کە دەگەیتە ئەوروپا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەر سیستم و دامودەزگا فەرمی و نا فەرمییەکان دەکەویت، ئەوسا بۆت دەردەکەوێ کە ژیان و زانیاری تاکەکەسی و ناو و وێنەت چەندە گرنگ و چەند بە بەها تەماشا دەکرێ. ئەنجا بۆت دەرکەوێ کە تۆ خودی خۆتت وەکو کەیانێکی سیاسی و سنور بۆ کێشراوی پیرۆز دێتە بەرچاو کە دەست بردن بۆ کیانی تۆ، وەکو داگیرکردنی بەشێک لە خاکی وڵاتێک قورسە.
یەکەم جار کە پێ دەخەیتە وڵاتێکی ئەوروپییەوە و خۆت ڕادەستی پۆلیس دەکەیت، وەرگێرێکت بۆ دابین دەکەن. یەکەم ڕوونکردنەوەی وەرگێڕەکە، کە بە تۆی ڕادەگەیێنێ کە ئەو پارێزەری نهێنییەکانی تۆ ئەبێ و بەڵێننامەی پێ پڕکراوەتەوە کە تا ئەو لە ژیاندا بێ بۆی نیە، هیچ کام لەو زانیارییانە لە لای هیچ کەسێک بدرکێنێت. کاتێکیش دەچیتە نەخۆشخانەکان، کاتێک دەچیتە بانکەکان، لە دادگاکان، لە دامودەزگاکانی دەوڵەت و قوتابخانە و زانکۆکاندا، نهێنی و تایبەتمەندی تۆ، پارێزراوە بە باشترین شێوە. تەنانەت لە نێو خودی هەمان دام و دەزگادا، کاری تۆ لە چ بەشێک و لای چ کارمەندێک بێ، کارمەندەکەی تەنیشتی و ژوورەکەی ئەودیو یاخود بەشێکی دیکەی هەمان دەزگا، هیچ پێویست ناکات و بۆی نیە ئەگەر پێویست نەکات، پرسیار لە بارەی هیچ سەردانیکەر و خاوەن مامەڵە و داواکارێکەوە بکات.
لەم وڵاتانە هەمووان خاوەنی کۆدێکی نشتیمانین وەکو ئەوەی بەم دواییە لە کوردستانیش پەیدابووە. تۆ بۆ هەر دام و دەزگایەکی فەرمی و نیمچە فەرمی بڕۆی، پرسیای ئەو کۆدەت لێ دەکەن، تا لە سیستمە جۆراوجۆرە ئەلکترۆنییەکان، لاپەڕەی تایبەتی تۆ هەڵبدەنەوە کە تەواوی زانیاری تۆی تیا تۆمارکراوە، لە بواری تایبەتمەندی ئەو دەزگایەدا. بەڵام هیچ کارمەندێکی دیکەی ئەو دەزگایە، بۆی نیە گەڕان بۆ هیچ کۆدێکی هیچ کەسێک بکات کە ئەگەر ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەو کەیسەوە نەبێت.
لێرە کاتێک تۆ لە هەر دەزگایەکی فەرمی و نا فەرمی و تەنانەت کەرتی تایبەتیش دابمەزرێی، بە پێی هەستیاری ئەو جێگەیە، بەڵێننامەی بێدەگبوونت پێ ئیمزا دەکەن. ئەم بەڵێننامەیە ئەرکی پاراستنی تەواوی زانیاری نێو ئەو دەزگایە و کڕیار و بریکار و سەردانیکەرانیت، ئەکەوێتە ئەستۆ وەکو کارمەندێک. جگە لەمانەش کاتێ کۆنتراکتی کارکردنیش، لە گەڵ خاوەن کار دەبەستیت، دیسان پاراستنی زانیارییەکان و ناوبانگ و نهێنییەکانی ئەو دەزگایەت دەکەوێتە ئەستۆ.
