نامەیەکی بچکۆلە بۆ بەڕێز د. هەژار بەعروف

بەهادین نوری
  2019-05-24   
   سڵاو د. هەژار
         نووسینەکەتم لە ئاوێنە دا خوێندەوە بە ئەدرەسی ( دادوەری ئاسایش و من ، شاسواریش ) . منیش لە پایزی ١٩٨٨ دا تووشی ڕووداوێکی لەم چەشنە بووم ، بەلام لێرە نەبوو ، لە سایەی ئەم دەسەڵاتەی خۆماندا نەبوو ، بەڵکو لە دیمەشق لە سایەی ڕژێمی بەعسدا بوو . حەزدەکەم لیرەدا بیگێڕمەوە بۆ جەنابت و بۆ کەسانی وەک شاسواریش ) !
      بەسەرهاتی من : چوومە ئێران بەناسنامەیەکی تەزویر . لەوی دەسەڵاتی ئیسلامی ولاتم ئاگادارکرد کە فڵانکەسم لە ئۆپۆزسوێنی عیراقیم وبەم ناسنامە تەزویرە داخڵی ولاتەکەتان بووم وداخوازیەکم هەیە .
      ــ فەرموو چیە ئەو داخوازیە ؟
     ــ بەڵگەنامەی لێسەپاسم دەوێ سەفەری پێبکەم بۆ سوریا .
     ــ سبەینێ وەلامت دەدەینەوە .
      ڕۆژی دوایی بە ( باشە ) وەلامیاندامەوە لەسەر داوایخۆیشم ئەو لیسەپاسەیان بۆکردم بەناوێکی موستەعارەوە . منیش بەو لیسەپاسەوە چومەلای کونسوڵی سوری لەتاران وهەمووشتێکم بەراستی پێوت و داوای ڤیزەم کرد . وتی پاش حەفتەیەک وەرەوە وەڵام وەرگرە . کە جومەوە ڤیزەم پێدرا لەگەڵ ژمارەیە بەرقیە . وەکو بەڵگەیەک کە ڤیزەی ئەسوولیم وەرگرتووە چووم بۆ سوریا ، هەموو مامەڵەیەکی فڕۆکە خانە تەواو بوو ، جانتاکەم وەگرت و دەرچووم . هەمووی ٨ ـ ٩ هەنگاو ڕۆیشتم  کە گەنجێ لەبەردەممدا قوتبووەوە ووتی : 
     ــ وەرە لەگەڵم مودیر دەیەوێ بتبینێت .
      بیرم لێکردەوە چیبکەم ؟ بۆکوێمدەبەن  ، پاش ئەوەی هەموو مامەلەیەکم تەواو کردووە ، ئەگەر لەگەڵی نەچم بەزۆر ئەمبات . کەوتمە بەر مەترسی ، بەلام هیچم پێناکرێ . چووم لەگەڵ کابرا ، بە قادرمەدا بردمیە  ژێرزەمینێک وتی :
     ــ تۆ بەندیت لێرە دانیشە .
    ــ بۆ بەندم ؟ تاوانم چیە ؟ موخالەفەم چیە ؟ تۆ منت هێنا بۆلای مدیر ... کوا مدیر ؟
    ــ شەو مدیر دەبینیت .
    ــ کاکە من لە ئۆپۆزسوێنی عێراقیم . لە سوریا هەموو عێراقیەکان دەمناسن ، سەرکردایەتی حیزبی شیوعی سوری دەمناسن ، فلان و فیسار لە ئەندامانی قیادەی قەومی حیزبی بەعس لە سوریا دمناسن .... ڕێگەم بدە با پیوەندی لەگەڵ یەکێ لەوانە بکەم .
    ــ وتم قەدەغەیە .
     هەرچی هەوڵێکمدا بێهۆ دەبوو . دنیا تاریکبوو ئەم فاشتە بچکۆلە خستمیە سەیارەو بردمی بۆ بەندینخانەی موخابەرات ، ئەو دەزگایەی کە ٥٦ سالەو تائیستەش هەرخۆی حوکمی سوریا دەکات . فڕێدرامە ناو زیندانێک کە  ٣ بەندی دیکەی تێدابوو ، کوردی سلێمانی بوون . کەوتینە قسە ، دەرکەوت کە یەوانیش بەهەمانشێوە گیراون ، لەبرادەرانی یەکێتین ، چەند حەفتەیەکە لەم زیندانەدان . بەلام ئاگادارکرابوون  کە پاش دو ڕۆژ بەردەبن . داوامکرد :
    ــ کە دەرچوون بەشکو هەوالی گرتنی من بگەیەنن بە مام جلال .
