بەخۆداچونەوە و بیرکردنەوە لە خود و بیر وڕا و ڕەفتاری خود ئەرکی بەردەوامی سەرشانی ھەمو مرۆڤێکە. مرۆڤ لە تەمەنی حەوت ھەشت ساڵیەوە وردە وردە توانای وردبونەوە و قوڵبونەوە لەخۆ و لە خەڵک تێیدا گەشەدەکات و بەردەوام دەبێت تا تەمەنی پیری.سەنگاندن و پێوان دەبێت بە ھەردو دیوەکەدا بێت، واتا بینین و پێزانین و پەسنکردنی باشی و جوانی و سەرکەوتنەکانی خود، ھەروەھا بینین و پێزانینی ڕەخنە و گلە و گازەنە لە شکست و کەم و کورتیەکانی خود.
لە ڕاستیدا ھەرچی پێشکەوتن و داھێنان و دۆزینەوەی شاراوە و نەزانراوەکانی مێژوی مرۆڤایەتی ھەن، ھەرچی پێشکەوتنەکانی زانست و ئەدەب و ھونەر و سیاسەت و ئابوری و فەلسەفە و ڕامان و... ھەمویان سەرەتا لە ڕەخنەو ناڕازیبون لە کۆن و بەسەرچو و کەموکورتیەکانەوە دەستی پێکردوە.
بۆ تێپەڕاندن و خۆئازادکردن لە کۆت و زنجیرەکانی ڕابوردو، بۆ ئەوەی پێداچونەوە بە ڕابوردو و تاووتوێکردنی بەسەرھات و ڕوداوەکانی ژیانمان سودی ھەبێت و پەندی لێوەربگرین بۆ ئێستا و داھاتومان، ، دەبێت لە سەر بناغەی بتەوی ئەم ڕاستیانە بێت:
۱ .کەس ناتوانێ، چەند زیرەکیش بێت، پێشبینیی تەواوی دادێ بکات چونکە زۆرێک لە ڕوداوە سروشتی (بومەلەرزە..) و ناسروشتیەکانی (شەڕی دو وڵات و حیزب) ژیان لە دەستی تۆدا نین و بێ پرس بە تۆ ڕودەدەن.
۲. ئەزمونەکانی ژیان وردە وردە مرۆڤ وریاتر و زیرەکتر و ھۆشیارتر دەکەن،بۆیە زۆر ھەڵەیە ژنێکی ٥۰ ساڵە بە ھۆشیاری و زیرەکیی ئێستای و ئەزمونی ۳٥ ساڵی ژیانی ڕابوردویەوە بێت لە ئێستادا حوکمێکی ڕەق و بێبەزەیی بەسەر خۆیدا بدات کە بۆ بە ۱٥ ساڵی شویکردوە و ناحەقی و سوکایەتیی خەسوی قبوڵکردوە! یا پێشمەرگەیەکی بێبەشکراو لە مافەکەی وا پەشیمان بێت لە خەباتەکەی کە کورد و کوردستانیشی لەبەرچاو بکەوێت، یا
پزیشکێکی دانەمەزراو بە خۆی بڵێ پەشیمانم لەوەی بوم بە دوکتۆر، ئەم پرسیارە نائومێد و توڕانە چ سودێک بە ئێستام دەگەیەنێ؟کێشەکانی ئێستام چارەسەردەکات؟ بێگومان نەخێر، جوینەوەی بەردەوامی ئەم جۆرە پرسیارانەی وەک: بۆ کردم بۆ نەمکرد؟ ئەبوایە یا نەئەبوایە بمکردایە، خەومان دەزڕێنێ و دڵتەنگمان دەکات و ئەگەر ھەیە ببێتە ڕق لە خود و لە خەڵکیش.
۳ .ژیان خز و لوس و بزۆک و ڕەنگاوڕەنگە و ھەمیشە بە ھەمو ئەگەرەکاندا کراوەیە ولە گۆڕاندایە، ناتوانی بیگریت و بیخەیتە مستی دەستەوە، ڕێکەوت و ڕوداوە چاوەڕواننەکراو و بیرلێنەکراوەکان لە ژیانی مرۆڤدا زۆرن، ئەگەر خراپ بون پلانەکانت با زۆر ورد و لۆژیکی بن تێک و پێکیان دەدەن، ئەگەریش باش بون بە سەرکەوتویی پیادەیان دەکەیت، چەند ھەڵە و تەنک ھزر و تەنگ ڕوانگەن ئەو زۆر گەشبین و زۆر ئەرێنیستانەی دەڵێن دەتوانی بگەیت بە ھەمو خەونەکانت و ببیت بە ھەر شتێک بە مەرجێ بتەوێ و خەباتی بۆ بکەیت!!
٤. کەس پێرفێکت نیە، ھەمومان پڕ پڕین لە کەم و کورتی، لێرا زۆرگرنگە تۆ بتوانی بە خەیاڵێکی بەبڕشتی زیندو خۆت بخەیتە جێی ئەوی تر، ئەمە لە دەرونناسیدا پێی دەڵێن (empathy) ،کە ئەمەت کرد ئیتر باشتر لە ئەوی تر تێدەگەی و لەبەر ھەڵەکانی حوکمی ھەڵواسینی بەسەردا ناسەپێنی و نابیتە توندڕەوی سیاسی و فکری و ئاینی و ئاینزایی!
٥. پێش ئەوەی پەنجەی تۆمەت و ھەڕەشە بۆ ئەوانی تر ئاراستەبکەیت، ئەو پرسیارانەی بێزارت دەکەن و دەتترسێنن بە نەرمونیانی و بە بەزیی بە خۆتدا لە خۆتی بکە بۆ ئەوەی تۆ خۆت بەرە و باشتر بگۆڕی، کە خۆگۆڕین بۆ نمونە وازھێنان لە جگەرە و مەی و مادەی ھۆشبەر و قومار و..ئەوەندە سەخت بێت ئیتر تۆ چۆن دەتوانی خەڵک بگۆڕی؟
٦.لە بری ڕق و ئیرەیی و بیرنەچونەوە و تۆڵەسەندن و ...پێویستە خۆشەویستی و بەخشندەیی و لێبوردەیی و مرۆڤدۆستی بناغەی تاووتوێکردنی ڕابوردوت بێ.
۷. لەبری ھانابردن بۆ کەف و بڵقی سەر ئاوی بیری خەرافیی بێبنەما و زیانبەخشی وەک چاوی پیس و جن و جادو و نزا و بورج و..پێویستە دەستبگرین بە مێخی پۆڵایین و ئەستوری ئاوەز و زانست و لۆجیک و ھەست و شعوری ئینسانیەوە.
٨. زۆربەی وزەی بیرکردنەوە وکارکردنمان دەبێت ئاراستەی ئێستا بکرێت بۆ خۆشترکردنی ژیانمان لە ئیمڕۆدا وەک پێشینان دەڵێن(نان ئەو نانەیە ئێستا لە خوانە)، بەشە کەمەکەی ئەو وزەیەش بۆ ئایندەی نزیک و بۆ ڕابوردو.