ئەرکی پاراستنی زانیاری تەنها نەبەستراوەتەوە بەو کاتەوە کە تۆ لەو دەزگایەدا کاردەکەیت، بەڵکو هەمان بار بە ئەستۆتەوەیە، تەنانەت تا دوای وازهێنانیشت.
بە کورتی و بە کرمانجی کۆمەڵگا ئەوروپییەکان، رێککەوتنێکی سەرزارەکی و نووسراوی پتەو پیاده دەکەن، لە پێناو پاراستنی نهێنی و تایبەتمەندی تاکە کەسیدا. وە لە کاتی شکاندنی بەڵێننامەی بێدەنگیشدا، سزا و لێکەوتەی یاسایی و مەعنەوی و تەنانەت قەربووی ماڵیشت، ئەکەوێتە ئەستۆ لە هەندێک دۆخدا.
جگە لەمانە پیاو و ژنیش کە هاوسەر یەکترین، لە زۆر دۆخدا بە بێ بوونی بریکاری نامەیەک، ناتوانن زانیاری لە بارەی یەکترییەوە دەست بخەن. تەنانەت تۆی دایک و باوک، هەموو زانیارییەکت لە قوتابخانەی مناڵەکەشتەوە پێناگات لە قۆناغی ئامادەییەوە. کەواتا مرۆڤ لەم وڵاتانە و بە تایبەتی لە ١٦ ساڵییەوە وردە وردە ئەبێت بە خاوەن کەسێتی و تایبەتمەندی خۆی. هەر وەها لە وڵاتێکی وەکو نەرویج بە پێی یاسا باوان بۆیان نیە زانیاری تەندروستی لە بارەی مناڵەکانییانەوە بزانن کاتێ دەگەنە سەروو ١٦ساڵی، ئەگەر مناڵەکانیان ڕەزامەندی لە سەر نەدەن.
لە دوای ئەم تێکستە ئەپرسم ئاخۆ تا چ ڕادەیەک لە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە هەرێمی کوردستاندا گرنگی بە پاراستنی زانیاری تاکە کەسی و تایبەتمەندییەکانی تاکەکان دراوە؟
لە ڕۆژانی ڕابردوو ڤیدیۆیەکی گەلێک ناخ هەژێنم لە سۆشیال میدیا بەرچاوکەوت. ڤیدیۆیەک کە هێندەی دیمەنی سەربڕینخانەکانی داعش کاری تێکردم. لە ڤیدیۆکەدا کۆمەڵێک ژن و پیاو و کچی گەنج و تەنانەت وێنەی دایک بە مناڵەوە دەردەکەون کە دیارە ئەمانە لە ماڵێکدا کە کاری لەشفڕۆشی تیا ئەکرێ کۆبوونەتەوە و دەست بە سەر کراون. واش دەردەکەوی بە شێوەزاری کەسەکەی کە لە پشتی کامێراکەوە پرسیاری، لە ناوی تەواوی کەسەکان و بۆ چ مەبەستێک لێرەن و خەڵکی کوێن، دەکات. وا دێتە بە گوێ کە ئەو کەسە بە شێوەزاری هەولێری دەدوێ و سەر بە دەزگا ئەمنییەکانە.
