ئەمەریکا هاوکاری دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕادەگرێت

غازی حەسەن
  2025-03-17     171

لەوەتەی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا (دۆنالد ترەمپ) ڕایگەیاندووە یارمەتییە داراییەکان بۆ هاوکاری دەرەکیی ڕا دەگرێت  (USAID  دەزگای ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی) تووشی قەیران و گێژاوێکی ئاڵۆز بووە. هیچ هەواڵێکی نوێ و زانیاریی لە ماڵپەڕەکەی بەدەست نایەت، ئەکاونتی لە  X  ڕاگیراوە، بارەگای سەرەکی ئاژانسەکە داخراوە و بە کارمەندەکانی گوتراوە بچنەوە ماڵەوە و ئیدی کارەکانیان لێرەدا دەوەستێت.

بەپێی سیاسەتی پێداچوونەوە و چاکسازیی و نەهێشتنی بەهەدەردانی دارایی و گەندەڵی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بڕیاری داوە پێداچوونەوە بەزۆر بوار لەوانە خانەنشین کردنی سەدان هەزار مووچەخۆر و بیرکردنەوە لە نەهێشتنی وەزارەتی پەروەردە و چاکسازی لە وەزارەتی بەرگری و هاوکارییە مرۆییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکان، ئەو هاوکارییە زۆرانەی پیشکەش بە وڵاتەکان دەکران، راگرتووە.   (ئیلۆن ماسک) کە (ترەمپ) هەڵیبژاردووە بۆ سەرکردایەتیی وەزارەتی کارای حکوومەتی نیمچە فەرمی،  USAID  بە "ڕێکخراوێکی تاوانبار" ناوبرد و گوتی "ئێمە دای دەخەین" . دواتر (مارکۆ ڕوبیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وەکو بەڕێوەبەری بە وەکالەتی ئاژانسەکە دەستنیشانکراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کارەکانی دەگوازرێنەوە بۆ وەزارەتی دەرەوە.

ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ژمارەیەک بڕیار و سیاسەت و سترتایژی نوێی راگەیاندووە لە نێوەخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا، جیهانی تووشی شلەژان، چاوەڕوانی، ئومێد و ئینجا نیگەرانیش کردووە. دوای ئەوەی بەستن و ڕاگرتنی هاوکارییەکان بە کردەوە جێبەجێکرا، ڕێکخراوە ڕۆژنامەوانییەکان لە سەرتاسەری جیهان، کە پارەی یارمەتییەکانی ئەمەریکایان وەردەگرت،  تووشی شلەژان بوون و بیر لە پیداچوونەوە و وەستانی کارەکانیان دەکەن. ڕێکخراوە زیانلێکەوتووەکان بریتین لە ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییە گەورەکان کە پشتگیری لە میدیای سەربەخۆ دەکەن وەک سندوقی نێودەوڵەتی بۆ میدیای بەرژەوەندی گشتی و دەزگا میدیاییە بچووک و تاکەکەسییەکان، کە خزمەت بە بینەران و بەکارهێنەران و خوێنەرانیان دەکەن، بەم بڕیارە تووشی کێشەیەکی گەورە بوون، هەندێک لەوانە  لەژێر فشار و کاریگەریی سەرکوتکەرەنەدا لە ئێران و ڕوسیادا دەژین و کارەکانیان ئەنجام دەدەن، بەم بڕیارە ئیدی ناتوانن کارەکانیان بکەن، یان دەبێت ئاڵوگۆڕییەکی بنەڕەتی لەشێواز و توانا و  هێزی کارەکانیان بکەن.

