زیاتر لە چوارمانگ لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد تێئەپڕێت. جۆلانی و هێزە ئیسلامییەکەی تەحریری شام لە ئیدلیبەوە بانگ کرانە دیمشق و دەسەڵاتیان ڕادەست کرا. رووداوەکان ئەوەندە خێرا بوون کە جۆلانی و چەکدارەکانی تەنانەت دوای گرتنەدەستی دەسەڵات هێشتا رووداوکەیان وەک خەون ئەهاتە بەرچاو. تەحریری شام لە ماوەیەکی کورتدا، جلوبەرگی ئەشەکەوت و مێزەریان فڕێداو بە جلو بەرگی ئەمڕۆیی و کراوات لەمل و کاتژمێر لەدەست (بەڵام بەڕیشەوە)، هێنراننە بەرچاوی کامێراکان. چەپڵەیان بۆلێدرا و راگەیەندرا کە شۆڕش سەرکەوت و بەم کارە ئامانجی گەلانی سوریا وەدی هاتوو و هەموو شتێک تەواو بوو.
تورکیا وەک براوەو ئێرانیش وەک دۆڕاوی گۆڕەپانەکە چوێندران. بە جێی سێلڤی و خۆبادانی پاسدار قاسم سڵێمانی لەسەر بینا رووخاوەکانی حەلەب، ئەمجارە هاکان فیدان و ئیبراهیم کاڵن بەجوت لەسەر بەرزاییەکانی دیمشق لەگەڵ پیاوەکەیان، جۆلانی قاوەیان خواردەوە. بەڵام سەرەڕای روکەشی رووداوەکان، کێشەکانی سوریا وەک خۆی و بێچارەسەری مایەوەو کۆتایی نەهات. هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان جارێکی دیکە کەوتنەوەخۆ بۆ مسۆگەرکردنی بەش و پێگەی خۆیان لەسوریای دوای ئەسەد.
هێزەناوچەییەکان لە سوریا بەسەر پێنج بەرەدا دەبەش بوون.
١) قەتەر و تورکیا کە خۆیان وەک براوەی ئەم کێبڕکێیە پێناسە کردوە، وەک سەرکەوتووانی شەڕی ناوخۆیی سوریا هەر لە رۆژەکانی یەکەمدا لە شەقامەکانی دیمشق لەگەل جۆلانی سوڕانەوە.
٢) ئیمارات و عەرەبستان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆ لە سوریاو لاوازکردنی هێژموونی تورکیا و قەتەر، لەگەڵ جۆلانی و دارودەستەکەی کەوتنە وتووێژ و پشتیوانی کردن لە دەسەڵاتی نوێ لە دیمشق
٣) ئەردەن و میسر بەم دۆخە زۆر بێتاقەت بوون و دەسەڵاتی نوێی سورییان بە هەڕەشە لە دەسەڵاتی خۆ لێکدایەوە، بەتایبەت کە بەشێک لە رێبەری تەحریری شام شارۆمەندی میسرو ئەردەنین و لەو وڵاتانە داواکراوون. بۆیە هەتا ئێستا بە نیگرانییەوە چاودێری دۆخە ئەکەن
٤) ئێران تاڵاوێکی دیکەی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی خۆی لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەشتەوە و لە رۆژی یەکەمەوە بە بێدەنگی کەوتە خۆ رێکخستنەوەو ئامادەکاری بۆ دۆخی نوێ ئەویش لە رێگای تەیارکردنی و رێکخستنەوەی گروپە شێعەکان، عەلەوییەکان و پاشماوەکانی ئەسەد.
٥) ئیسراییل ئەم دۆخەی سوریای هەم بە دەرفەت و هەم بە مەترسی لەسەر خۆی، لێک دایەوە. مەترسی ئەوەی کە گروپێکی ئیسلامی هاوبیری حەمەاس دەسەڵاتی لە دیمشق گرتووەتەدەست و بووەتە هاوسێی و لەهەمان کاتدا دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسا کە سەدا هەشتای ئەو چەک و کەرەستەیەی کە ئەسەدی باوک و کوڕ پەنجا ساڵ کۆیان کردبووە، لە ماوەی هەفتەیەک دا لە ناو ببات. هەروا ئەم دۆخە نوێیە، کرانەوەیەک بوو بۆ بە ئەنجام گەیاندنی پلانی "رێڕەوی داوود" کە خەونی لەمێژینەی ئیسراییلە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وەک بەشی یەکەمی ئەم پلانە، سەربازەکانی ئیسراییل چوونە ناوەوەی هەتا ٢٠ کیلۆمیتری شاری دیمشق نەوەستان. لە هەمان کاتدا دەستیان کرد بە چالاککردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کورد و دروزەکانی سوریا.
زلهێزە جیهانییەکان بە تایبەت ئۆروپا، ئەمریکا و روسیاش دەستەوەستان نەوەستاون.
ولاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت بریتانیا بە تەمای ئەوە بوون کە بە ڕادەستکردنی دەسەڵات بۆ جۆلانی، باڵانسی دەسەڵات لە نێوان خۆیان و روسیا لە ناوچەکە بگۆڕن، ئەوەش بەو پێیەی کە دەسەڵاتی ئەسەدی نزیک لە روسیا کۆتایی هاتبوو. بۆیە رۆژئاواییەکان ئەیانویست لە زووترین کاتدا بنکە سەربازییەکانی روسیا لە رۆژئاوای سوریا هەڵپێچن و بۆ هەتاهەتایە روسەکان لە سوریا بنەبڕ بکەن و لەم رێگایەوە کێشە بۆ روسیا و پەیوەندییەکانی لە رێگای ئاوییەوە بۆ ولاتانی ئەفریقا دروست بکەن. بۆیە لە یەکەمین پەیوەندییەکان لەگەڵ جۆلانی، ئەڵمانیا و بریتانیا دەرکردنی روسەکانیان وەک یەکێک لە مەرجەکان بۆ وەلابردنی ئابڵۆقە لەسەر سوریا ناوبرد. بەڵام هەتا ئێستاش روسیا توانیویەتی بنکەی ئاسمانی و دەریاییەکانی خۆی لە سوریای دوای ئەسەد بهێڵێتەوەو بوونی روسەکان لەوێ هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتووە.
ئەمریکا سەرەڕای هەبوونی چەند بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی رۆژئاڤا، سیاسەتێکی ناڕوونی سەبارەت بە سوریا گرتووەتە بەر. ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئەگەر بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئیسراییلەوە نەبێت، گوێ بەدۆخی ئێستای سوریا نادات و بۆی گرنگ نییە کێ دەسەڵاتی لەو وڵاتە بەدەستەوەیە.
لە ئاستی ناوخۆش وەک چاوەڕوان ئەکرا، بواری بژێوی گەلانی سوریا خراپتر نەبووبێت، باشتر نەبووە. ئازادییە مەدەنییەکان پاشەکشەیان نەکردبێت باشتر نەبوون. ماف و ئازادییەکانی ژنان، کەمایەتییە ئایینی یەکان لەوپەڕی خراپیدایە. دەسەڵاتدارانی نوێ لە هەوڵی ئەوەدان کە دەسەڵاتیان بەسەر هەموو بەشەکانی سوریادا بسەپێنن، بۆیە هەم لە رێگای سەربازییەوە هەستاون بۆ ئەم کارە هەم بەناو لە رێگای یاساییەوە. ئەم دەسەڵاتە نوێیە لە هەوڵدایە کە دەسەڵاتێکی ئیسلامی توندوتیژ تێکەڵاو لەگەڵ پان عەرەبیسم لە سوریا داسەپێنێت. بۆیە لە هەنگاوەکانی یەکەمیدا کەوتە هێرش کردنەسەر کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی سوریا. لە پارێزگاکانی لازقیە و تەڕتوس دەستیان کردە رەشەکوژی و پاکتاوی نیژادی عەلەوییەکان و زیاتر لە هەزار و چوارسەد کەسی سیڤیلیان تیرباران کرد. لە باشور هەڵیان کوتایە سەر دروزەکان و هەوڵیان دا ناوچەکانی سویدا و درعا بخەنەوە ژێر ركێفی دیمشق.
لە رۆژئاوای کوردستانیش پیاوەکانیان بە یارمەتی تورکیا چەندین مانگە هێرشی سەربازی ئەکەنە سەر دەسەڵاتی خۆسەرو لە هەوڵی ئەوەدان ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی کوردەکان بخەنەوە ژێر چەپۆکی خۆیان.
هاوکات دەستوورێکی نوێی کۆنەپەرەستانە لە لایەن تەحریری شامەوە بۆسوریاو بە بێ بەشداری پێکهاتەکانی سوریا ئامادەکرا کە زۆر خراپتر و دژەمرۆڤانەترە لە دەستووری پێشووی سوریا.
دەسەڵاتی جۆلانی بێجگە لە پرسەکانی بژێۆی خەڵک لە ژێر گوشارێکی زۆری ئەو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتییانەیە کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن. هەر بۆیەش جۆلانی و رژێمە ئیسلامییەکەی هەوڵئەدەن باڵانسێک رابگرن لە نزیکایەتی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو هێزانەدا.
سروشتی راستەقینەی ئەم رژێمە ناتوانێت باشتر لە داعشی پێشتر بێت. تەنیا جیاوازییان ئەوەیە کە ئەمان لە ئەزموونی دەسەڵات و شکستی داعش و دووبارە دەسەڵاتگرتنەوەی برا تالیبانەکانیان لە ئەفغانستان وانەیان وەرگرتووە. ئەم داعشە نوێیە کراواتی بەستووە و لەپاڵ سەربڕین و بە زیندوویی ئاگربەردانە جەستەی خەڵک، کاری دیپلۆماسیش ئەکات. بۆیە کوشت و بڕ و قڕکردن و جینۆساید (هەروەک ئەوەی کە دژ بە عەلەوییەکان کردیان) رووی راستەقینەی ئەم دەسەڵاتە نوێیەیەو وتووێژ یا مەیل بە وتووێژ لەگەڵ کورد و دروز تەنیا هەوڵێکە بۆ رازیکردنی وڵاتانی رۆژئاوایی بۆ هەڵگرتنی ئابڵۆقە ئابوورییەکان لەسەریان، ئەگینا رێکخراوێک کە لە پاشماوەی داعش و تێکەڵەیەک لە ئەلقائیدەو ئیخوانەکان پێکهاتبێت، لە سروشتیدا نییە کە وتووێژ و سازان بکات بەتایبەت لە گەڵ کوردی سکۆلار لە رۆژئاڤا.
