لە شرۆڤەیەکی کورت و پوختدا وێنە هەمیشە هەڵگری کات و سات و زەمەن و ئەو چرکە ساتەیە، وێنەکە تیایدا لە دایک بووە، گیراوە یا کێشراوە.
وێنە ئەشێ کۆنترۆڵی زەمەن بکات، حاڵەت و کات دەگوازێتەوە بۆ ئێستاو دەمانباتەوە رابردوو. وێنە لە هەناوی خۆیدا بە کات و زەمەنەوە گرێدراوە. وێنە لە پاڵ ئەم تایبەتمەندیانەدا هێمایەکی زیندووە بۆ رابردوو و ئێستاو بەشێک لە رووداوەکانی حیکایەت و کایەی ژیان لە هەناوی خۆیدا هەڵدەگرێ و بینەری ژیرو وردبین و بەئاگا یەکسەر دەباتەوە رابردوو و دەیکا بە بەشێک لەو ژینگەیەی وێنەکە تیایدا لەدایک بووە. زیاد لەمەش خەیاڵی بینەر پەلکێشی ئەو بەسەرهات و بوویەرانە دەکات، کەم تا زۆر لە رێگەی ترو کەناڵی ترەوە بینەر پێیان ئاشنایەو کەم تازۆر گوێبیستی بووە.
وێنە گێڕەرەوەی کۆی ئەو بەسەرهات و یادەوەری و ئەو یادگاریانەیە، لە رابردوویەکی دوور یا نزیک روویانداوەو لە ناو زهنیەتی ئێمەدا تۆمار کراون و بە ئاسانی ناسڕێنەوە. هەروەک وێنە ئەشێ حیکایەتێک و بەسەرهاتێکمان بۆ تۆمار بکات، رەنگە مرۆڤ نەیتوانیبێت لە رێگەی نووسین و داڕشتنێکی ئەدەبی دانسقە یا ریپۆرتاژێکی چڕوپڕدا وێنای بکات و مافی تەواوی پێ بدات.
بینینی وێنە دەمانگێڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی وێنەکە هەوڵ ئەدات بۆمانی باس بکات. ئەم باس کردنە و ئاستی تێگەیشتن لە حەقیقەتی وێنە، ئەکەوێتە سەر ئاستی تێگەیشتن و جۆری ڕاڤەکردنی بینەرەوەو گرێدراوی پێشینەی فکری و بارتەقای ئەو زانیاری و تێگەیشتنانەیە، مرۆڤ دەربارەی وێنەو رووداوەکانی رابردوو هەیەتی.
هەر وێنەیەک گرێدراوی کۆمەڵێک تایبەتمەندی و کۆنتێکست و ژینگەیەکە، وێنەکەی تیادا گیراوە. وێنەی ژینگەیەکی فەرهەنگی یا کۆمەڵگاو شارو ئاواییەکی دیاری کراو یا جەنگ و رووبەرووبوونەوەیەکی سەربازی، گرێدراوی کۆی ئەو گێڕانەوەو بەسەرهاتانەیە، بینەر لە خەیاڵدانی خۆیدا بە درێژایی ماوەیەکی دیاری کراو تۆماری کردوون و پێیان دەزانێ.
ئەم زانیاریە تۆمارکراوانە زۆر جار لەگەڵ واقعی خودی وێنەکە هاوتەریب نین و ئەگەر مرۆڤ بە دەمارگیریەوە لێی بروانێ، ناتوانێ وەک فاکتێکی ڕاستەقینە یا حیکاتەتێکی واقعی و برواهێنەرو جێی برواو متمانە، وێنایان بکات و ڕاڤەیەکی ڕاست و دروستی بۆ گەڵاڵە بکات.
وێنە بە تەنیا پێکهاتەیەکی رەنگاڵە نیە لە چەند رەنگ و فۆرمێکی تایبەتی ئەبستراکت یا ئێستاتیکا ( جوانکاری) پێک هاتبێ. وێنە هەمیشە گرێدراوی بارودۆخ و ئەو هەلومەرجە بابەتی و زاتیانەیە وێنەکەی تێدا گیراوە.
وێنە فۆرمێکی وەستاوی بێ رۆح و گیان و جوڵەیە و حاڵەتێک یا سەردەمێک و قۆناغێکی تایبەت لە ژیانمان بۆ وێنادەکات، لە قووڵایی یادەوەریەکانماندا بێ جووڵە بۆ ماوەیەک ماوەتەوەو تۆمارکراوی بەشێکە لە خەیاڵمان.
گەر وێنەیەک لە کۆمەڵگایەکی ئاڵۆزو پڕلە کێشەو فەزایەکی کۆمەڵایەتی گرژ و کایەیەکی سیاسی ناهەموار و فرە ئاڕاستەو جەمسەربەندیدا هەرا بنێتەوەو کاردانەوەی کۆمەڵگا بە دوای خۆیدا بهێنێ، کێشەکە لە ماهیەتی خودی وێنەکە و هەژمون و هێزی سیحراوی وێنەکەدا نیە. بەڵکو کرۆکی کێشەکە گرێدراوی ئەو تێگەیشتنە گشتی و فەزاو ژینگە کۆمەڵایەتی و مەجازیەیە، وێنەکەی تێدا گیراوە و بڵاوکراوەتەوەو کراوەتە کێشەو ئاراستەیەکی تەواو جیاوازو فۆڕمێکی دوور لە چاوەروانی بینەری پێ بەخشراوە.
بەمجۆرە وێنە لە پەیامی ڕاستەقینەی خۆی دوور دەکەوێتەوەو بە ئەنقەست و مەبەستەوە ئەشێ لە لایەن هێزو بکەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ناکۆکەکانەوە بکرێ بە کەرەسەیەک یا چەکێکی مێدیایی بۆ نانەوەی ناکۆکی و کێشەی زیاترو گەورەتر و دروست کردنی دۆخێکی ئاڵۆزکاوو پڕ لە هەڵکشان و داکشانەوە.