USA: Trump’s foreign aid freeze throws journalism around the world into chaos, https://rsf.org/en/usa-trump-s-foreign-aid-freeze-throws-journalism-around-world-chaos

گوتەبێژی کۆشکی سپی (کارولین لیفیت)یش ڕایگەیاند ئیداریە (ترەمپ) بڕیاری ڕاگرتنی هاوبەشیکردن لە کڕینی ڕۆژانە (ئیشتراکات)ی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی داوە. لەوانە گۆڤاری (پۆلیتیکۆ) و ئاژانسی (ئەسۆشێتیدپرێس) و ڕۆژنامەی(نیۆیۆرک تایمز) جونکە پێیان وایە ئەمانە وەکو پێویست کاراو چالاک نین. گوتەبێژەکە ڕوونی کردۆتەوە کە ساڵانە حکوومەت پتر لە هەشت ملیۆن دۆلار وەکو هاوبەشی لە کڕین بە گۆڤاری (پۆلیتیکۆ) دەدات. 

 

لە چەند وڵاتدا هاوکاری میدیایی دەکرێت

بەپێی داتا و زانیارییە ئاشکراکانی نێو ڕاگەیاندنی ئەمەریکا، بەرنامەکانی USAID پشتگیری لە میدیای سەربەخۆ دەکات و ئەم هاوکاریی و پشتگیرییە پتر لە ٣٠ وڵاتدا بەرێوە دەچێت و ئەنجام دەدرێت.  ئەستەمە هەنووکە و یەکسەر بتوانرێت هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ ئەو زیانانە بکرێت، کە بە هۆی بڕیارەکەی ئیداریە (ترەمپ) بەر میدیای جیهانیدەکەوێت.  بەشی زۆری ڕێکخراوەکان دوودڵن و ئاسان نییە سەرنج بخەنە سەر هەقیقەتی بابەتەکە، چونکە ترسیان، هەڵوێست و سەرنجەکانیان مەترسی لەسەر بودجەی درێژخایەن، یان کەوتنە ژێر هێرشی سیاسییەوە لێ بکەوێتەوە. بەپێی زانیارییە دروستەکانی  USAID،  کە هەنووکە بڵاوی کردۆتەوە و ڕێگەی ئۆفلاینەوە وەرگیراوە، لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ئاژانسەکە پارەی ڕاهێنان و پشتگیری بۆ ٦٢٠٠ ڕۆژنامەنووس دابینکردووە، هاوکاری ٧٠٧ دەزگای هەواڵی ناحکوومی کردووە، سەرباری پشتگیری لە ٢٧٩ ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، کە لە بواری میدیا کاریان کردووە، ئەمانەش لەپێناو بەهێزکردنی میدیای سەربەخۆ هاوکاریکراون و پشتگیری دەکرێن.

بەپێی زانیارییەکانی ئەم ناوەندە ئەمەریکییە، کە ئێستا داخراوە و کارەکانی ڕاگیراوە و بودجەی بڕاوە، بودجەی یارمەتییە دەرەکییەکانی ساڵی ٢٠٢٥ ٢٦٨،٣٧٦،٠٠٠ دۆلاری لەخۆگرتبوو، ئەم بڕە پارەیە لەلایەن کۆنگرێسەوە تەرخانکرابوو بۆ پشتگیریی لە “میدیای سەربەخۆ و بەدەستهێنان و بەهێزکردنی مافی ئازادی گەیشتن بە زانیارییەکان".

 

ئاژانسی ئەمریکا بۆ میدیای جیهانی

 (USAGM) تاکو ساڵی ٢٠١٨ بە دەستەی بەڕێوەبەرانی پەخش (BBG) ناسراو بوو، دەزگایەکی سەربەخۆی حکوومەتی ویڵایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و هەواڵ و زانیاری پەخش دەکات. بە باسک و لایەنێکی دیپلۆماسی ئەمەریکا دادەنرێت.  USAGM  سەرپەرشتی دەنگی ئەمریکا (VOA) و ئۆفیسی پەخشی کوبا دەکات و هەروەها  لەلایەن دەوڵەتەوە هاوکاری دارایی و دابینکردنی بودجە دەکرێت. سەرپەرشتی ڕادیۆی ئازادی ئەوروپا/ ڕادیۆی ئازادی، ڕادیۆی ئازادی ئاسیا، تۆڕەکانی پەخشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سندوقی تەکنەلۆژیای کردووە.

