تاراوگە هەمیشە لە دونیای خەیاڵی ئێمەدا ئەو شوێنەیە پێمان وایە ئاسوودەیی و ئارام گرتن و ئۆقرەیی ئەبەدیمان پێ دەبەخشێ و دەرفەتی بیرکردنەوەو پلاندانان و گەیشتن بە خەون و خەیاڵە دوورە دەستەکانمان بۆ مەیسەر دەکات و دەرگا داخراوەکانمان بەروودا دەکاتەوە.
تاراوگە هێمای ئەو سەرزەمینەیە هیچی لە نیشتیمانی دایک ناچێت. زمانی قسەکردن و نووسین و ئەدەب و ژینگەو کەشوهەواکەی، کولتورو یاساو رێساو عورف و دونیای سیاسەت و دابونەریتەکانی تەواو نامۆیە بەو نیشتیمانەی ئێمە لێیەوە هاتووین.
تاراوگە ئەو سەرزەمینەیە بۆ هەندێ کەس نیشتیمانی دایک و بۆ کۆچەرەکانیش نیشتیمانی دووەم یا ئەو بەرزەخەیە ئینسانەکانی تاراوگە تیایدا دەگیرسێنەوەو هەوڵی پێکهێنانی ژیانێکی نوێ و سەرەتایەکی تازە ئەدات و رێگاکان تاقی دەکاتەوەو هەوڵی باشترکردنی هەلومەرجەکانی ژیانی دەخاتە سەرووی هەموو ئامانجێکەوە.
تاراوگە هەڵگری ئەو تایبەتمەندیانەیە تاک دەتوانێ لێیانەوە فێری شتی تازە، روانگەی نوێ، مەعریفەی هەڵچنراو لەسەر واقع و زانستی سەردەم، چۆنیەتی کایەی سیاسی و ئیداروبەڕێوەبردنی کۆمەڵگاوە بێت.
غوربەت ئەو شوێنەیە تاکی کۆچەر گەر دەستبەرداری فکرو مەعریفەی کۆنەخوازی نەبێت و تەپوتۆزی پاشاگەردانی و بیری تەسک لە خۆیەوە دانەتەکێنێ و کۆن تەلاقدا نەدات، هەرگیز ناتوانێ گۆڕانکاری بەسەر دیدو دونیابینی و رابردوویدا بهێنێت و لەسەر رێچکەی تازەگەری مەعریفەی تازەدا، ئاییندەیەکی باش و گەنجاو بونیاد بنێت.
مرۆڤەکانی تاراوگە بۆ قەرەبوکردنەوەی رابردووی پڕلە ناهامەتی و دەردەسەری و نەبوونیەکانیان، ئامادەی هەر جۆرە قوربانیدانێکن. بەشێک لەمان بۆ قەرەبوکردنەوەی رابردوویان و ئەو شتانەی لێی بێ بەش بوونە، بەردەوام لەهەوڵ و کۆشش و تاقیکردنەوەی شتەکان و رێگاکاندان.
لە تاراوگەدا ترس لە هەژمونی موتەکەی مەرگ شتێک نیە ئاوێتەی ژیان بێت و گشت کەنج و ژەلەبەرەکانی کایەی ژیان بخاتە ژێر کاریگەری و نفوز و رکێفی خۆیەوە.
حیکایەت و ھەواڵ و دەنگوباسی کۆچی ئازیزان بۆ تاراوگەنشینان زۆر قورسترە لە ماھیەتی خودی تاراوگە و ھەمیشە ئەم جۆرە دەنگوباسانە ناخھەژێنترین رووداوی ژیانی ئەمبەر سنوورەکانن. ھەم بەھۆی دووری و ھەمیش بەھۆی دەستەوەستان و دۆخی بێ دەسەڵاتیەوە.
