زانستی سۆشیال کۆنستراکتیڤیزم (Social Constructivism) یا بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی، زانستێکیە هەڵگری گوتارێکی فەلسەفی کۆمەڵایەتیە و وێناو تەفسیری جیهان وک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی یا بونیادێکی یەکگرتووی کۆمەڵایەتیەوە دەکات بە کۆمەڵێک جیاوازیەوە. ئەم زانستە لە بنەڕەتدا گرینگی ئەدا بە کۆمەڵگا فرەئەتنیەکان. کرۆکی ئەم زانستە باس کردنی ئەو تایبەتمەندیانەن ستراکتۆرو بوونیادی کۆمەڵگا فرە نەتەوەکان پێک دەهێنن. لەپاڵ ئەم باس کردنەوەش، زانستی کۆنستراکتیڤیزم پێمان دەڵێت ئێمە پەروەردەکراو یا بەرهەمی کۆی ئەو بیروباوەڕو نۆڕم و دابونەریتانەین بە درێژایی تەمەنمانەوە لەسەری پەروەردە دەکرێین و دواجار رەگەزی ( نێرینە یا مێینە) مان دیاری دەکات.
بە پێی گوتارو مێتۆدەکانی ڕاڤەی ئەم زانستەوە، زمانی ئاخاوتن توانا و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە بەخشینی فۆڕم وناوەرۆک و جۆڕێتی تێگەیشتن و دان نانمان بەو جیهانەی ئێمە بەشێکین تێیدا و رەگەزە پێکهێنەرەکانیدا لە کارلێکی بەردەوامداین.
بە پێچەوانەی زانستی دژەریالیزم ( Antirealism )، کە پێی وایە جۆری تێگەیشتنی مرۆڤەکان لە جیهان لەسەر بنەمای ئەزمونەکانەوە فۆرم دەگرێ، بونیاد گەرایی کۆمەڵایەتی پێیوایە ئەزمونەکان توانای فۆرم بەخشین و گەڵاڵە کردنی جۆری جیهانبینی مرۆڤەکانیان نیە و زۆر جار واقع بە جۆرێکی تر خۆی نمایش دەکات و دەردەکەوێ و چەندین فاکتەری تر لەم دۆخەدا ڕۆڵ دەگێڕن و ناکڕێ نادیدە بگیرێن. بە واتایەکیتر ڕاڤەی جیهان بە لای لایەنگرانی ئەم قوتابخانە زانستیەوە ڕاڤەیەکی بەراوردکاری نیە لە نێوان ئەوەی لە دونیای فێربوون ئامادەیی هەیە و ئەوبەشانەی ئامادەییان نیە.
چەمکی سۆشیال کۆنستراکتیڤیزم یا باشتر بڵێین بونیادخوازی کۆمەڵایەتی( بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی)، زیاتر لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان و دامەزراوەکانی توێژینەوەی ئەکادیمی وەک مێتۆدێکی زانستی بەکار دەبرێت و دەستەواژەیەک نیە خەڵکی بە گشتی، لە ژیانی رۆژانەیاندا پێی ئاشنا بن و بیناسن.
کرۆکی ئەم زانستە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە: حەقیقەتەکانی کایەی ژیان کۆمەڵێک چەمکن، ئێمە پێشترو لە میانەی ئاڵوگۆڕی بیروڕاو گفتوگۆ و پرۆسەی دوورودرێژی کارلێکی بەردەوامی نێوان تاک لەگەڵ گرووپە کۆمەڵایەتیەکان و لە نێوان ئەندامانی گرووپ خۆیانەوە فێریان بوونیەو گەیشتووینەتە سەر کۆدەنگی لەسەریان و وەک " حەقیقەتە" حاشا هەڵنەگەرە باوە بەهادارەکانی ژیان، وێنایان دەکەین.
ئەم حەقیقەتانە دواترلە چەشنی کۆمەڵە فاکتێکی جێگیرو نەگۆڕ دەبن بەشێک لە دونیای باوەڕەکانم ون، بڕوای تەواومان پێیانەوە دەبێت و بەرگریان لێدەکەین.
تەنانەت بەشێک لەم حەقیقەتانە، دوای تێپەڕینیان بە چەندین قۆناغی مشتو مڕو گفتوگۆی چڕوپڕو هەمە لایەنە وبەرفراوانەوە، دواجار دەبن بە بەشێک لە کولتور و باوەڕە نەگۆڕە سیاسی، ئایینی وکۆمەڵایەتی و فەرهەنگیەکانمانەوە.
هەڵبەتە ئەم بابەتە چەندین دیو لە خۆ دەگرێ. دیوێکی فەلسەفی و دیوێکی کۆمەڵناسی. شرۆڤەکردنی ئەم چەمکانە دەکرێ لە دەرفەتتێکیتر و لەرێگەی نووسینێکی تێروتەسەلترەوە بخرێتە بەر باس و گفتوگۆوە.
