دیکتاتۆرەکانی دوێنێ و ئۆتۆکراسەکانی ئەمڕۆ

موفید محەمەد نوری
  2024-09-02     495

لە سەرووەختی لەنێوچوونی دیکتاتۆرەکانی وەک (سەدام حسێن لە عێراق و چاوچیسکۆ لە ڕۆمانیا)، گیانی مرۆڤ هەست بە ئارامی و هێمنی و لەبارچوونی بار قورسی دەکات، هەروەها هەست بە لەدایکبوونی خۆری ئازادی و ڕووناکی دەکات. لە بەغدا کاتێک خەڵکی پەیکەرە گەورەکەی سەدامیان هێنایە خوارەوە بە یارمەتی ئەفسەرە ئەمریکییەکان، یەکێک لەو ڕۆژنامە ئەمریکیانەی کە لەوێ دەبێت دەڵێت: کاتێک لە گۆرەپانەکە بووم، هەستم کرد ئافرەتێکی تەمەن مامناوەند دەیەوێت قسەم لەگەڵدا بکات، چوومە پێشەوە لێی و گوتی، "ئەمە کۆتایی دیکتاتۆر نییە، بەڵکو سەرەتایی دیکتاتۆریەتە لە عێراقدا". لە شەوی کریسمسی ساڵی ١٩٨٩دا، کاتێک دیکتاتۆری ڕۆمانیا خۆی و ژنەکەی نوقمی خەڵتانی خوێن کران، هەموو خەڵکی بوخارێست (کە پایتەختی ڕۆمانیایە) هەستیان کرد، کە دەتوانن لەمەودوا لەگەڵ خەڵکی نەتەوە جیاوازەکاندا قسە بکەن، چونکە لە سەردەمی چاوچیسکۆدا کەس بۆی نەبوو قسە لەگەڵ خەڵکی بێگانەدا بکات؛ جووتیارەکانی ڕۆمانیاش لەوە دڵنیا بوون، کە چیدی لادێکانیان ناڕوخێنن و پاڵیان پێوەنانێن بۆ ئەوەی بچنە شارەکانەوە، بە هەمان شێوە دیموکراسەکانیش لەوە دڵنیان بوون، کە ئیتر ئازادن لەوەی بە ئازادی قسە بکەن و بیروباوەڕی خۆیان دەرببڕن.

نووسەری گەورەی ئەڵمانی "مارسێل دیاسۆس" پسپۆڕ لە زانستی سیاسیدا، دەڵێت: کاتێک باسی دیکتاتۆرەکان دەکەن، پیاوێکم دێتە بیر کە لەسەر پشتی ئەسپێکەوە دەیەوێت پەلاماری هەموو شتێ بدات؛ دەشڵێت شێوازی لەناوبردنیان جۆرێکە کە دەبێت بزانیت چۆن لە بەرانبەریان دەوەستیتەوە. بەڵام نووسەرێکی تری ئەمریکی "ئان ئەپلهاوم" لەگەڵ ئەم بیرۆکەیەدا نییە و دەڵێت: "ئۆتۆکراسییەکانی ئەمڕۆ، دیکتاتۆرەکانی دوێنێن و گۆڕاون و کەمتر هێز بەکاردەهێنن، هەر لەبەر ئەو هۆیە خەبات و هەڵسانەوە لە دژیان زۆر ئاڵۆزتر بووە لەوەی کە لە ڕابردوودا هەبووە".

لە بە ناوبانگترین پەرتووکیدا نووسەری ئەمریکی "پوتلزا" خاوەن خەڵاتی نۆبڵ دەڵێت: جیاوازی سەرەکی لە نێوان دیکتاتۆرەکانی دوێنێ و ئۆتۆکراسەکانی ئەمڕۆ، ئەوەیە ئەوان لە چەرخی بیستەم ملیونەها خەڵکیان کوشتووە هەندێکیان خاوەنی ئایدۆلۆژی بوون، بەڵام ئەوانەی ئەمڕۆ هیچ ئایۆلۆژیان نییە و بە جۆرێکە کە ناتوانن بوونی خۆشیان بسەلمێنن. هەر بۆیەش وەکو لە مێژوودا هاتووە وەک ئیمپڕاتۆرە کۆنەکان کاریان ئەوە بووە خەڵکەکەیان پچەوسێننەوە و هەرچی سەروەت و سامانیان هەیە لەگەڵ ئەوانەی دەوریان داون بەشی بکەن و بەشیان بەنێ، لەبەر ئەوەی تەنها ڕێگایەکە بۆ مانەوەی خۆیان و دەوڵەتەکەیان.