 

سەرەتا و دەستپێک

دەستەی بەڕێوەبەرانی پەخش (BBG) لە ساڵی ١٩٩٤ بەپێی  یاسای پەخشی نێودەوڵەتی دروستکرا. یاساکە دەستەیەکی دوولایەنەی پێکهێنا، کە لە نۆ ئەندامی دەنگدەر پێکهاتبوو. بڕیار بوو هەشت کەسیشیان لەلایەن سەرۆکەوە بۆ ماوەی سێ ساڵ دەستنیشان بکرێن.  نۆیەمیان وەزیری دەرەوە بوو، هەروەها دەستنیشانکراوێکی سیاسی بوو، کە وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕی بە فەرمی بۆ ماوەی مانەوەیان لە کارە فەرمییەکەیان لە وەزارەت وەک وەزیر کاری کردووە.  لەم کاتەدا بی بی جی بە بەشێک لە ئاژانسی زانیاری ئەمەریکا دادەنرا.  یەکەم ئەندامانی دەنگدەری BBG کە لە ١١ی ئابی ١٩٩٥ دیارکراوە و بڕیاری لێدراوە، بریتی بوون لە (دەیڤید دبلیو بێرک، تێد کاوفمان، تۆم سی کۆرۆلۆگۆس، بێت باو لۆرد، ئەلبێرتۆ ج. مۆرا، شێریل هالپەرن، مارک ناتانسۆن و کارل سپیلڤۆگل).

لە 1ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ BBG  وەک دەزگایەکی سەربەخۆ بە یاسای چاکسازی و داڕشتنەوەی کاروباری دەرەوە لە ساڵی ١٩٩٨ دامەزرا. ئاژانسەکە پێنج دامەزراوەی پەخشی هەیە، کە لە ساڵانی ١٩٤٢ - ٢٠٠٤ دامەزراون. دەنگی ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستی پێکردووە. ( ویلیام هارلان هێڵ) ڕۆژنامەنووس و نووسەر، یەکەم بەرنامەی ڕادیۆیی دەنگی ئەمەریکای بەم شێوەیە دەستپێکرد: "ئێمە ئەم دەنگە بۆ ئێوە لە ئەمەریکاوە پەخش دەکەین. ئەمڕۆ و ڕۆژانە لە ئێستاوەڕا، باسی ئەمەریکا و شەڕتان بۆ دەکەین. ڕەنگە هەواڵەکە بۆ ئێمە باش و ڕەنگە هەواڵەکە خراپیش بێت. بەڵام ڕاستییەکانتان پێ دەڵێین."

پاشان لە ساڵی ١٩٥٠دا، ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ ڕادیۆی ئازادی (RFE/RL) کەوتە پەخش.  نووسینگەی پەخشی کوبا (OCB) لە ساڵی ١٩٨٥ دەستی پێکردووە، ڕادیۆی ئازادی ئاسیا (RFA) لە ساڵی ١٩٩٦ دامەزراوە.

 

لە ٢٠٠٠ بەدواوە تاکو ئێستا

لە ساڵی ٢٠٠٢ کۆمپانیای BBG ڕادیۆی سەوای دامەزراند، کە تۆڕێکی ڕادیۆیی ٢٤/٧ زمانی عەرەبییە و هەواڵ و تێکەڵەیەک لە مۆسیقای ڕۆژئاوایی و عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەخش دەکات. لەساڵی ٢٠٠٤یشەوە  تەلەفزیۆنی ئەلحورە وەک تۆڕێکی هاوشان و هاوکاری تەلەفزیۆنیی بۆ ڕادیۆی سەوا دروستکرا و دەستی بە پەخشکرد و لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستپەخش دەکرێت.  لەسەرەتای دامەزراندنییەوە، بەرنامەی وەک ئەلیوم (ئەمڕۆ) پەخش دەکات، کە ڕۆژانە سێ کاتژمێر بەرنامەیەکی هەواڵییە و لە پێنج وڵاتی سێ کیشوەری جیاوازەوە پەخش دەکرێت و موساوات (یەکسانی)، بەرنامەیەک تیشک دەخاتە سەر پرس و مافەکانی ژنان لە جیهانی عەرەبیدا.