روانگەی رۆژئاواییەکان بەرامبەر بە دونیاو رەگەزە پێکهێنەرەکانی، روانگەیەکی بابەتیە. واتا رۆژئاواییەکان لە روانگەی مێژوو و ئەو واقعەی کۆمەڵگە تیایدا دەژی، لە دونیا دەڕوانن و شرۆڤەی رووداوەکانی دەکەن و لە رووی زاتیەوە لە جیهان ناڕوانن و وێناکردنەکانیان لەسەر بنەمای ئەو واقع و ئەو هۆکارانەیە رۆژانە رووبەرووی دەبنەوە و سەرووکاریان لەگەڵیدا هەیە.
بەڵام بۆ لایەنگرانی بیری کۆنستراکتیڤیزم، "بابەتی"بوون واتا هاوڕابوون لەسەر کۆی گشتی رووداوو جووڵەکانی کۆمەڵگە لە روانگەی بونیادگەرایی کۆمەلایەتیەوەیە.
لایەنگرانی بیری کۆنستراکتیڤیزم پێیان وایە فەلسەفە ئەو مێتۆدودونیا بینیەیە، ئێمە توانیومانە بە درێژایی زەمەن و لە رێگەی ئەزمونەکانمانەوە جۆرێک لە هاودەنگی و هاوڕابوون دەربارەیەوە گەڵاڵە بکەین و بگەین بە جۆرێک لە کۆدەنگیەوە.
بە واتایەکی تر ئەگەر مرۆڤ بە درێژایی زەمەن لە رێگەی سود وەرگرتن لە کۆمەڵێک بەهاو پێوەرو ئامێرو کەرەستەگەلێکی زانستی ترەوەو بیتوانیایە جیهان و رووداوو و جوڵە و گۆرانکاریەکانی ئەزمون بکات، رەنگ بوو ئێمە ئێستا خاوەنی جۆرێکی تر لە جیهانبینی بوواین و روانگەمان سەبارەت بە کائینات و دونیاوە جۆرێکیتر بووایە.
یا باشتر بڵێین ئەوە کاریگەری ئەزمون تێگەیشتنەکانی ئێمەن گۆڕانکاری بەسەر دیدگاو جیهانبینیەکانی ئێمەدا دێنن، ئەگینا دونیا ناگۆڕێ و هەر لە شوێن خۆیدا دەمێنێتەوە ولە رووی فیزیکیەوە هیچ گۆڕانکاریەکی بەرسەدا نایەت.
دیدی کۆنستراکتیڤیستەکان ( بونیادگەراکان) بەرامبەر بە کایەی ژیان، دیدێکی رەخنەگرانەیە. ئەمان هەڵگری جۆڕێک لە بەدگومانین بەرامبەر بەو ڕاستیانەی بە درێژایی مێژوو وەک فاکت و حەقیقەت خۆیان نمایش کردووەو لە زهنیەتی مرۆڤدا بوونەتە کۆمەڵێك حەقیەقەتی نەگۆڕ.
ئەمان پێیان وایە مرۆڤەکان لە رووی کولتور و مێژوو و باری کۆمەڵایەتیەوە هیچ جۆرە هاوبەشیەکیان لە نیواندا نیە. بۆ نمونە ئەمان پێیان وایە تێگەیشتن لە دەستەواژەکانی " پیاو" و " ئافرەت" لە هەموو کولتورێک و کۆمەڵگەیەک وەک یەک نیە و جیاوازیەکی زۆر هەیە لە نێوان تێگەیشتن لەو دوو دەستەواژەیە لە هەموو کۆمەڵگەکەکان و بەگوێرەی باری کۆمەڵایەتی و ئایینەوە گۆرانکاری بەسەردا دێت.
بۆ نمونە لە یەکێک لە باخچەکانی منداڵان لە سوید هەوڵ دراوە بە شێوەی پراکتیک، پیادەی هزرو روانگەی بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی بکەن. بە شێوەیەک هیچ جۆرە جیاوازیەک، لە رووی توانای جوڵە وکار و بەرێوەبردنی ئەرکەوە، ناخرێتە نێوان " کچ" و " کوڕ" ەوە. ئەمان تا ئەو ئاستە ڕۆیشتوون ڕێگە بە کوڕو کچ بدەن لە دیاری کردنی ڕەگەزی خۆی ( نێریا مێ) خۆی بڕیار بدات و پێناسەی خۆی بکات.