نموونەی یەکێکی تر لە دیکتاتۆرە خوێنمژەکان کە لە مێژوودا تۆمارکراوە "فرانسیسکۆ ماسیاس گوێما"یە کە دەسەڵات  و حوکمی ئیکواتۆریال گینیای دەکرد لە ساڵی ١٩٦٨ هەتاکو ساڵی ١٩٧٩، وتە بە ناوبانگەکەی لەناو مێژوونووسەکاندا بڵاوە، کە دەیووت: "لە سیاسەتدا ئەوەی سەرکەوتووە دەیباتەوە، ئەوەی دۆڕاویشە دەمرێت".

گوێما هەر خوێنمژ نەبوو، بەڵکو سایکۆپاسیش بوو، گەیشتە ئەوەی ئەندامانی بنەماڵەی خۆی بکوژێت (وەکو سەدەم کە لە عێراقدا کردی)، بەڵام لە کۆتایدا گوێما برازەکەی خۆی کوشتی؛ توێژینەوەی نووسەرانی بواری توێژینەوە لە 'دیکتاتۆرەکان و ژیاننامەیان'، ئەوە دەسەلمێنن کە گوێما لە نێوان ئەو ٤٧٣ دیکتاتۆرەیەی کە هەبوون بە دەستی خزمەکانی خۆی کوژراوە. هەروەها ئەو دەسەڵاتانەی کە لەبەینچوون لە نێوان ساڵی ١٩٩٥ بۆ ساڵی ٢٠١٢دا، بە هۆی ئەو خەڵکانەوە بووە کە لێیانەوە نزیک بوون. داتاکان ئەوە پیشان دەدەن کە لە ٥٧٪ی ئەو میللەتانەی کە خەباتی ئاشتی خوازانەوە و دوور لە توندوتیژیان بەرپاکردووە ئەنجامەکەیان سەروەری دیمکوراسی بووە، ئەو گەلانەشی کە ڕێگای خەباتی چەکدارانە و ڕێگای توندوتیژیان بەکارهێناوە تەنها ٦٪یان بۆتە مایەی سەوەری دیموکراسی، ئەو ڕێژەیی تری کە ماوەتەوە بۆتە مایەی هاتنە سەرکاری جۆرێک لە ڕژێمی ئۆتۆکراسی.

لە نێوان ساڵی (١٩٥٠- ٢٠١٢) تەنها ٢٠٪ی ئەو وڵاتانەی کە لە دیکتاتۆریەت ڕزگاریان بووە، نەبۆتە مایەی هێنانە دی سەروەری دیموکراسی لە نێویاندا نموونەی وڵاتانی 'عێراق و لیبیا'مان لەبەر دەستدایە، کە لەو وڵاتانەن لە دیکتاتۆرییەت ڕزگاریان بووە، بەڵام دیموکراسیەت بەدی نەهاتووە؛ ئەوەی نووسەران و توێژەران دەستیان کەوتووە لە ژیانی ئەمڕۆی ئێمەدا نامۆ نییە، چونکە هەموومان لەو وڵاتانەدا ژیاوین، کە دیکتاتۆر دەسەڵاتی هەبووە.