هەروەها تۆڕەکانی دیکەش لە ژێر خێوەتی  BBG  فراوانتر کران، لەوانە  دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ ڕادیۆ ئازادی کاریانکرد ، لەتەک ئەوانەشدا  ڕادیۆی فەردا پەخشکرا، بەرنامەیەکی ڕادیۆییە بە زمانی فارسی و پەیامی تایبەتی بۆ گەنجان هەیە. لە ساڵی ٢٠٠٦، دەنگی ئەمەریکا دەستی بە پەخشی کردووە و پەخشی هەواڵی تەلەفزیۆنی یەک کاتژمێری هەیە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستنیشانکراوی ئەو کاتی BBG،   (ئەندرۆ لاک) گوتی "ئێمە لەلایەن هەندێکی وڵاتی وەکو ڕوسیا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەددا دەبینەوە، ئەوانە پاڵەپستۆلە بواری بۆچوون و دیدگاوە دروست دەکەن، دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گروپەکانی وەک بۆکۆحەرام کێشەن، بەڵام من بە توندی باوەڕم وایە، کە ئەم دەزگایە ڕۆڵی هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدیانە".

دەستەی کارگێڕی USAGM ڕۆڵی ڕاوێژکاری هەیە، پێشتر ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی تۆڕەکانی میدیایی USAGMی دەکرد، دواتر وەک بەشێک لە یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی ٢٠١٧، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠١٦ پەسەندکرا، دەسەڵات و ئەرکی نوێی پێدرا. دوای ئەم پەسند کردنە نوێیە یەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستنیشانکراو (CEO)  جێگەی گرتەوە. ساڵی ٢٠١٨دا کۆمپانیای BBG ناوی خۆی گۆڕی بۆ ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانی  USAGM گۆڕی.

سندوقی تەکنەلۆژیای کراوە (OTF) ش  ساڵی ٢٠١٩ دەستی بەکارکردووە، کار بۆ پێشخستنی ئازادی ئینتەرنێت دەکات، بۆیە ڕۆژنامەنووسان و بینەرانی USAGM دەتوانن ئینتەرنێتی بێ سانسۆریان هەبێت. زیاتر لە دوو ملیار کەس لە سەرتاسەری جیهان ڕۆژانە OTF بەکاردەهێنن.  

لە ١٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ، پڕۆژەی لێپرسینەوەی حکوومەت کە قازانج نەویستە، نوێنەرایەتی کارمەندە دەرکراوەکانی  USAGM و زانیاریدەرانی دەکرد، نامەیەکی بۆ لیژنەکانی کاروباری دەرەوەی کۆنگرێس و فەرمانگەی ڕاوێژکاری تایبەتی ئەمەریکا و پشکێنەری گشتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نارد، لە نامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە (پاک) کۆمپانیای یاسایی مەکگوایەروودزی بەکرێ گرتووە بۆ لێکۆڵینەوە لە کارمەندانی USAGM و OTF لەبارەی چۆنیەتی خەرجکردن و هەقدەست و تێچووی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە چارەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠، دوور لە بەشداری لێکۆڵەرانی حکوومەتی ئەمەریکا لەنێویاندا فەرمانگەی سەرچاوە مرۆییەکانی USAGM خۆی.  ناوبراو داوای لێکۆڵینەوەی زیاتری لەسەر ئەو مەسەلەیە کردووە، کە کێشەکە پەیوەندی بە خراپ بەکارهێنانی دۆلاری باجدەران هەیە. دواتر ڕۆژنامەی بەنیو بانگی ئەمەریکی (واشنتۆن پۆست) ڕاپۆرتی لەبارەی کۆمپانیای یاسایی دووەم بڵاوکردەوە، (کاپلین و دریسدەیل) گرێبەستێکی هاوشێوەی بێ پێشنیارکردنیان پێدراوە، کە ئەگەری پێشێلکردنی ڕێساکانی گرێبەستی فیدراڵیی تێدایە و گومان دەکرێت ئەمانەش پیسێلکاریان کردبێت لەبارەی خەرجکردن و  تێچووی کۆی گشتی ٤ ملیۆن دۆلار.