لە روانگەی بونیادگەراکانەوە جیاوازیەکانی نێوان ژن وپیاو، ئەو جیاوازیانەن لە زهنیەتی مرۆڤەکاندا بوونەتە نەریت و بەشێکی سەرەکی لە باوەرە کلاسیکیەکانەوە، وەک بڵێی ئەم جیاوازیانە دەبێ هەر هەبن و هەمیشە هەبوونەو بەشێکن لە نەریتی کۆمەڵایەتیەوە.
ئەوان پێیان وایە ئەوە ئێمەین لە رێگەی جۆری بیرکردنەوەو هزرو گوتارە کۆمەڵایەتیەکانمانەوە زەمینەی گەشەی ئەم باوەڕوتێگەیشتنە دەرەخسێنن، بەوەی جیاوازیەکی بونیادی لە نێوان کور و کچدا هەیە و گەرەکە لە ئەرک و بەرپرسیارەتیشدا ئەم جیاوازیانە رەجاو بکەین. لەم باخچەیەی مناڵاندا کە دەکرێ وەک تاقیگەیەکی زمانەوانی بۆ چەسپاندنی فەلسەفەو هزری بونیادگەرایی کۆمەڵایەتی ناوی بنێین، کچ و کور بە " هاورێ" ی یەکتر پێناسە دەکرێن و هیچ جیاوازیەک لە نێوانیاندا بەدی ناکرێ. هەڵبەت ئەم جۆرە لە تێڕوانین و هەوڵدان بۆ دەسکاریکردنی ئەوە تایبەتمەندیانە خوای گەورە بە مرۆڤی بەخشیوەوژیانی لەسەر بونیاد ناوە، لە لایەن زۆر لایەنی کۆمەڵایەتی و ئایینیەوە رووبەرووی رەخنەی تووند بووەتەوەو بە هەوڵێكی مەترسیدار و نەزۆک بۆ شێواندنی دونیای پڕ بە بەرائەتی منداڵی و ئاڕاستەکردنی بەرەو ئاڵۆزی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی لەقەڵەم دراوەو سەرکۆنە کراوە.
بونیادگەراکان ڕایان وایە روانگەی ئێمەی مرۆڤ بەرامبەر بە دونیا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، هەرکام لە ئێمە دونیا بە جۆرێکی تایبەت بە خۆمانەوە دەبینین و لە زهنیەتی خۆمان بە جۆرێک دونیامان وێنا کردووە دڵخوازی خۆمان بێت. واتا تێگەیشتنی مرۆڤەکان لە دونیا پەیوەستە بەجۆری بیرکردنەوەیان دەربارەی دونیاوە. هەر تاکێک بەوجۆرە وێنای دونیا دەکات، دڵخوازی خۆی بێت. مەرج نیە هەموو تێگەیشتنەکان لە یەک بچن. ئێمەی مرۆڤ بە سود وەرگرتن لە کەرەستەیەک بە ناوی " وشە" وێنای جیهان و دەوروبەرمان دەکەین و لەم وێناکردنەش هەمیشەدەربڕین و زمانێکی تایبەت بە خۆمان هەیە.
" وشە" کان ئەو کەرەستانەن، دەشێ بە بەردی بناغەی جیاوازیەکان دابنرێن. کاتێک لە باخچەیەکی منداڵان لە سوید کچ وکوڕ لە رووی جێندەرەوە بە " کچ" و " کوڕ" ناوناهێنرێن، ئەمە وادەکات منداڵەکانیش بیرکردنەوەیان بەرامبەر بە یەکتر بگۆرێ و زیاتر وەک هاوڕێ لە یەکتر بڕوانن تا دوو ڕەگەزی جیاوازی لە شێوەی نێرو مێ. ڕەت کردنەوەو نادیدە گرتنی جیاوازیە بایۆلۆژی، سایکۆلۆژی و فیسۆلۆژیەکان نە تەنیا شێواندنی دونیای منداڵە، بەڵکو بە ئەگەرێكی زۆۆرەوە لە دوور مەودادا کاریگەری یەجگار نەرێنی و وێرانکەر لەسەر فۆڕم گرتنی کەسێتی منداڵ و بە رائەت وئاییندەیەوە بەجێ دەهێڵی و دووچاری سەرلێشوان ودۆخێكی نەخوازراوی سایکۆلۆژی و لەخرابترین حاڵەتدا گۆشەگیری و پەراوێز کەوتنی کۆمەڵایەتیەوە دەکات.
" وشە" دەتوانی واقع بگۆڕێ و بە پێچەوانەی ئەوەی هەیە ڕاڤەی بۆ بکات. رەنگە هەزم کردنی ئەم حەقیەتە بۆ زۆرێک لە ئێمە مانان، تۆزێک قورس بێت. وشەکان، ڕستەکان، نووسین، دەستەواژەکان و چەمکەکان کاریگەری گەورەیان بەسەر پرۆسەی فۆڕم گرتنی جۆری تێگەیشتنی ئێمەوە هەیە، پەیوەست بە دونیاو رووبەری ژیان و رووداوەکانی ناویەوە.
