نووسەر و مامۆستای زانکۆ
(7) ساڵ لەمەوبەر، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ (مام جەلال) لە (دووکان)، سەبارەت بە تێکۆشان و سووربوون، لەسەر مافە ڕەواکانی گەلی باشووری (کوردستان) نووسیومە:
سەراپای هەوڵ و ئامانجی گەلان، بۆئەوەی گەلەکانیان ئازاد و نیشتمانەکەیان سەربەخۆبێ، هەمووی لە هەلی مێژوویی پێکهاتووە. لەبەرئەوە هەر گەل و سەرکردەیەک، کەمێ هۆشی هەبێ و تاڵی سپی لە تاڵی ڕەش جیابکاتەوە، هەر هەلێکی لەباری بۆ هەڵکەوت، باوەشی بۆ نەکردەوە، لە بارە خودی و بابەتییەکانی تێ نەگەیشت، ئەوا ئەو هەلە زێرینە لەکیس خۆی دەدا و جارێکی دیکە، وا زوو لە دەرگەی ناداتەوە. چونکە دوور نییە، هەر هەلێکی وا لەبار و گونجاو، سەد ساڵ جارێ، بۆ ئەو گەلە بندەستە هەڵکەوێتەوە!
بۆ نموونە: لە مێژووی گەلی باشووری (کوردستان)دا، باشترین هەل بۆ کورد هەڵکەوتبێ، بۆئەوەی داوای سەربەخۆیی تەواو بکا و دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دامەزرێنێ، ساڵی (2003) بوو، کاتێ هێزەکانی هاوپەیمانان، پەلاماری (عێراق)یان دا و لە ماوەیەکی کەمدا، دەسەڵاتی (بەعس)یان، لە ڕەگوڕیشەوە هەڵکێشا. بە تایبەتی هێشتا دەوڵەتی (عێراق) دانەمەزرابووەوە، هێزەکانی عەرەبە شیعە و سووننەکان، لەنێو خۆیاندا ناکۆکبوون و سەر کوردیان نەدەپەرژا. ئا لە ئەو کاتەدا دەبووایە، بە پشتیووانی بەرەی خۆراوای سەرکەوتووی براوەی جەنگ، داوای جیابوونەوەیان بکردایە، یا گشتپرسێکی گشتییان، بە سەرپەرشتی دەزگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بکردایە. نەك دروشمی (عێراقی نوێ!) و (عێراقی هیوا و ئاشتی!)یان بەرزکردایەتەوە، جارێکی دیکەش کێشەی کوردیان لە کێشەیەکی نێوچەیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەوە بئاڵانایە و بە کێشەیەکی نێوخۆیی دەوڵەتی (عێراق)یان دابنایە!
تێبینی:
ڕۆژی (27. 12. 2003) لە (دووکان)، بەشدارانی ڤیستیڤاڵی (گەلاوێژ)، میوانی (مام جەلال) بووین. سەرەتا لە هۆڵی (شەهید عەلی عەسکەری)، (مام) کۆڕێکی گەورەی بۆ میوانەکان گرت. کۆڕەکەش (مەلابەختیار) و دوکتۆر (رەووف عوسمان) بەڕێوەیان دەبرد.
پاشان کاتی پرسیارکردن هات، منیش یەکەمین کەس هەستام و زۆر بە ڕاشکاوی، ئەم بابەتەم لەگەڵ (مام جەلال) باسکرد و گوتم: بەڕیزتان شارەزای ئەو بابەتانە هەن، ئایا مافی (فیدراڵی) یاسایەکی نەگۆڕە، یا سەرانی دەوڵەت دەتوانن، پەشیمانببنەوە و بە بڕیارێ ڕەتیکەنەوە؟! بەڵام چونکە ئێمە دوو دیدی جیاوازمان هەبوو، بە دەنگێکی بەرز و توڕەوە وەڵامیدامەوە و گوتی: تۆ غەدرمان لێ دەکەی، ئێستە (عێراق)ی جاران نییە، بەڵکوو گۆڕاوە و (عێراقی نوێ) و (عێراقی هیوا و ئاشتی)یە!
منیش ویستم، قسەبکەم، بەڵام هاوڕێکانم گوتیان: کەڵکی نییە و دانیشە. سەیر ئەوەیە، تەلەفیزیۆنی (کوردسات) شەوێ هەموو بەرنامەکەی پیشاندا، بەڵام تەنیا بابەتەکەی منیان پیشان نەدا، چونکە لەگەڵ دید و بۆچوونەکانی، سەرکردایەتی پارتەکەیاندا نەدەگونجا! ئەم باسەشم ساڵی (2009)، لە پەرتووکی (هێندێ پەتای کوردکوژە، ل 120) بە درێژی نووسیوە.