لە ٢٠ی ژانویەی ٢٠٢١، ڕۆژنامەنووس (کیلو چاو) وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی USAGM بە وەکالەت دەستنیشانکرا، کە جێگەی (مایکل پاک) بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەست لەکارکێشاوەی گرتەوە.

U.S. Agency for Global Media

https://en.wikipedia.org/wiki/U.S._Agency_for_Global_Media

ئەم زانیاریانە بۆ ئەوەیە خوێنەر شارەزایی لەبارەی هۆکاری بڕیارەکانی ئەم دواییەی ئیدارەی (دۆنالد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمەریکا هەبێت، کە وەکو لێپرسینەوە و گومان لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سەرچاوەی دارایی و ڕاگرتنی ئەو پێشلکارییانەی لە بارەی چۆنیەتی خەرجکردن و هاوکاری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناحکوومی هەیە.

 

داوای داخستنی دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئازاد دەکرێت

بەپێی هەواڵ و زانیارییە تازەکانی نێو ڕاگەیاندنی ئەمەریکا و جیهان ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە ملیاردێر ( ئیلۆن ماسک) داوای داخستنی ڕادیۆی ئازاد لە پراگی پایتەختی چیک کە تایبەت بوو کە ڕەتکردنەوەی پروپاگەندەی شۆڤیەتی پێشوو، بە ٢٧ زمان و لە ٢٣ وڵات پەخش دەکرێت و رادیۆی دەنگی ئەمەریکای کردووە. لەچوارچێوەی ئەو بەرنامە و  ستراتیژەی ئیدارەی (ترەمپ) لە پێناو پێداچوونەوە و ئاشکراکردنی چۆنیەتی خەرجکردن و بەکارهێنانی توانا و سەرچاوە داراییەکانی ئەمەریکا بۆ پاڵپشتی ئازادی ڕاگەیاندنی سەربەخۆ و دەستخستنی زانیاریی تەرخانکراوە. بەپێی زانیارییەکان گوایە دەیانەوێت دڵنیایی لە بارەی باج و چۆنیەتی خەرجکردنی داهاتەکان دروست بکرێت و سنوورێکیش بۆ "چەپرەوە توندڕەوە شێتەکان" دابنرێت.

(ئیلۆن مسک)  و( ڕیچارد گرینیل) نوێنەری تایبەتی سەرۆک ترەمپ بۆ کاروباری تایبەت و سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگری، بەتوندی دژی هاوکاری و پاڵپشی دارایی حکوومەتن بۆ ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن. (ماسک) دەڵێت بەشێوەیەکی بەتوندی بۆ ئەم سیاسەتە هاوکاری و پاڵپشتی کراون. لەبارەی ئەم دەزگایانە دەڵێت سەرباری بیرۆکراتییەکتێک توندی خنکێنەر، کەسیش گوێیان لێ ناگرێت. ئەمانە تەنیا کەسانێکی چەپرەوی توندی شێتۆکە لەبارەی خودی خۆیان قسەیان تێدا دەکەن، ساڵانەش ملۆنان دۆلار بەم شێوەیە دەسووتێنن و بەهەدەر دەدەن، کە پارەکەش لە باجەکانی نێوەخۆی ئەمەریکاوە بۆیان دەچێت و هاوکاری دەکرێن.

