بە هەمان شێوەیش قەڵەمی پارکەر و شیڤەر ئیڤۆلیوشنیان کرد بۆ کیبۆردی ئایفۆن و سامسۆنگ.

پێم سەیرە ڕۆشنبیرێک بڵێت ئێوە کتێبی کاغەزتان بەدەستەوە نییە، کەواتە ئێوە نەخوێندەوار و بەربادن، بڵێ مادام کتێبە کاغەزەکان تۆزیان لێ نیشتووە و فرۆشگاکانی کتێب دایدەخەن و لە جێیاندا فرۆشگای مۆبایل و کۆمپیوتەر دەکرێنەوە، کەواتە میللەت ڕێگای نەزانیی و گەمژەیی هەڵبژاردووە!! به پێچەوانەوە ئەو ئاوە پاکەی ئێستا ئەخورێتەوە زۆر لەو ئاوە بۆنخنکاوە قەوزەگرتووەی مەرکانەی جاران، پاکتر و سازگارتر و تەندروستترە، ئەمڕۆ خەڵک تێکڕایان ڕۆژانە دەیان لاپەڕه لەسەر ئەنتەرنێت ئەخوێننەوە، لە کاتێکدا جاران خوێندەواریی و ڕۆشنبیریی تایبەت بوو بە چینێک کە لە زانکۆوە دەستی پێدەکرد و ..لە دوای زانکۆ زۆرینەیان وازیان لە خوێندنەوە ئەهێنا و ئەیانووت ئیتر نۆرەی ژیانی کردارییە، واتا خوێندنەوە لەو سەردەمەدا، جۆرێ بوو لە ڕۆمانسیەت و خەون و خەیاڵ، وەک چۆن لە ئەوروپای کۆندا خوێندنەوەی  ڕۆمان و شانۆ، زیاتر هی چینی بۆرژوا و نۆبڵمان و وەجاخزادەکان بوو.

بەڵام ئەمڕۆ لە مامۆستایەکی مزگەوت، هەتا فرۆشگایەکی دەستگێڕ، تا نەخۆشێکی ناو قاوشەکانی خەستەخانە و باخەوانێک، ڕۆژانە لەسەر هێڵی ئەنتەرنێت بابەت ئەخوێننەوە و کومێنت ئەنووسن و ڕەخنە ئەگرن و باری سەرنجی خۆیان دەردەخەن.

هەندێک بە حەق و ناحەق کتێبی کاغەز ئەکڕن ( کە خۆم یەکێکم لەوانە  ) ماڵەکە بووە بە ژێر کتێبی کاغەزەوە، له کاتێکدا هێندەی لەو کتێبانەدا خوێندوومەتەوە، هەزاران هێندەم لە مۆبایلەکەمدا خوێندۆتەوە و نوسیوە.بە جۆرێک لە زۆرینەی ووڵاتاندا لە ڕێگای مۆبایل و کیبۆردەوە، شۆڕش بەرپا بووە، هەر لە ڕێی نوسینی ئەلیکترۆنییەوە، ئەمڕۆ گەندەڵکاران لە هەموو دنیادا دەدرێنە دادگا، لەوەیش زیاتر لە هەموو دنیادا، دیکتاتۆرەکان ڕیسوا و مەحکوم دەکرێن و لە هەر کوێ دەربکەون، بەر تووڕەیی و ڕق و گاڵتەجاڕیی و فیکەکێشانی خەڵکەکە ئەکەون، بە جۆرێک لەو کاتەوەی قەڵەم بووە بە کیبۆرد و کاغەز بووە بە سکرین، دەسەڵاتدارە گەندەڵ و مافیاکان بە دەگمەن دەردەکەون، زاریان چووەتە کلیلە و لە دەست ڕۆژنامەنووسان هەڵدێن و بە دزییەوە گەشت ئەکەن و هیچ کەسێ نازانێ لە کوێ ئەحەوێنەوە و ئەخەون،ووتەیەک بدەن هەزاران کۆمێنتی ڕەق و زبر دێن به گژیاندا، ئەمانە هەمووی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەمڕۆ هەموو کەسێ کەم و زۆر ئەخوێنێتەوە و ئەنوسێت و ڕەخنە ئەگرێت، به ئاگاداریی خۆی یان بە بێ ئاگاداریی خۆی، بووەتە ڕۆشنبیر.

به ڕاستی من پێکەنینم بە ڕۆشنبیرێک دێت بڵێت: (  من فەیسبوکم نییە، من ناچمە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، تۆڕی کۆمەڵایەتیی بووە بە جێگای جنێو و هەڕەشە و تێکچوونی خێزان، ئەنتەرنێت تەنها پارە و کاتی مرۆڤ ئەبات، بەها مرۆڤایەتییەکان و ڕێز و ئاستی خوێندەواریی بووە بە قۆچی قوربانیی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک ، ..... هتد )

لە کاتێکدا بێ ئاگایە یان خۆی لەوە نەبان دەکات کە لە هەموو سەردەمێکدا نووسەر و خوێنەری جنێوفرۆش و خۆفرۆش و خاکفرۆش هەبووە، ئێ ئەمڕۆ ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەموو کەسێ ئاگای لە هەجوەکانی شێخ ڕەزا و شوکری فەزڵی بێ، بە هەمان شێوە ئەو جنێوانەی کە جاران لە ماڵ و کۆڵانەکاندا بەرگوێمان ئەکەوتن، ئەمڕۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاومان ئەکەون، واتا تاوانەکە تاوانی ئەنتەرنێت و مۆبایلی زیرەک نییە، بەڵکو تاوانەکە هەر بووە، بەڵام ئەمڕۆ   ئیڤۆلیوشنی ڕاگەیاندن وایکردووە هەمووان ئاگایان لە ئاکار و ڕەفتار و گوفتاری یەکتر بێ، لە هەمان کاتدا گەڕان بە دوای دەرمانێکدا لە گوگڵدا، یان چۆنێتی بەکارهێنانی ئامێرێک، سیمفۆنییایەکی بیتهۆڤن و مۆزارت، تابلۆیەکی پیکاسۆ و سیزان، فیلمێکی شین کۆنری، ووتەیەکی سپێنۆزا، لێکدانەوەی فەرموودەی پێغەمبەران، مەزهەبەکان، کتێبه ئاسمانییەکان، ....دەریایەک زانیاریی کە تێکڕای کۆمەڵگا لە منداڵێکەوە هەتا پیرەمێردێک ئەیخوێننەوە و تاوتوی ئەکەن و ئاڵوگۆڕی دەکەن لە نێوان خۆیاندا، ئەوە خۆی لە خۆیدا گەورەترین کتێبخانەیە بە خۆڕایی و بە خێرایی گەشە بە زانیاریی و بیر و هزری تێکڕای مرۆڤەکان دەدات، هەر کەسێک بە پێی حەز و تایبەتمەندیی خۆی، ئەوەیش ئەو ئیڤۆلیوشنە سەرتاسەرییەی قەڵەم و کاغەزە، کە لە ئاستێکدا ناوەستێ و پاشان داهێنان و ئیڤۆلیوشنی تریشیان تێدا ڕوو دەدات، بەڵام پڕنسیپە سەرەکییەکان هەر هەمان پڕنسیپن:  پەخشی ڕۆشنبیریی و زانیاریین، تەنها تەکنیکەکانیان گۆڕاون .

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×