ترس و پەژارەی لە دەستدانی ئازیزان، دۆستان، ھاوڕێیان، گەورەترین پەژارەیە ئەشێ مرۆڤی تاراوگە نشین ساڵەھای ساڵ لە تەکیدا رێ بکات و ھەر رۆژ بە تاسەوخەمەکانیەوە بتلێتەوە. بەڵام ئەم ترسە هەرگیز وا لە مرۆڤ ناکات رووبکاتە تەڵاقدانی ژیان و دەست بە خۆ بەردانەوەو هیوا هەڵواسێن بە درۆو وەهم و دونیای خەیاڵ پڵاوەوە.
بێگومان ئەم خەمە بە ھیچ نووسین و ریزکردنی وشەودەستەواژەیەکی ئەدەبی وێناو شرۆڤە ناکرێت و لێک نادرێتەوە. رووداوێکە و هەر ئەبێ رووبدات، بێ ئەوەی مرۆڤ لەسەر رێچکەی ژیان بکاتە دەرەوەو سێبەری بێ هیوایی بەسەریدا زاڵ بێت و لە پەکوپۆی بخات.
فەزای پانتای تاراوگە زیاتر لە فەزایەکی ئەفسوناوی ئەچێت و رووبەری خەیاڵێکی دەورەدراوە بە دەیان فکرو دڵەراوکێ و ترس و نیگەرانیەوە.
مرۆڤی تاراوگە نشین لەگەڵ ترس و نیگەرانیەکانی رێ ئەکات و دوای ساڵانێک تەمەن، نیگەرانیەکانی چوارچێوەیەکی تووند وەردەگرن و ئەبن بە ھاورێیەوە. نیگەرانیەکان تاراوگەنشینان پەیوەست نین بە دۆخی ئێستا، هی دوێنێ نین هی مردن نین، گرێدراوی دونیای سیاسەتەوە نین، بەڵکو پەیوەستن بەو دابڕانە رۆحی و جەستەییەی نیشتیمان، دوای ساڵانێکی زۆر وەک کۆت و زنجیر و تەوق، هیلاک دەکەن.
دیوارەکانی دابڕی نێوان ئێستایەکی پڕ لە دڕدۆنگی و نیگەرانی و دوێنێیەکی پڕ لە یادەوەری، لە رەگەزە پێکھێنەرەکانی کاراکتەری ئێستای مرۆڤی تاراوگە نشینن.
جاری واھەیە وێناکردنی داھاتوو زیاتر لە سەرابێکی دوورەدەستەوە ئەچێ و رابردووش بە ھەموو خۆشی و ناخۆشی و چەوتی و نارێکی و ناھەمواریەکانیەوە دەبن بە بەشێکی دانەبڕاوو تێکەڵەیەکی سایکۆلۆژی دەست لێنەدراوەوە. بە جۆرێک مرۆڤی تاراوگە ئارەزوو ناکات بیرەوەریەکانی بکاتە قوربانی ئاییندەیەکی نادیارو نارۆشنەوە و دەسکاریان بکات. بەڵکو ھەردەم لە ھەوڵدایە داھاتووی نادیاری لەسەر بنەمای ئەزمون و دیدگای واقعەوە بونیاد بنێ و نەدۆڕێ و خۆی ڕادەستی رەوتی رووداوەکان و ئەو بەسەرهاتانە نەکات، لەدەرەوەی ئیرادەو خواستی ئەو روو ئەدەن و ئڕاستەی ژیانی دیاری دەکەن.
بەردەوام بوونی ئەم دۆخەش دواجار جۆرە بکەرێکی کۆمەڵایەتی بەرھەم دێنێت لەگەڵ دوێنێی خۆی ھاوڕێ و بەسۆز و لەگەڵ ئێستایدا دڕدۆنگ و لەگەڵ داھاتووشی نامۆو نادڵنیا دەردەکەوێ و خەون و خەیاڵی گەڕانەوەی یەکجارەکی نیشتیمانیش تا دوا هەناسەو دوا چرکەسات و دوا وێستگە، لەگەڵیدا رێ دەکات و دەمێنێتەوەو تا قووڵایی ناخی ڕۆدەچێت.