پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
ئەم چەند دێڕە بۆ گوتنە سەبارەت بە چەمکە جۆراوجۆرەکانی گەمژەییStupidity،زۆرجاریش وشەی گەمژە لەگەڵ وشەی تردا تێکەڵدەکرێت(گێل،گەوج، دەبەنگ،خۆگەمژەکردن).بەگشتی ئەوەی سەرنجیخراوەتەسەر بەدواداچوون و پەیگیرییە، بۆئەو شتەی بۆ توێژەران لەبواری گەمژەناسیدا بووەتە پرسیار،کە ئایا گەمژەیی دۆخێکی بەردەوامی زگماکییە، کەمئەندامییە یان حاڵەتێکی کاتییە؟گەر گەمژەیی ناساغییە،چ جۆرێکە لە ناساغیی؟دەمارییە یان دەروونییە، یاخود...؟چۆن رەفتاری گەمژە بناسینەوە؟ڕوون نییە گەمژەیی لەگەڵ تەوژمی ژیرمەندیی "کۆمەڵگەی زایاریی"(زیرەکی دەستکرد)چیبەسەردێت؟ بلیمەت دەکاتە دژە جەمسەری گەمژەیی؟ گەمژەیی کەمیی یان نەبوونی ژیریی وتێگەیشتنە، نەبوونی ئاوەز و هەستە؟ گەمژە دەتوانێت فەلسەفییانە بیربکاتەوە؟
گەمژە Stupidکێێە؟ تاکێکی کۆمەڵگەیە، مرۆڤایەتیش بەدەرنییە لە دیاردەی گەمژەیی. گەمژە کەسێکی ناهۆشیارە، بێهەستە، کێشەی زیرەکیی هەیە، توانای تێگەیشتنی خراپە و دەشێت ئەم گەمژەییەی زگماکیی بێت. کەواتە گەمژە کردار و وتنی دوورە لە ئاوەزەوە، لەبەرئەوە توانای ئارگیومێنتهێنانەوەی نییە بۆ کردارە نابەجێکانی و دەرکیش بەوە ناکات سودی بۆ ئەویتری نییە و سودی خۆشی لامەبەست نییە. گەمژە توانای خۆکۆنتڕۆڵکردن و خۆکۆکردنەوەی نییە، زێدەڕۆییدەکات لە رەفتارەکانی و کێشەی سەرنجدانیشی هەیە.
لەناو گەمژەیدا تاریکیەک هەیە و ناسنەمەی گەمژە تەمومژاوییە، ئاسمانی سەری گەمژە هەورە، بێ خۆرە. ئەوەی گەمژە گۆیدەکات بێمانا و ناڕوونە. کردار و گوتنی زمانەوانیی گەمژە، کە پڕکەند و کۆسپە هەڵقوڵاوی تێنەگەیشتن و نەزانیینە و کوانووی هیچ دید و تێڕوانینێکیش نییە.لەمسۆنگەیەوە دەڵێێن:گەمژە بێتوانایە لە دەرکپێکردن و بەکاربردنی زمان. هەربۆیە کێشەی گوزارەکردنی هەیە و توانای دەرئەنجامدان و گومانیشی نییە.زۆربەمان زۆرجار بەزییمان بە گەمژەکان دێتەوە،چونکە دڵنیایین، ئەوەی دەیکەن و دەیڵێن بێئاگاییانە ئەنجامدراوە. دەشزانیین گوتنی گەمژە ناواخن بێهەست و بێسۆزە. گەر وابێت گەمژەکان رەفتاری ناڕەوشتی ئەنجامنادەن. بەمجۆرە بۆمان نییە بە گەمژە بڵێین بێڕەوشت. سەرئەنجام،کێشەی ذهنی لە گەمژە نابێتەوە، ئەمەش وادەکات نە زانین تێبگات و نە زانین بخوڵقێنێت.
سەبارەت بەوەی، کە گەمژە نەخۆشە و دەبێت چارەسەربکرێت، ئاماژە بەوەدەکەین،کە بەپێی توێژینەوە زانکۆییەکان بێت"بەکتریایەک لە مێشکی گەمژەدا بوونی هەیە، کە زانایانی بواری دەمارناسییNeurology بە"ڤایرۆسی گەمژەیی" ناویانناوە، کە هەمان ڤایرۆس لە ئاژەڵانیشدا دۆزراوەتەوە". ئەوەش،کە دەمارناسی سەبارەت بە گەمژەیی دەیڵێت دەروونناسانیشی هەڵداوەتەژێرڕکێفی خۆیەوە.