دیکتاتۆرەکان ڕێگا و ئامانج و هیوای جودایان هەیە، هەندێ جار سەرسوڕهێنەرن، بۆ نموونە: عێراق و ڤەنزوێلا و کۆریای باکوور وەک چین و ڕوسیا نین، کە بیانەوێت پرێنسیپەکانی دیموکراسی لەنێوبەرن.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا "فرانکلین رۆزەفێلت" وتەیەکی بەناوبانگی هەیە لەسەر دیکتاتۆرەکان: "ئەو دیکتاتۆرانە زۆڵن، بەڵام ئەو زۆڵانەش کوڕی ئێمەن"، کەواتە جیاوازی هەیە لە نێوان ئۆتۆکراسییەکی نەرمدا لەگەڵ دیموکراسییەکی هایبرد[1]، نموونەی ئەو وڵاتانەی وەکو دیموکراسی هایبرد ناسراون: هندستان، تورکیا، سنگافور و فلیبین، وە هەندێ جاریش ئەژمار ناکرێن بە دیموکراسی. تورکیا باسی مافی میللەتی بۆسنیا و فەلەستین دەکات، بەڵام میللەتی کورد لە تورکیا لە ژێر گەورەترین چەوساندنەوە و پاکتاوی نەتەوەیی دایە. ئەپلبام دەڵێت: ئۆتۆکراسی ئەمڕۆ جۆرێکە لە کلیپتۆکراسی کە سیاسەتی سیستەمی لەسەر کلیپتۆکراسی پارە و کۆمپانییەکان وەستاوە، بە جۆرێک پایەکانی پۆلیس، سوپا و تەکنۆلۆژی بە دەست کۆمەڵێ کۆمپانیای بازرگانییەوەیە، کە کار و زانیارییەکانیان بۆ دابین دەکات بۆ قازانجی دەسەڵات و چەواشەکردن و بە هەڵەبردنی خەڵک؛ کەواتە ئۆتۆکراسییەکانی ئەمڕۆ زۆر جودان لەوانەی پێشوو.

کلیپتۆکراسی لە تازەترین فۆڕمیدا لە ساڵی ١٩٩٠وە دەست پێ دەکات، کاتێک "فلادیمیر پوتین" سەرۆکی سۆڤیەت هاتە سەر حوکم و هەموو هەژمارە ئەکاوەنتییەکانی ئاشکرا بوو، کە چۆن یەکێک لە جێگرەکانی پارێزگاری سانت پیتەرسبۆرگ فۆڕمێکی ئامادە کردبوو کە چۆن پارە لەو هەژمارانە بدزن بۆ قازانجی خۆیان و بیخەنە هەژماری دەرەوەی وڵات و بیهێننەوە ناو سۆڤیەت، ئەوەش بە یارمەتی هاوڕێکانیان لە ئەورووپادا. پوتین هەموو ژیانی وەک کارمەندێکی دەوڵەت کاری کردووە و هەموو ئەو پارانەی کە بە هۆی دەسەڵاتەوە پەیدای کرد بە ڕێگای نابەجێ بوو، بۆ ئەو کەسانەش بە کاری دەهێنا کە یارمەتی بدەن چۆن دەسەڵات بگرێتە دەست. کەواتە لە ساڵی ١٩٩٠ەوە مۆدڵی کلیپتۆکراسی لە سۆڤیەتەوە زیاتر بە جیهاندا بڵاو بوویەوە.

لە ئەنگۆلاوە تا زیمبابۆی، سەرکردەکانیان هەموو پارەی دزراویان لە بانکە تایبەتییەکانی خۆیاندا شاردۆتەوە، هەر بۆیە هەموو جارێ زۆر زەحمەت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک دەدەنەوە بۆ گۆڕانکاری سیاسی، بەو جۆرەش دەتوانن خێزانەکانیان و موڵکەکانیان لە دەرەوەی وڵات بشارنەوە، کە دەشتوانن بەو جۆرە کاریگەریان هەبێت لەسەر هەموو کارەکان لە ڕێگەی بەرتیل دانەوە. ئەو نهێنییانەی ئەوان هەیانە ئەو ڕێگایەیە کە ئەوانی لە دەسەڵات هێشتۆتەوە؛ خەڵکی ئاسایی لە سۆڤیت، چین، فەنزوێلا یان کوردستان ڕێگەیان پێنادرێت کە بزانن بۆچی سەرکردەکانیان بە خێزان و هاوڕێکانیانەوە بلیۆنەرن! هەرچەندە کاریگەریان لە پڕۆسەی سیاسەتی دەوڵەتدا نییە، نەبوونی زانیاری تەواوەتی جۆرێک لە بێ هیوای و گۆشەگیری لەناو خەڵکدا دروست دەکات. 