وتووێژی دەسەڵاتی جۆلانی لەگەڵ دروزەکان تا ئێستا ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبووە و بۆیە بەشێک لە دروزەکان هانایان بۆ ئیسراییل بردووە کە لەدەست چەتەکانی تەحریری شام بیان پارێزێت. وتووێژێکیش لەگەڵ عەلەوییەکان لە ئارادا نییە و هێشتا پاکتاوی نیژادی لە دێ و شارۆچکەکانی رۆژئاوای سوریا بەردەوامە.
ئەنجامی وتووێژلەگەڵ کوردەکان هەتا ئێستا بووتە واژۆکردنی رێککەوتنێکی هەشت خاڵی لە نێوان جۆلانی و کۆبانی.
ئەم رێککەوتنەش لەژێر گوشاری ئەمریکا و ئۆرپای بەسەر کوردەکاندا سەپێندراوە. ئەمریکا پەیتاپەیتا هەڕەشەی کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژئاڤا ئەکات ئەگەر کورد لەگەڵ دیمشق رێک نەکەوێت.
کوردەکان لەم رێککەوتنە سێ شتی سەرەکییان مەبەستە: ١) گەڕاننەوەی ئاوارەکانی عەفرین، سەریکانی و گرێسپی بۆ شارو شارۆچکەکانی خۆیان. ٢) راگرتنی هێرشەکانی تورکیا و چەتەکانی بۆسەر بەشەکانی دیکەی رۆژئاڤا. ٣) پاراستنی قەوارەی ئێستای هێزە چەکدارەکانی هەدەسە و دابینکردنی بۆدجەی ئەم هێزانە لەلایەن دیمشقەوە.
جۆلانیش مەبەستی لەم خاڵانە ئەمانەن:
١) دەستگرتن بەسەر کێلگەکانی نەوت و گاز کە ئێستا لە ژێردەسەڵاتی کوردەکانە. ٢) رێگرتن لە دروست بوونی تێگەیشتن یا جۆرێک هاوسۆزی لە نێوان کوردو عەلەوییەکان لە ژێرناوی هاوکاری دژی پاشماوەکانی رژێمی ئەسەد. ٣) ناردنی پەیامێک بۆ ئەمریکا و ئۆروپا بۆ لابردنی ئابڵۆقەکان لەسەر سوریا. ٤) لە هەمووان گرنگتر، سازانێکی خۆڕایی و هەرزان لەگەڵ کورد و بچووک کردنەوەی مافەکانی گەلی کورد لە رۆژئاڤا بۆ نزمترین ئاست، واتە مافی هاووڵاتیی بوون لە سوریا.
هەتا ئێستاش ئەم رێککەوتنە هێچی لێ سەوز نەبووە. چەتەکانی تورکیا لە هێرەشەکانیان بۆسەر رۆژئاڤا بەردەوامن و تورکیاش لە ئاسمانەوە خەریکی بۆردمان و کۆمەڵکوژییە. جۆلانیش دەستورێکی تەواو ئیسلامی-عەرەبی بۆ سوریا واژۆ کردووە کە گەلی سوریا بە گشتی لە سەرەتایی ترین مافە دێمۆکراتیکەکان بێبەش کراوون. سوریاش بە کۆماری عەرەبی سوریا پێناسە کراوەتەوە و ئاینی ئیسلامیش (سوننە) کراوەتە بنەمای سەرەکی ئەم دەستوورە نوێیە. ئەگەر تەحریری شام بەکردەوە لەم کارەدا سەرکەوتو بێت، ئەوا سوریا ئەبێتە ڤێرژنێکی نوێی عەرەبی تالیبان و ئەمەش بە هێچ چەشنێک لەگەڵ شێوازی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی سێکۆلاری رۆژئاڤا و بەڕێوەبەری خۆسەر یەک ناگرێتەوە. بۆیە بەبڕاوی من ئەم رێککەوتنە تەنیا ئەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت بەربەستێک بێت لە پێکدادانی راستەوخۆی سەربازی لە نێوان دەسەڵاتی نۆیی سوری و رۆژئاڤا. هەردوو لا، هەم کورد و هەم جۆلانی بەم رێککەوتنە کات ئەكڕن تا خۆ تەیاربکەن بۆ رووبەڕو بوونەوەیەکی دژوارو خوێناوی لە داهاتوویەکی نزیکدا کە دەرئەنجامەکەی پەیوەستە بە هاوکێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سوریا.