ڕاستگۆیی پێدراوێکی ئاسمانی یا تایبەتمدندیێکی زگماکی مرۆیی نیە. بەڵکو خەسڵەتێکە مرۆڤ بە درێژایی کایەی ژیان و مامەڵەکانیەوە لەگەڵ کۆمەڵگاو ژینگەو گەردوون و پێکهێنەرەکانیدا دەستی دەخات و پێی دەگات و دواتر پێی دەناسرێتەوە. بەمجۆرە یا وەک مرۆڤێکی ڕاستگۆ وێنا دەکرێت یا دەکرێ بە هێمایەک بۆ درۆکردن و درۆسازی و چەواشەکاریەوە.
مرۆڤ لەوەتەی پێی ناوەتە سەر گۆی زەوی لە رووی فیسیۆلۆژی و فکرو رۆح و پەروەردەو دەروونەوە چەندین قۆناغی جیاوازو هەڵکشان و داکشانی سەیروسەمەڕەی تێپەڕاندووە.
چەمکی ڕاستگۆیی یەکێکە لەو بابەتانەی هاوتەریب لەگەڵ گەشەی تێکنۆلۆجیاو گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگاوە لەلایەن توێژەرو بیرمەندو زاناکانەوە کەوتۆتە بەر شرۆڤەو هەڵسەنگاندن و ڕاڤەی جیاوازەوە.
ڕاستگۆیی چەمکێکە گرێدراوی رابردوو و ئێستا و داهاتوو یا تایبەتمەندیێکی ڕاگوزەرو کاتی و ئێستایی جڤاک نیە. سیفەتێک و خەسڵەتێکی نەبیبراوە، ئەشێ مرۆڤ بە درێژایی کایەی ژیان و بێ ئەوەی لە ناخ و هەستەوە هێمای پرسیارو گومانی خستبێتە سەریەوە، دەستی خستبێ و دوجار بووبێتە بەشێکی سەرەکی لە کۆدێکسی کەسایەتیەوە.
ڕاستگۆیی یا بە دروستی وەسف کردنی دۆخێک، کۆمەڵگایەک و حاڵەت یا دیاردەکانی پانتای ژیان، دەرخستنی دیوە نەبینراوو نامەلموس و شاراوەکەیەتی. ئەو دیوە نەبینراوە شاراوەیەی بینەرو بیسەر لە یەکەم چرکە ساتدا ئەشێ پەی پێ نەبات و توانای بینینی نەبێت و پێی نەزانێ.
چەمکی ڕاستگۆیی و ڕاست وتن, گرێدراوی ئاستی تێگەیشتن و جۆری بیر کردنەوەو ئەو ژینگە و کۆنتێکستە فکری و کولتورەیە، فکر تیایدا پێ گەیشتووەو قۆناغبەندیەکانی هەست و نەست بڕیوە.
ڕاستگۆیی تایبەتمەندیێک نیە پەیوەست بێت بە ستراکتۆری خێزانی و وڵات و نیشتیمان و شادو گەڕەک و خێڵ و نەتەوەو کولتورو نەریت و جۆری ئەو کۆمەڵگایەی مرۆڤ تیایدا پەروەردە کراوەو گەورە بووە.
مرۆڤ هەر لە رۆژی لەدایک بوونیەوە و لەو ساتەوەختەی دەخرێتە دەرەوەی یەکەی خێزان و دەخرێتە بەر خوێندن و دەرەوی ماڵەوە، دەکەوێتە ژێر کارتێکردن و کاریگەری سەرلەبەری پێکهێنەرەکانی کۆمەڵگا و بەردەوام لە کارلێکێکی بێ پسانەوەو بەردەوام دایە.
کولتورو نەریت و جۆری ئەو ژینگە کولتوری و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیەی مرۆڤ تیایدا لە جووڵەدایە، لە دروست کردنی کەسایەتیەکەی و گەڵاڵەکردنی ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریەکەیدا رۆڵ دەگێڕن.
پانتای ژیان بە هەموو بارە سیاسی و جڤاکی و کولتوریەکەی بێ پچڕان مرۆڤ دەخەنە ژێر کاریگەری دونیایەک زانیاری دروست و فاکت و درۆو چەواشەکاری و هەوڵی لە خشتەبردن و دروست کردنی کەسایەتیەکەیەوە.
جۆری کەسێتی مرۆڤی ئەم سەردەمەی قۆناغی هەژمونی سۆشیال مێدیا و هۆشی دەسکردو لەم هەموو بازاڕ و دوکانە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابوری و مێدیا و فەرهەنگیەی بە خراپترین شێواز کەوتۆتە وێزەی مرۆڤەوە، خوازراو یا نەخوازراو مرۆڤی دووچاری جۆرێک لە سەرلێ شێوان و گومرایی فکری و رەفتاری کردووەتەو. بە جۆرێک چەمکی “ ڕاست بوون” یا “ ڕاستگۆیی” یا “ دروست بوون” چیتر پەیوەست نیە بە سرووشتی کەسێتی مرۆڤەوە. بەڵکو کۆی ئەو بەرژەوەندیانەی مرۆڤ بە کۆمەڵ و کۆمەڵگاو جیهانی دەورووبەرەوە دەبەستێتەوە، کاریگەریان هەیە لەسەر ڕاستگۆیی و پروپاگندەکردن بۆ “ ڕاست بوون” و “ گومرا” بووبەوە.
بە واتایەکی تر وێناکردنی ئەوەی “ ڕاستە” یا “ ڕاستگۆیە” یا “ حەقیقەتە” زیاتر سەرچاوە لە وەهم و خەیاڵ و فکرێکی بەرژەوەندگەراو هەستی خودئەوینی و نەفرەت کردنی “ئەویتر و ئەوانیتر”ـەوە دەگرێ تا بە دادوەر کردنی ویژدانێکی پاک و ئاسودەوە.
لێرەدا هەموو هەوڵێکی مرۆڤی “بەرژەوەندچی یا بەرژەوەندگەرا” بۆ سەلماندنی ڕاستی و دروستی ئەو “ حەقیقەت”ـەی ئەو بڕوای پێیەتی، دەبێتە مێتافۆرێک و کەرەستەیەک بۆ بەزاندنی گشت سنوورێکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و عورفێک و دواجار مەکینەی درۆ کردن و درۆسازی لە چەشنی بژاردەیەکی ناچاری و مێتافۆری بۆ سەلماندنی خۆی و دونیای بیروباوەرو بەرژەوەندیەکانی دەخاتە کارەوەو تا سەر ئێسقان لە پێناو سەرخستن و بە پیرۆز کردنیان دەجەنگێ.
بەرژەوەندگەرایی وا لەم جۆرە مرۆڤە دەکات سڵ لە هیچ وتەو هەوڵێکی بە دێوەزمەکردن و ناشرین کردنی ئەوانیتر و لە جوانی خستنیان و کردارێکی نائینسانی و ناعەقڵانی نەکاتەوەو ئەوەی پێچەوانەی ئەوو تێڕوانین و جیهان بینیەکانی ئەو بجووڵێتەوە، دەخرێتە دەرەوەی گشت بەهایەکی جڤاکی، نەتەوەیی و نیشتیمانی و تەنانەت ئینسانیشەوە.