ئێمە کاتێک توانای گۆڕینی تێگەیشتنەکانمانەوە هەیە، بیرکردنەوەمان بەرامبەر بە دونیا گۆڕانکاری بەرسەردا بێت و ئەو گوتارو دەستەواژەو وشەو چەمکانە بەکاربهێنین، لەگەڵ خۆیان لە زهنیەتی ئێمەدا گۆڕانکاری دروست دەکەن و گۆڕانکاری بەسەر دیدگاکانماندا دەهێنن.
مەبەست لە گۆڕانکاری، گۆڕینی شوێن و شوێنگەو پێگەی دارودرەخت و شاخ و دەشت و دۆڵ و ئاسمان و ئاوی دەریاکان و ...هتد ەوە نیە. بەڵکو مەبەست زیاتر جۆری تێگەیشتنەکانمانە. بوونی درەختەکان بۆ نمونە، بوونێکی فیزیکیە. بەڵام بە بێ بوونی مرۆڤەکان، درەختیش رەنگە ئەو درەختەی ئێمە لە خەیاڵ و زهنیەتی خۆماندا دامان ناوە، بوونی نەبێ. واتا ئەوەی ئێمەی مرۆڤین بە سود وەرگرتن لە زمان و وشەی" درەختەوە"، بوونی درەخت لە خەیاڵ و زهنیەتی خۆماندا وەک درەخت وێنا دەکەین، نەک شتی تر و دیاردەیەکی تری فیزیکی.
بوون و نەبوونی ئێمەی مرۆڤ واناکات ئیدیعای ئەوە بکەین مادام ئێمە بوونمان نیەو نین، کەواتە دارودرەخت و کێوو ئاسمان بوونی فیزیکیان نیە و نابینرێن. بەڵام کۆمەڵێک نەخۆشی و پەتا هەن پەیوەستن بە بوونی فیزیکی ئێمەی مرۆڤەوە لەم دونیا فیزیکیەدا. نەخۆشیە دەروونیەکان، خەمۆکی و دواکەتویی عەقڵی چەند جۆرە نەخۆشیەکن تەنیا گرێدراوی ئێمەی مرۆڤن لەم جیهانەدا و لە ئەزەلەوە هەر هەبوونەو تا مرۆڤیش ماوە هەر دەمێنن.
لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم هاوکات لەگەڵ گەشەی زانست و پێشکەوتنەکانی بواری پزیشکیدا، دەستەواژەی نەخۆشیەکانی " دەمارە پشێویەکان" هاتە نێو فەرهەنگی زمانەوانیەوە. نەخۆشیە دەماریەکان نازناوی ئەو نەخۆشیانە بوو، رەگ و ریشەیان بۆ باری تێکچووی سایکۆلۆژیای مرۆڤ دەگەڕایەوە. بەڵام ئەمرۆکە دوای تێپەربوونی سەدەیەک بەسەر گەشەی زانست و بوارگەلی پزیشکیدا چیتر ئەم دەستەواژەیە بەکار ناهێنرێ و هەموو حاڵەتێكی نەخۆشی، ناوێکی تایبەت بە خۆیەوە هەیە.
بۆیە ناتوانین بڵێین چونکە نەخۆشیەکانی " دەمارە پشێویەکان" چارەسەری بنەڕەتیان بۆ دۆزراوەتەوەو ریشەکیش کراون، کەواتە نەماون. واتا چونکە لە جیهانی پزیشکیدا چیتر ئەم دەستەواژەیە بەکار نایەت، بۆیە ئەم نەخۆشیەش چارەسەری بنەڕەتی بۆ دۆزراوەتەوە.
گوتاری لایەنگرانی بونیادگەرایی، گوتاری ڕەت کردنەوەی زۆربەی هەرە زۆری حەقیقەتە بایۆلۆژی و فیزیۆلۆژیەکانە. ئەم گوتارە لە بەشێکیدا پێمان ئەڵێت هەست و نەستەکان، شتگەلێک نین پێشتر بوونیان هەبووبێ. بەڵکو ئەوە ئێمەین لە ئێستاماندا لەرێگەی کارلێک و مامەڵەکانی رۆژانەمان و پەیوەندی و لەمس کردنی پێکهاتەکانی ناو دونیای دەرەوەماندا لە رێگەی هۆش وزهنەوە ( هەست) بە بوونیان دەکەین و پەی بە بوونیان دەبەین و دواجار دەبن بە بەشێکی سەرەکی لە بوونیادی رەگەزوو کەسێتی و شوناسی کۆمەڵایەتیمانەوە.