دوو وشە لەگەڵ سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی
بەهادین نوری
2020-02-08   995
سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی
زۆر بە تووندی و نا لۆژیکی وەلامی قسەیەکی بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگەی
داوەتەوە لەسەر ئەوە کە ئەو بەڕیوە بەرە گومانی خستۆتە سەر بڕیاری دادگای
تێهەڵچوونەوە لە کەیسی خۆکوژی ئامانج و لانە محەمەد دا . زێتر لەمەش ، بەڕێوەبەری
پۆلیسی تاوان و بەڵگەی تۆمەتبار کردووە بەوە کە چەواشە کاری کردووە لەم کەیسەدا و
لێی دەپرسێ بە تۆنی سوکایەتی پێکردن : کێ داوای لە تۆ کردووە قسە بکەیت ؟ تۆ
نازانیت کە ئیشێ تۆ تەنها جێبە جێکردنی بڕیاری دادوەرەو هیچیتر ؟
ئەم قسانەی سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە ، بەتایبەتی قسە لەسەر (
چەواشەکاری ) لە لایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگەوە ، لۆژیکی نیە . ئەو
بەڕێوەبەرە لە چوار چێوەی ئەرک و کاری خۆیدا ، لە کۆنگرەی ڕۆژ نامەنوسیدا ، قسەی
کردووە . ئەو بە بەڵگەوە گومانی خستۆتە
سەر بڕیاری سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچوونەوە ، و توویەتی :
(دادگا دەڵێ ٧ قەباخە فیشەک دۆزراوە تەوە کە
لەیەک دەمانچەوە تەقێنراوون ، لە کاتێکدا کە لە لێکۆڵینەوە دا ئاشکرایە کە ١١ فیشەک تەقێنراوە ٤ یان لە دەمانچەیەکی
ترەوە تەقێنراون).
باشە جەنابی سەرۆکایەتی بۆچی باس و مناقەشەی
ئەم پرسەت نەکرد کە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگە کردوویەتی بە هۆکاری
دروستبوونی گومان لا یئەو ، لە باتی ئەوە کە قسەکانی بە چەواشەکاری دابنێیت و مافی
ئەوەشی نەدەیتێ کە ڕاو بۆ چوونی خۆی دەربڕێ بە ئاشکرا ؟
من نە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان و بەڵگە
دەناسم و نە ناوی دەزانم ، نە یاسا ناسم ، بەڵام ئەگەر ئەوە ببیستم کە لە کەیسی
ئامانج بابانیدا دەرکەوتووە گوایە لە لێکۆڵینەوە تەنها یەک دەمانچە بووە لە
واقیعیشدا فیشەکی دو دەمانچە کەو تووە لە جێگەی ڕووداوەکەدا ، یەکسەر وەکو
ڕۆشنبیرێکی ئەم ولاتە، گومانم لەلا دروستدەبێ .
لەسەر ئەم کەیسە من ـــ وەکو هاولاتیەکی
سیاسی ـــ دووخاڵ دەخەمە ڕوو :
١ـــ لەگەڵ ئەوەکە بەڕێوەبەری پۆلیسی تاوان
و بەڵگە بە راست دەزانم کە گومانی لا دروستبووە لەسەر کەیسەکە ، بەلام گریمان هەڵە
بووە ، لایەق نەبوو بۆ سەرۆکایەتی دادگایەکی باڵا کە بەم شێوە ناشرین و پڕ لە
تووڕەییە وەلامی کارمەندێکی پۆلیس بداتەوە کە هیچ جۆرە بێڕێزیەکی نیشاننەداوە لە
قسەکانیدا . ئەگەر بەس لە ناونیشانی کارەکەی بڕوانین ( بەرێوەبەری تاوان و بەڵگە )
تێدەگەین کە ئەو بەرێوە بەرە مافی ئەو قسە کردنەی هەبووە .
