گەرچی تا ئەمڕۆیش ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژاڤای کوردستان، لەپێناو ئازادیی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی خوێنی، خۆیان دەبەخشن، جێی داخە لە هەرێمی نیمچە سەربەخۆی باشووردا، کە زمانی کوردی، بە فەرمی و بە دەستوور، بە مافێکی ڕەوای کورد ناسراوە، دەبینین بەرهەمە چاپکراوەکانی ئەم هەرێمە و بڵاوکراوە و میدیا بینراو و نووسراوەكانی، بە زمانی کوردی، لە ڕووی ڕێنووس و ڕێزمان و داڕشتندا- بە گشتی، تەواو کڵۆل و زەبوون و لاوازن. بەڕادەیەک، بە زەحمەت کتێبێک، ڕۆژنامەیەک، گۆڤارێک، بڵاوکراوەیەکت دێتە بەردەست، زیوانی هەڵە و کیسەڵەی ڕێنووسی دەردەدار، ژاکاو و سیس و مردەڵەی نەکردبن. ئەوەشمان لەبیر نەچێت، عەیامێکە لە باشوور خوێندن بە زمانی کوردییە، شاعیر و نووسەر، "مەلا محەممەدی جەلیزادە – مەلای گەورە" و دوای ئەویش مامۆستا "زەکی ئەحمەد هەناری"ی شاعیر و شانۆنووس و وەرگێڕ، لە سییەکانی سەدەی ڕابروو، لە شاری کۆیە، بێمنەتانە، بە فەرمی زمانی کوردییان لە نووسراوەکانی دەوڵەتدا بەکارهێناوە. واتا دەبوو ئێستا زمانی کوردی – لە ڕێنووس و زمانەوانی و ڕێزماندا، لە تۆقەڵەی شاکارەکانی بووایە، نەک وا پەرێشان و لاکەوتە.
من لە شەستەکانی سەدەی ڕابروو، نامیلکەیەکی مامۆستا "مومتاز حەیدەری"م بینی "نووسین بە ئەلوفبێی لاتینی" ، کەچی لە ساڵی ١٩٨٩، ڕێژیمی بەعس، مامۆستای شاعیر و ئەکتەر " دڵشاد مەریوانی"ی بە بیانۆی ئەوەی منداڵانی کورد فێرە نووسینی لاتینی دەکات، لە سێدارە دا!
لەبیرمە 60 ساڵ لەوەبەر، لە پۆلی دووی ناوەندی بووم، لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، کتێبیان بەسەردا دابەشکردین. کتێبە قشت و بچووک و جوانەکەی "خوێندنەوەی زمانی ئینگلیزی" سەرنجی ڕاکێشام. بینینم لە سەر بەرگی پشتەوەی کتێبەکە دوو دێڕ بە ئینگلیزی نووسراوە، چەندی کردم لێیان حاڵی نەبووم،بە ڕێکەوت، ئەو دەرسە ئینگلیزیمان هەبوو، کە لە مامۆستام پرسی: "ئەوە دەڵێ چی؟" گوتی: نووسراوە:
"هەرکەسێک، لەم کتێبەدا هەڵەیەکمان بۆ دەست نیشان بکات، لە ڕێزمان ، ڕێنووس، خاڵبەندی، ئەوا یەک هەفتە لە بەڕکی ئێمە داوەتی لەندەن دەکرێت."
کەواتە، حەقمانە بپرسێن: ئەدی بۆچی نووسینی کوردیی ئەمڕۆمان، لە ڕێنووس و ڕێزمان و داڕشتندا، وا شێواو و ئاڵۆزە؟
دەتوانین پوختەی هۆیەکان، وا چڕ بکەینەوە:
• یاسا و دەستوورێکی ستانداردانە بۆ نووسینی زمانی کوردی، بەم دوادواییە چەکەرە و چرۆی کردووە، سەرەتا، قەڵەمبەدەستان بە بیر و هزری خۆیان، بڕگە و وشە و ڕستەکانیان دادەڕشت و شكڵنووس دەکرد.
• هێندی ئەدیب و بڕوانامەدار، تووشی غرووری ڕۆشنبیری بوون، هەر ئەوەیان پێ ڕاست و دروستە کە خۆیان دایانهێناوە و یاسا و دەستووری غەیرە ڕەد دەکەنەوە – ئەم دیاردەیە بە دەگمەن لە ناو نەتەوەکانی دیکەدا هەیە، تا ئەو ڕاددەیە، نووسەری کورد هەیە، دەستووری ڕێنووسی تایبەت بەخۆی داناوە!
• وەزاڕەتی پەروەردە و وەزاڕەتی خوێندنی باڵا، نەیانتوانیوە، کادیری ئەوتۆ بەرهەم بێنن، تا بتوانن دروست و جوان و ئەکادیمییانە بنووسن. خوێندکار و قوتابییەکانیش لاسای هەڵەکانی ئەوان دەکەنەوە و پەیڕەوی دەکەن. بۆ نموونە مامۆستای بابەتی فیزیک، مێژوو، بیرکاری و کیمیا پەیوەست نابن بە دەستووری ڕێنووس و نووسین و بە ئەرک و ئیشی خۆیانی نازانن. لێپێچینەوە و بەدواداچوونیش نییە.
• بەرهەمە بڵاوکراوە کوردییەکان – بە گشتی - بە هەموو شێوەکانیانەوە، ڕێنووس بە هەند وەرناگرن و بایەخی پێنادەن.
• وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوان و دەزگا ئەکادیمی و سەندیکا و ڕێکخراوە ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هونەرییەکانی هەرێم، هیچ یاسایەکی بەرگریکردن، لە سزادان و پاداشتکردنیان بۆ نووسەر و قەڵەمبەدستان نییە. لە کاتێکدا، وەک نموونە: لە وڵاتی ئایرلەندا، هەر هۆڕن لێدانێکی بە هەوەس و بە بێ هۆ، 60 یۆڕۆ، دەخاتە گەردنی شۆفێر. پێشکەشکاریش بۆ هەر هەڵەیەکی زمانەوانی لە ڕادیۆی (BBC)دا لە کاتی خوێندەوەی هەواڵ یان ڕاپۆرت و بەرنامە، بڕە پارەیەک، لە مووچەکەی دەبڕدرێت.
• نەبوونی تەختە کلیلی ڕێنووسی ستانداردکراوی کوردی، وەک ئەوەی ئینگلیزی بە نموونە. کە هەڵەت نووسی، بۆخۆی بۆت ڕاست بکاتەوە. هەرچەندە ئێستا ئەمە لە لایەن چەند زانکۆ و لایەنێکەوە، كاری لەسەر دەکرێت، بەڵام هەر چاوەڕوانین.
چێ بکەین! تا ببینە خاوەن ڕێنووسێکی دروست و پاک و پوخت؟
بە دیدی من، دەکرێ ئەم پێشنیار و هەنگاوانەی خوارەوە بە هەند وەربگیڕێن:
یەک: بۆ وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێم:
بێگومان ناکرێ فرمان بدەین کە هیچ چاپخانەیەک نابێ کتێب و بڵاوکراوەی ڕێنووس شەقەت و پەقەت چاپ بکەن و بڵاوبکەنەوە، چاپخانە دەخڵی بەسەر ناوەڕۆکی کتێب دا نییە. بەڵام دەکرێ، کاتێک ژمارە سپاردن بە هەر کتێبک و بڵاوکراوەیەک دەدرێت، لە بەڕێوەبەرایەتیی کتێبخانە گشتییەکانی هەرێم لە هەولێر، کەسێکی شارەزا و پسپۆڕ لە زمانی کوردی، یەک لاپەرە لەو کتێبکە بخوێنێتەوە و نمرەی پاکنووسیی ڕێنووسی یان خراپی ڕێنووسی بۆ دابنیت. کتێبی خراپ، ژمارەی پێنەدرێت تاوەکو پاکنووس نەکرێت لە هەڵەی ڕێنووسی. نابێ چاپخانەی هەرێم و عێراقیش کتێبی بێ ژمارە سپاردن، چاپ بکات.
بۆ ئەو کتێبانەی لە دەرەوەی هەرێمیش چاپ دەکرێن، لە دەروازە سنوورییەکاندا، ڕێ نەدرێن بێنە ناو هەڕێم، گەر ژمارەی سپاردنی هەرێمیان لەسەر نەبێ.
دوو: وەزاڕەتی پەرەوەردە و وەزاڕەتی خوێندنی باڵا:
پێویستە بە نامیلکە، بە (CD)، بە (e-book)ئەو دەستوورەی کە ئەکادیمیای کوردی بۆ ڕێنووسی کوردی پەسندی کردووە و بڵاوی كردووەتەوە، بەسەر مامۆستایان و قوتابییاندا دابەشی بكەن، تا هەموویان بیخوێننەوە و هەوڵ بدەن فێری ڕێنووسێكی دروسن بن و لەسەری ڕابێنن و پێی بنووسن.
ئەمە دەستووری ڕێنووسە، پێویستە هەموو فەرمانەبەرانی هەرێمیش فێری ببن، بۆ ئەم مەبەستە واباشترە خولی تایبەتی چەند ڕۆژەیان بۆ بكرێتەوە.
سێ: بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە لە هەرێم:
پێویستە بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، چاودێریی و سەرپەرشتیاری مامۆستا و قوتابی و خوێندکاران بکەن لەڕووی ڕینووس و زمانەوانی و دەستیان بگرن و هانیان بدەن کە دروست بنووسن. ئەمە ئەرکی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی هەرێمە.
چوار: بۆ دەزگا و کەناڵ و ئیستگەکانی میدیا و ڕۆژنامەگەری:
سزا و لێپێچینەوە هەبێ، بۆ ئەو پیشکەشکار و سەرنووسەر ونووسەرانەی هەڵەی ڕێنووسیان زۆرە، یان بە پێچەوانەوە، ئەوانەی کارامە و لە نووسین و داڕشتندا لێزانن و نووسینەکانیان کەمترین هەڵەیان تێدایە، پاداشت و خەڵات بکرێن. وا باشتریشە، ئەوانەی دەیانەوێ لەم بوارانەدا ئیش بکەن، لەكاتی دامەزراندنیان، ئەزموونی ڕێنووسی نووسراو و خوێندەوەی زارەکییان پێ بكەن.
خوێنەری بەڕێز:
لە نووسین یاسایەک هەیە، کە هەر شتێک دەنووسیت، بەر لەوەی پۆستی بکەی بۆ هەر کەس و لایەنێک، پەلەی لێ مەكە پێیدا بڕۆوە. نووسەری هەر کتێبێکیش، دەبێ بۆ پێداچوونەوە بیداتە کەسی دووەم و سێیەم، ئینجا بیداتە چاپ، چونکە زانستییانە سەلمێنراوە، کە نووسەر- بە تایبەتی کە تەمەنێکی هەبوو، کەمتر هەڵەی دەست و قەڵەمی خۆی دەبینیت.
لێرەدا، نامەوێ، نموونەی نووسینی کرچوکاڵتان پیشان بدەم، دەنا کۆپیی نووسراوی سەرۆک زانکۆم بە واژووی خۆی لایە، لە 55 وشە، 21 هەڵەی تێدایە. هی پڕۆفیسۆریش لە 462 وشە، 105 یان هەڵەیە.