کاری لەشفڕۆشی تاوانە بۆ لەش فرۆش و لەش کڕیاریش. نەهێشتنیشی ئەرکێکی پیرۆزە. بەڵام ئەوەی لەم ڤیدیۆیە بینیم وای لێ کردم کە خۆزگە بخوازم هەموو هەرێم پڕ بێ لە لەشفڕۆش و کڕیارەکانی نەوەکو بەو جۆرە قێزەونە ڕێگەی لێبگیرێت. جەنابی ئەفسەری دەزگای ئەمنی بەر لەوەی کامێرای بخستایەتە سەر ئەو کەسانە، ئەبووایە بیرێکی لەم خاڵانەی خوارەوە بکردایەتەوە:
١-هەموو ئەو ژن و پیاوانە خاوەن دایکێک، باوکێک، خوشکێک، برایەک یان منداڵێک یاخود هەموو ئەمانەن لە یەک کاتدا. وەکو ئەو کەسانەت ئەتک کرد ئەو کەسوکارانەیان خۆڵی کوێ بکەن بە سەری خۆیاندا. چۆن چۆنی مامەڵەکانی ژیانی ڕۆژانەیان ئەنجام بدەن کە ئەگەر ناسرانەوە؟
٢-هەموو مرۆڤێک بەو ئەفسەر و کامێرامان و کەسوکارەکانیشیانەوە، ئەگەری هەیە بە هۆی دۆخێکی ناڵەبارەوە بکەونە هەمان دۆخی ئەو فرۆشیار و کڕیاری لەشانەوە. ئاخۆ لە خۆیان پرسیوە کە بەم کارە کۆتایی بە تەواوی ژیانی ئەو کەسانە دەهێنن کە ئیتر دەرفەتی چاکسازییان بۆ نەمێنێتەوە و بە ناچاری دەبێت بەردەوام ئەو کارە بکەن، چونکە تازە بەو کارە ناسراون و بە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیشدا، بڵاوبوونەتەوە.
٣-ئاخۆ ئەو ئەفسەرە بیری لەوە نەکردۆتەوە کە ئەگەری هەیە یەکێک یان زیاتر لەو لەشفرۆشانە بە نهێنی ئەم کارەی کردبێ و لە ئەنجامی بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆ بکوژرێت لە ڕێی شۆرینەوەی ئابڕووی خێزان لە لایەن کەسوکارییانەوە؟
٤-کاکی ئەفسەر بە چ فیکر و هۆش و ئیدراک و سۆزێکەوە ڕێگە بە خۆی ئەدات وێنەی دایکێک بە مناڵێکی دوو سێ ساڵەوە بگرێت، لەو دۆخە ناڵەبارەدا؟
ئێمەی ڕۆژهەڵاتی، میللەتێکیت بە درێژایی مێژوو، هەم ئەتککراوین و هەم خەریکی ئەتککردنین. پڕۆسەی ئەتککردن لە ناخماندایە و شاگەشکە ئەبین کاتێک ئەتکی یەکتری دەکەین. مێژووی میللەتانی ئەو ڕەشهەڵاتی ناوەڕاستە، پەڕە پەڕە هەڵبدەرەوە تا ڕۆژگاری دوێنی داعش، هەزاران نموونەی ڕەجمکردن، هەڵواسینی مرۆڤەکان لە شوێنە گشتییەکاندا، سەربڕین، دەستدرێژی سێکسی بۆ سەر ژن و پیاویش، شێواندنی لاشەی مردوو، زیندەبەچاڵکردن، هەڵگرتنی بوتڵ بە کۆم، ڕاکێشانی مرۆڤ بە زەکەر، هەڵواسینی کارەبا بە گۆی مەمکەوە، ئەتککردن، سەرووبرۆ تاشین، لووت بڕین و زۆر جۆری دیکەش، دەبینیت. هەڵبەتە گرتنی ڤیدیۆی لەم جۆرەش سەرباری بڕۆ و ڕیش تاشین، لە نموونە نەشازەکانی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانن. ئەمانە کردەی بەردەمی کامێراکانن، بۆ کردەکانی پشتی کامێراکانیش، چونکە شایەتحاڵەکان خۆیان قوربانین، ئەستەمە ئەو جۆرانەی ئەتککردن بە ئاسانی دەست بخەین. لە کۆتاییدا ماوەتەوە بڵێم نە کۆمەڵگای کوردی وەها بنیات دەنرێ و نە چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوونم لە سایەی وەها سیستمێک کە مرۆڤ وەها بێ نرخ ئەخاتە نێو سۆشیال میدیاوە.