(گرینیل)یش دەنگی ئەمەریکا و ڕادیۆی ئەوورپای ئازاد بە شتێک لە ڕابردوو وەسف دەکات، لە رێگەی (ئێکس)ەوە دەڵێت : " ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد و دەنگی ئەەمریکا دوو دەزگان باجەکانی ئەمەریکییەکانیان پێ دەدرێت و ئەمانە دەزگای سەر بەدەوڵەتن، ئەمانە پڕن لە کەسانی چەپڕەوەی توندڕەو، بۆ ماوەی چەند ساڵ لەگەڵ ئەو پەیامنێرانە کارم کردووە، ئێمە چی دیکە پێویستیمان بە مینبەری ڕاگەیاندنی پاڵپشتیکراو لەلایەن حکوومەتەوە نییە".  

 

ژمارەکان و ڕۆژنامەنووسانی ئەم دەزگایانە

ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (SAID  ساید)   پارە و توانای دارایی بۆ ٦٢٠٠ ڕۆژنامەنووس دابینکردووە. هەروەها  پشتگیری  ٧٠٧ دەزگای ڕاگەیاندن لە سەرتاسەری جیهان دەکات.

وەکو کاردانەوەیەکی سەرەتایی (یاسین گوندور) پەیامنێرانی بێ سنوور هۆشداری ئەوە دەدات، لە فشار و مەترسییەکانی سەر میدیای سەربەخۆ دوای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمەریکا زیاد دەکات.  

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێ سنوور ئاشکرایکردووە، ڕێکخراوی USAID لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٦٢٠٠ ڕۆژنامەنووس و ٧٠٧ دەزگای ڕاگەیاندنی ناحکوومی و ٢٧٩ ڕێکخراوی ناحکوومی کە گرنگی بە میدیا دەدەن لە پتر لە ٣٠ وڵاتدا هاوکاری و پاڵپشتی دارایی کراون.  بودجەی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٥ ، ٤ ملیۆن و ٢٦٨ هەزار دۆلار بووە، بۆ پشتگیریکردن لە "میدیای سەربەخۆ و بەدەستهێنانی ئازادانەی زانیاری".  ئاژانسەکە ئەم سەرچاوە و توانا داراییە  بۆ ڕاهێنان و پشتگیریی "بەهێزکردنی میدیای سەربەخۆ" بەکاردەهێنێت، لەوانەش ڕێکخراوە میدیاییە گەورەکان و سەرچاوە میدیاییە بچووکەکان، یان تاکەکەسییەکان  دەگرێتەوە، کە لەژێرهەژموون و ژینگەی "بارودۆخی سەرکوتکەر" کاردەکەن.

هەروەها RSF ئاماژەی بەوەشدا، کە USAID لە ئۆکرەین هاوکار و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ میدیای سەربەخۆ، کە نۆ لە دەی  دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەم وڵاتە پشت بە یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستن.  RSF  جەختیشی لەوە کردۆتەوە لەم بوارەدا پێویستیان بە ٩٦ ملیۆن دۆلار هەیە لەپێناو ئەوەی لە ماوەی سێ ساڵدا  دووبارە  میدیای سەربەخۆ  بنیات بنێنەوە، کە بەهۆی شەڕی ئەو وڵاتە تووشی لاوازیی و پاشەکشە هاتووە. بڕیارەکەی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ)ی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی ملیۆنان دۆلار هاوکاریی گروپە ناحکوومییە جیهانییەکان، کە بودجەی میدیاکانیش دەگرێتەوە، بووەتە هۆکار بۆ سەرلێشێواویی و نادڵنیایی لەنێو ڕێکخراوە زیان لێ کەوتووەکان.

https://www.aa.com.tr/en/americas/usaid-funded-6-200-journalists-supported-707-media-outlets-globally-report/3474390

 