٢ـــ هەمووان لەم هەرێمەدا
ئەوە دەزانن کە بە دەیەها ساڵ بەر لە
دروستبوونی هەرێم حیزبایەتی تەسک لەم ولاتەدا هاتە کایە و یەکەمجار بەناوی ( مەلای
و جەلالیەوە ) خۆی نواندووە ، دەیەها ساڵ
بنەمای فکری شەڕی براکوژی نێوان پارتی و یەکێتی بووە ، چ لە سەردەمی شاخ و چ
لەسەردەمی شاردا . هەر حیزبایەتی تەسکبوو کە بۆ چەندین ساڵ ئەم هەرێمەی کردە دوو
ئیدارە و دوو سیستەمی بانکی و دوومیلیشیای حیزبی کە هەتا ئێستە دیاردەیە وهەر
زیندووماوەتەوە . هەر حیزبایەتی تەسکبوو کەلەساڵانی ١٩٩٢ – ٢٠٠٣ هەلێکی زێڕینی
لەکیسی ئەم میللەتەدا . لەو ١٢ ساڵەدا ، ئەگەر دەسەڵاتێکی کارامە و دڵسۆز حوکمی
بکردایە ، کەهەرێم بە حالەتێکی سەربەخۆییدا تێدەپەڕێ ، هیچ گومانێ نەبوو کە
حکومەتی هەرێم ، پاش ڕووخانی سەدام لە ٢٠٠٣ دا دەیتوانی ڕۆڵێکی زۆر گەورەتر بگێڕێ
چ لەسەر ئاستی عێراق چ ئاستی خودی هەرێم .
حیزبایەتی تەسک ، جەنابی سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە ، هەموو بوار و
کون و قوژبنێکی ئەم هەرێمەی گرتۆتەوە ، بەئێوەی دادوەرەکانی هەرێمیشەوە کەبەشێکی
کەمتان وەکو دادوەری یاسا و عەدالەت مانەوە و بەشی زۆرتان بوون بەدادوەری حیزب و
حکومەتی حیزب . هەموو کەس دەزانێ کە یەکێ لەکێشەکانی ئەم هەرێمە ، لە ٢٩ ساڵی
تەمەنیدا ، نەبوونی سەربەخۆیی دادگایە ، نەلەزۆنی سەوز و نە زەرد . بەڵێ کەمێ
لەدادوەری سەربەخۆهەن ، بەڵام رێگەیان
پێنادرێ کەزەرەر بگەیەنن بە پەزەکان .
من خۆم شایەتی ئەوەم کەلە
سایەی ئەم ڕژێمەدا سیستەمی دادوەری زۆر خراپی لێ قەوماوە . بەچاوی خۆم ئەم
ناعەدالەتیەم بینیوە بەرانبەر خۆم . ئەوی باوەڕم پێناکات با هەیئەتێکی بێلایەن لە
حاکمەکان یان لەپارێزەران دروستبکات و بێن بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیسەدا کە
پێوەندیدارە بەمنەوە و دادگای تێهەڵچوونەوە بڕیاری دژی ئێمە وەرگرتووە . ئەگەر حەق
لەگەڵ من نەبوو ، ئەگەر دادوەرەکان دۆڕاو دەرنەچوون من بەزیادیشەوە باجی قسەکانی
خۆم دەدەم . فەرموون ئەوە عەرز و ئەوە گەز ! من بەتەحەداوە قسە دەکەم .
حەزدەکەم ئاماژە بۆ ئەوەش
بکەم کەدادوەری خانەنشین لەتیف شێخ مستەفا لە پێش چەند ڕۆژێکدا وتارێکی لەئاوێنەدا بڵاوکردەوە بە ئەدرەسی ( مافیا ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات ) ، کەلەسەر
داوای سەرۆکی ئەوکاتەی هەرێم مەسعود بەرزانی تاقمێ لە دادوەرانی بانگکردووە و قسەی
لەگەل کردوون لەسەر وەزعی هەرێم لە ( ٢٠٠٦ ) ، بزانن چی لەسەر دادوەرانی هەرێم
وتوە !!