     ــ بەسەرچاو .
      مام جلال فریامکەوت و ڕزگاری کردم . هەر ئەو ڕۆژە کە ئەو ٣ گەنجە  بەردران بۆ عەسرەکەی بانگکرام بۆ ژورێکی دایەرەکە ، لەوێ نوینەرێکی یەکێتی ــ عبدالرزاق ــ لەگەڵ ئەفسەری هەواڵگری دانیشتبوو ! ، خۆی پێناساندم و وتی ( مام خلال ناردوومی بۆلات ) . ئەفسەرەکەش وتی :
    ــ داوای لێبوردنت لێدەکەین ، تۆ لەم چرکەیەوە میوانی ئێمەیت .
     بەلام ئەو شەوەش هێشتمیانەوە لە بەندینخانە گوایا لیوای ئامیر لە ئارادا نیە هەتا ئەمری بەردان واژۆ کات و ڕۆژی دواییش چاویان بەستمەوە و بردمیان بۆ جاری دووەم ئیفادەیان لێوەرگرتم !
      کە بەربووم لە ڕێوە جووم بۆ شوقەکەی مام جلال و سوپاسی زۆرم کرد . ئەگەر ئەو فریام نەکەوتایە دوای ئەوە چەند حەفتە یان چەند مانگ لە زیندانی ئەو بەندینخانەیەدا دەمامەوە . لەهەر ولاتێکدا ئاسایش و هەواڵگری حوکمبکات ئەم شێوازە لە زوڵم و زۆرو کاری نایاسایی دەبێتە شتێکی ئاسایی ، ئەوی بەسەر جەنابتان هات ، د. هەژار ، لە ناوەڕۆکدا وەکو ئەوە وایە بەسەر مندا هات ، هەردو بووین بە  ( مەترسی ) لەسەر ئاسایشی نەتەوی و زۆر زیاتریش عەزیەتمان دەدرا ئەگەر حاکم ڕزگار و مام جلال فریامان نەکەوتایەن ! کێ دەڵێ کەیسی شاسوار و نەوەی نوێش لەم بابەتە نەبێ ؟
      لەم ولاتەدا ، کاک  د. هەژار ، دەسەڵات لەدەستی دەوڵەت ویاسادا نیە ، بەڵکو لەدەستی حیزبدایە  ... زوربەی حاکمەکان حاکمی دەولەت نین بەڵکو حاکمی حیزبین !
       ئەما دەبێ بگۆڕێ ، حەتمەن دەبێ ئەم وڵاتەش بچێتە قۆناخی دیموکراسی و یاسا .
      بەڵام پاش چەند ساڵ ، کەی ؟ مەگەر درۆزن وەڵام بداتەوە !!
                                                                                                        بەهادین نوری  
زۆرترین بینراو
سەرۆكی دەزگای ئاسایشی عێراق: هێرشه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی سه‌ر كۆرمۆر جیاوازه‌ له‌وانه‌ی رابردو
تۆم باراك بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان: ناكۆكییه‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌كانتان تێپه‌ڕینن
محه‌مه‌د حاجی مه‌حمود: 50 ساڵه‌ كه‌س نه‌یتوانیوه‌ بێته‌ رێگه‌م و ده‌ستگیرم بكات
نێچیرڤان بارزانی و ئه‌حمه‌د شه‌رع تاوتوێی دۆخی كورد له‌ سوریا ده‌كه‌ن
دەرکەوتنەوەی هێزەکانی (H.A.T) لە ڕۆژئاوای کوردستان
خەزعەلی داوای پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ شیعەکان دەکات
سوپای پاسداران بە درۆن و تۆپخانە سنووری مەریوان بۆردوومان دەکات
مەترسیی دابەزینی پشکی هەرێم بۆ ١١ ترلیۆن دینار لە ئارادایە؛ لیژنەی دارایی زانیاریی نوێ لەبارەی بودجە و مووچە دەخاتەڕوو
بافڵ تاڵەبانی: دان بە پەرلەمانی ئێستادا نانێین و هەرێم بووەتە دوو ئیدارە
لە زیندانەوە تا بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا؛ ئەمریکا پەردە لەسەر تۆڕێکی گوماناویی سەر بە سوپای پاسداران و کەتائیب حیزبوڵڵا لادەدات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×