ئەفسانە و گیرمانەکانی هاوکاری دەرەکی

لەنێو ئەمەریکا گفتوگۆ لەبارەی ڕێژەی هاوکاریی دەرەکی و بەکارهێنانی پارە و داهاتی وڵات، کە لە باجی هاووڵاتیان کۆکراوەتەوە دەکرێت، بیروڕای جیاوازیش لەمبارەوە هەیە. شارەزایانی ئەم بوارە ئەگەر و گریمانەکانیان بۆ چوار ئەفسانە ناو بردووە، بەمشێوەیە:

ئەفسانەی یەکەم: هاوکارییە داراییەکانی دەرەوە بە رێژەی ٪٢٥ دادەنرێت، بۆیە هاووڵاتیان پێیان وایە ئەمە زۆرە و دەبێت کەمبکرێتەوە بۆ ٪١٠. لەکاتێکدا لە ساڵی دارایی ٢٠١٩ ئەم هاوکارییە بە ٣٩.٢ ملیار دۆلار خەملێنراوە.  هاوکاری دەرەکی کەمترە لە سەدا یەکی بودجەی فیدراڵی.

ئەفسانەی دووەم:  ئەمەریکا پتر لە وڵاتەکانی دیکە هاوکاریی دەرەکی پێشکەش دەکات، وڵاتە دەوڵەمەندەکان ساڵانە تەنیا ٪ ٠.٧ بەرهەمی ناوخۆیی تەرخان دەکەن بۆ هاوکاری وڵاتە هەژارەکان تەنیا پێنج وڵاتی وەکو (نەرویج، سوید، لۆکسمبۆرگ، دانیمارک و بەریتانیا) .

 ئەفسانەی سێیەم: ئەم هاوکارییە پەیوەندی بە بۆچوون و ستراتیژی حزبە سیاسییەکانی نێو ئەمەریکاوە هەیە. بەشێوەیەکی سەرەکی وەکو مێژوو دیموکراتەکان پشتگیری یارمەتی دەرەکی دەکەن و بۆیە ئەمە وەکو بەرنامەیەکی تایبەتی دیموکراتەکان نەک کۆمارییەکان سەیر دەکرێت.

ئەفسانەی چوارەم: گریمانە و لێکدانەوەیەکی دیکە هەیە کە پێی وایە یارمەتی دەرەکی دەچێتە دەست حکوومەتە گەندەڵەکان و ئەم سەرچاوە داراییە بەفیڕۆ دەدرێت، لەساڵی ٢٠١٨دا، ٢١%ی هاوکارییە فەرمییەکانی پەرەپێدانی ئەمەریکا بۆ حکوومەتەکان، ٪٢٠  بۆ ڕێکخراوە قازانج نەویستەکان، ٪٣٤  بۆ ڕێکخراوە فرەلایەنەکان و ٪٢٥یش بۆ شوێنەکانی دیکە تەرخانکراوە.  بە شێوەیەکی ئاسایی، کاتێک ئەمەریکا دەیەوێت پشتگیری دارایی وڵاتێک بکات و لەهەمان ساتدا حکوومەتێکی گەندەڵ دەسەلاتی گرتۆتە دەست، یان هێزێکی خۆسەپێن بەڕێوەی دەبات، هاوکارییەکانی ئەمەریکا لەڕێگەی کەناڵە تایبەتەکانەوە دەنێردرێتە ئەم وڵاتە و توانا داراییەکان  دەدرێتە ڕێکخراوە ناحکومییەکان، یان لایەنە تایبەتەکانی دیکە و  ڕێکخراوە فرەلایەنەکان.  لێپرسینەوە لە یارمەتییە ئابوورییەکانی ئەمریکا زۆرە- ئەمریکا مەرجی توندی لەخۆگرتووە و لێپرسینەوەش دەکرێت، بەڵام دیسان خراپ بەکارهێنانی تێ دەکەوێت.  (    George Ingram, What every American should know about US foreign aid, October 2, 2019, https://www.brookings.edu/articles/what-every-american-should-know-about-u-s-foreign-aid  )