بەپێی ئەوەبێت باسکرا،کەسی گەمژە هێندەی کێشەی هزریی هەیە کێشەی جەستەیی نییە. هەندێک لە توێژینەوەکانیش بۆئەوە دەچن،کە گەمژە کێشەی دەروونی نییە. بەڵام ئاستی تێگەیشتن و هۆشەنگیەکەی لە ئاستی خوارەوەی نۆرماڵە. ئەمەو لێکۆڵینەوە لە چەمکی گەمژەییStupidnessبەرەو بۆچونگەلێکمان دەبات ،کە پەچەپۆشینی گەمژەیی بۆهەندێک چارەسەرە بۆ بازدان بەسەر تێگەیشتن،کە بەرپرسیارییە.ئەمە بەزۆری دەچێتەخانەی خۆگەمژەکردنەوە.
گەمژە نە ئەرکی هەیە نە هەڵوێستوەردەگرێت، لەناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانیشدا وادەردەکەوێت رەفتار ناهاوسەنگ و نالێهاتووە لە پرسیارکردن و وەڵامدانەوە، شیکاریی و ڕەخنەکردن. کەوابێت، گەڕان بەدوای دانایی گەمژەکان هیچ ناخاتەسەر خەرمانەی خودی داناییەوە. بەڵام هەندێک لە توێژەران بۆ ئەوەدەچن کە گەمژەیی و نەزانی هەمان شت نیین. وێڕایئەوە، ئەو توێژینەوانەش،کە پێداگیرییدەکەن لەسەر ئەوەی گەمژە کێشەی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەوەدەچن،کە گەمژەکان شایانی هاوکارین. تا پەروەردەش بێتەخوارەوە گەمژەیی چرۆدەکات.
توێژەری ئیتاڵی کارلۆ ماریە چیپۆلە Carlo Maria cipolla لە توێژینەوەیەکدا بەناوی""یاسا بنەڕەتییەکانی گەمژەیی مرۆڤ""ئەوەی بە چاکیپێکاوە،کە مرۆڤی گەمژە ئەو کەسەیە،کە "زیان بە کەسێکی تر یان کۆمەڵێک کەسی تر دەگەیەنێت بەبێئەوەی لە هەمان کاتدا درک بە هیچ سوودێک بکات بۆ خودیخۆی یان تەنانەت زیان بەخۆشی ناگەیێنێت. ناوبراو لەوەش ئاگادارماندەکاتەوە،کە "ئەو کەسانەی گەمژە نین هەمیشە ئەو زیانانە،کە گەمژەکان تووشی دەبن بە کەم دەزانن".
سەرباریئەوە، دەبینین،ئەنیشاین هۆشداریدەدات، کە "هەر گەمژەیەکی زیرەک دەتوانێت شتەکان گەورەتر و ئاڵۆزتر و توندوتیژتر بکات.ئەمەش پێویستی بەبڕێک لە دانایی و بوێرییەکی زۆر هەیە، بۆ ئەوەی پێچەوانەکەی بکرێت." ئەو گەمژە زیرەکە دەکرێت زانایەک بێت لە ئەزموونگەیەکی زانستییدا. بۆیە هەر ئەنیشتاین بەوەدەگات، کە""تەنها دوو شت بێکۆتایە، گەردوون و گەمژەیی مرۆڤ. سەبارەت بە گەردوون هێشتا پێێوایە بەتەواوەتی دڵنیا نیم، کە بێکۆتایە."
بۆ کۆتا دیتنمان لەم بارەیەوە گوتنێکی بیرمەندی فەڕەنسیی دولۆز، بەهەندوەردەگرین: "فەلسەفە پێویستە دژ بە گەمژەیی بجەنگێت".ئەڵبەتە ناشێت سەرجەم مێژووی گەمژەیی مرۆڤ لەچەند دێڕێکدا پوختبکرێتەوە،بەڵام ئەوەی زێدە مەبەستە لێرەدا بگوترێت، ئەوەیەکە بەپێی هەندێک توێژینەوەی زانستیی گەمژەیی نابێت وەک پێچەوانەی زیرەکی هەژماربکرێت. ئەمەش بەهۆکاریئەوەی ئاوەزگەرایی سنوردارە، بۆیە لە کەسانی ژیریشەوە دەبێت چاوەرێی کردار و ئاخاوتنی نالۆژیکیی و بێئاوەزببیین.ڕاڤەی گەمژەیی لە کۆمەلگەی نوێی کوردی هاوکارماندەبێت لە دیاردە ناساغ و کردارە بێئاکارییەکانی تاکەکان تێبگەین. مەترسییە گەورەکەش ئەوکاتە دەستپێدەکات،کە دەسەڵاتی سیاسیی دروستکردنی گەمژەیی بۆ گرنگە. لەبەرئەوە زۆر کەیل و خەمبارم بەوەی،گەمژاندن ،کە دەردێکی کوشندەی ئێستامانە، ئامانجێکی سیاسیی لەپشتیەوەیە.