ئۆتۆکراسییەکانی ئەمڕۆ کارەکانیان وەک یەک بلۆک نییە، بەڵکو کۆمەڵێ کۆمپانیان کە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە، کە ئایدۆلۆژی نەیبەستوونەتەوە بەیەکەوە. گەورەترین کۆمپانیای شیرەمەنی و تەلەفونات لە ئێران خاوەندارێتییەکەی سپای پاسدارانە، ئەوەی ئەم کۆمپانیایانەی بەستۆتەوە بەیەکەوە ئامانجە هاوبەشەکەیانە، کە دڵڕەقی و خوێنمژییە، بۆ ئەوەی سامانی کەسایەتی ئۆتۆکراسەکان و دەسەڵاتی خۆیان بپارێزن؛ ئۆتۆکراسەکان شێوازێکی چاوبرسیانەیان هەیە بۆ سامان کۆکردنەوە و پەیداکردنی.

لە ساڵانی ١٩٧٠ بۆ ١٩٨٠دا کاتێک دەسەڵاتی 'کۆمۆنیستی کوبا' یارمەتی بزووتنەوەی چەکدارییەکەی گوانتیمالای دا لە دژی حکومەتی دیکتاتۆری ئەنگۆلا، کە ئەمریکا یارمەتی دەدا بۆ ئەوەی لە دەسەڵات دا بمێنێتەوە، یارمەتی دیکتاتۆری کۆمۆنیستی کوبی کاسترۆ بۆ مارکسییەکانی ئەنگۆلا باوەڕێکی ئایدۆلۆژی بوو، لە هەمان کاتدا حکومەتی ڕەگەزپەرستی ئەوسای جنوبی ئەفریقا یارمەتی حکومەتی دکتاتۆری ئەنگۆلای دەدا لە دژی مارکسییەکان، ئا لەوێشدا ئایدۆلۆژیایەک هەبوو، کە ئەو دوو دەسەڵاتەی کۆکردەوە.

دیکتاتۆرەکان یان بە هۆی شۆڕشی گەلانەوە، یان مردنی سروشتی لە کۆتاییدا لەبەین دەچن، فرانکۆ لە ئیسپانیا، ماوسیتونغ لە چین و ستالین لە سۆڤیەت هەموو بە هۆی مردنی سروشتییەوە لەبەینچوون، بەڵام هەندێ جار کاریگەری دیکتاتۆرەکان هەر دەمێنن لە دەسەڵاتدا، لە دوای مردنیشیانەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆریەتانە بەرزترین ئاستی کوشتن و خوێنڕشتن بەکاردەهێنن، بە جۆرێک بۆیان چۆتە سەر و کاری خۆیان کردووە.

دەسەڵاتی چینی توانی بەردەوام بێت دوای خوێنڕشتن و کوشتنی قوتابییەکانی لە مەیدانی تیانەمان لە ساڵی ١٩٨٩دا -لە پەکینی پایتەختی ئەو وڵاتەدا، بەڵام "ڤیکتۆر پۆشینکۆ" لە ئۆکرانیا ساڵی ٢٠١٤ نەیتوانی دەسەڵات بە تەواوی بگرێتە دەست و سەرکوتی خەڵک بکات، چونکە بە کوشتنی چەند کەسێک یەکسەر پەرلەمانی ئەو وڵاتە دەسەڵاتی لێ سەندەوە.

لە کۆتاییدا با هەموومان ڕەشبین نەبین، هەر دەتوانین بەرانبەر ئۆتۆکراسییەکانی ئەمڕۆ بوەستینەوە، بەڵام بە جۆرێک دەبێت هەماهەنگی لە نێوان چالاکوانی ئەو وڵاتانە و چالاکوانە نێودەوڵەتییەکان بەهێز بێت، لە ئاستێکدا کە بتوانن بە بەردەوامی زانیاری ئاڵوگۆڕ بکەن، هەڵبەتە هەر چالاکوانەکانی ئەو وڵاتانە دەزانن سەرچاوەی سامان و پارە نەختییەکان بۆ کوێ دەدزرێن.

 

سەرچاوەکان:

  Applebaum Anne ,Autocracy ,Ince: The dictators who want to Run the world ,2024.

Dirsus Marcel , How Tyrants fall :and how nations survive, 2024.

Judah Tim ,In wartime: stories from Ukraine, Penguin ,2024.

 

[1]  "هایبرد"، ئەو وڵاتانەن کە پێیەکیان لەناو دیموکراسیدایە و پێیەکیان لەناو ئۆتۆکراسییدایە، وەک: هندستان، تورکیا و سەنگافور. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×