دەنگی ئەمەریکا ڕێکخراوێکی میدیایی نێودەوڵەتییە و بەرنامەکانی بە زیاتر لە ٤٠ زمان لە ڕێگەی ئینتەرنێت و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەوە پەخش دەکات و لەلایەن ئاژانسی ئەمەریکی بۆ میدیای جیهانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. هەر ئەم دەزگایە پارەی ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد/ ڕادیۆی ئازادی و ڕادیۆی ئازادی ئاسیا دابین دەکات. جگە لە ئاژانسی زانیاری جیهانی، فەرمانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا   سەرچاوەی دارایی و هاوکاریی کۆمیسیۆنی نێوەندگیری و ئاشتەوایی فیدراڵی، سەنتەری نێودەوڵەتی وودرو ویلسۆن بۆ زانایان و پەیمانگای خزمەتگوزاری مۆزەخانە و کتێبخانەکان، ئەنجوومەنی نێوان دەزگاکانی ئەمەریکا بۆ بێ ماڵ و حاڵەکان و سندووقی دامەزراوە داراییەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و دەزگای پەرەپێدانی بازرگانی کەمینەکانیش وشک دەکات و بەم بڕیارە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرەکانیان دەبێت بێنرنەوە ماڵ.

ئەم فەرمانە ڕەنگدانەوە و ئاکاری دوایین هەنگاوەکانی سەرۆکی ئەمەریکایە بۆ پێداچوونەوەی دیاردەی بیرۆکراسی لەنێو دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەتی فیدراڵ.، ئەرکەکە تاڕادەیەکی زۆر بە ملیاردێر (ئیلۆن ماسکی) سپێردراوە کە ئەو بە پلەی سەرۆکی ئەو کۆمپانیایە دانراوە، کە بە ئیدارەی کارایی حکوومەت ناسراوە.  تاکو ئێستا هەوڵەکانی ئەم ئیدارەیە بووەتە هۆی نەهێشتنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار هەلی کار لە هێزی کاری مەدەنی فیدراڵی و کە ٢.٣ ملیۆن کەس لە خۆ دەگرێت، ئەم فەرمانە دەبێتە هۆکار بۆ گرتن و ڕاگرتنی یارمەتییە دەرەکییەکان و هەڵوەشاندنەوەی هەزاران بەرنامە و گرێبەست.

 

دیماهی و پوختە

لە شیکردنەوە و لێکدانەوەی زانیارییەکان و ئەو بۆچوونەی دۆزی هاوکاری دارایی دابەشی سەر چوار ئەفسانە و گریمانە کردووە، بۆمان دەردەکەوێت بەشێکی زۆری هاوکاری دارایی وەکو کردەی گەندەڵی دەچێتە دەستی حکوومەت و هێزە گەندەڵکارەکان. ئەم سیاسەتە لە ڕووی مێژووییەوە حزبی دیموکرات پاڵپشتی توندی دەکات و بەدڵی کۆمارییەکان نییە. باجی کۆکراوەی ساڵانەی هاووڵاتیان دەچێتە نێو ئەم پرۆگرامە و بۆیە داوای کەمکردنەوەی رێژەکەی دەکرێت.

لەهەمان کاتدا (دۆنالد ترەمپ) و  ئیدارە نوێیەکەی تێڕوانین و بینینی زۆر جیاوازیان لەوانەی پێش خۆیان هەیە، ئەوان کە ملیاردێرەکانن، نایانەوێت چی دیکە هاوکاری دارایی دەزگاکانی راگەیاندن بکرێت جونکە : یەکەم گەندەڵی تێدا دەکرێت. دووەم: ئەم هاوکارییە دەدرێتە کەسانێک بە(چەپڕەوی توندڕوەی شێتۆکە) ناویان دەبەن.   

ئیدارەی تازەی ئەمەریکا بڕوایان وایە کەس گوێ لە ڕادیۆی ئەوروپای ئازاد و دەنگی ئەمەریکا ناگرێت، بۆیە پێویست بە مانەوە و بەردەوامیان ناکات.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×