نامەیەکی بچکۆلە بۆ بەڕێز د. هەژار بەعروف
بەهادین نوری
2019-05-24   1146
سڵاو
د. هەژار
نووسینەکەتم لە ئاوێنە دا خوێندەوە بە
ئەدرەسی ( دادوەری ئاسایش و من ، شاسواریش ) . منیش لە پایزی ١٩٨٨ دا تووشی
ڕووداوێکی لەم چەشنە بووم ، بەلام لێرە نەبوو ، لە سایەی ئەم دەسەڵاتەی خۆماندا
نەبوو ، بەڵکو لە دیمەشق لە سایەی ڕژێمی بەعسدا بوو . حەزدەکەم لیرەدا بیگێڕمەوە
بۆ جەنابت و بۆ کەسانی وەک شاسواریش ) !
بەسەرهاتی من : چوومە ئێران بەناسنامەیەکی
تەزویر . لەوی دەسەڵاتی ئیسلامی ولاتم ئاگادارکرد کە فڵانکەسم لە ئۆپۆزسوێنی
عیراقیم وبەم ناسنامە تەزویرە داخڵی ولاتەکەتان بووم وداخوازیەکم هەیە .
ــ فەرموو چیە ئەو داخوازیە ؟
ــ بەڵگەنامەی لێسەپاسم دەوێ سەفەری پێبکەم
بۆ سوریا .
ــ سبەینێ وەلامت دەدەینەوە .
ڕۆژی دوایی بە ( باشە ) وەلامیاندامەوە
لەسەر داوایخۆیشم ئەو لیسەپاسەیان بۆکردم بەناوێکی موستەعارەوە . منیش بەو
لیسەپاسەوە چومەلای کونسوڵی سوری لەتاران وهەمووشتێکم بەراستی پێوت و داوای ڤیزەم
کرد . وتی پاش حەفتەیەک وەرەوە وەڵام وەرگرە . کە جومەوە ڤیزەم پێدرا لەگەڵ
ژمارەیە بەرقیە . وەکو بەڵگەیەک کە ڤیزەی ئەسوولیم وەرگرتووە چووم بۆ سوریا ،
هەموو مامەڵەیەکی فڕۆکە خانە تەواو بوو ، جانتاکەم وەگرت و دەرچووم . هەمووی ٨ ـ ٩
هەنگاو ڕۆیشتم کە گەنجێ لەبەردەممدا
قوتبووەوە ووتی :
ــ وەرە لەگەڵم مودیر دەیەوێ بتبینێت .
بیرم لێکردەوە چیبکەم ؟ بۆکوێمدەبەن ، پاش ئەوەی هەموو مامەلەیەکم تەواو کردووە ،
ئەگەر لەگەڵی نەچم بەزۆر ئەمبات . کەوتمە بەر مەترسی ، بەلام هیچم پێناکرێ . چووم
لەگەڵ کابرا ، بە قادرمەدا بردمیە ژێرزەمینێک وتی :
ــ تۆ بەندیت لێرە دانیشە .
ــ بۆ بەندم ؟ تاوانم چیە ؟ موخالەفەم چیە ؟
تۆ منت هێنا بۆلای مدیر ... کوا مدیر ؟
ــ شەو مدیر دەبینیت .
ــ کاکە من لە ئۆپۆزسوێنی عێراقیم . لە سوریا
هەموو عێراقیەکان دەمناسن ، سەرکردایەتی حیزبی شیوعی سوری دەمناسن ، فلان و فیسار
لە ئەندامانی قیادەی قەومی حیزبی بەعس لە سوریا دمناسن .... ڕێگەم بدە با پیوەندی
لەگەڵ یەکێ لەوانە بکەم .
ــ وتم قەدەغەیە .
هەرچی هەوڵێکمدا بێهۆ دەبوو . دنیا تاریکبوو
ئەم فاشتە بچکۆلە خستمیە سەیارەو بردمی بۆ بەندینخانەی موخابەرات ، ئەو دەزگایەی
کە ٥٦ سالەو تائیستەش هەرخۆی حوکمی سوریا دەکات . فڕێدرامە ناو زیندانێک کە ٣ بەندی دیکەی تێدابوو ، کوردی سلێمانی بوون . کەوتینە
قسە ، دەرکەوت کە یەوانیش بەهەمانشێوە گیراون ، لەبرادەرانی یەکێتین ، چەند
حەفتەیەکە لەم زیندانەدان . بەلام ئاگادارکرابوون کە پاش دو ڕۆژ بەردەبن . داوامکرد :
ــ کە دەرچوون بەشکو هەوالی گرتنی من بگەیەنن
بە مام جلال .
ــ بەسەرچاو .
مام جلال فریامکەوت و ڕزگاری کردم . هەر
ئەو ڕۆژە کە ئەو ٣ گەنجە بەردران بۆ
عەسرەکەی بانگکرام بۆ ژورێکی دایەرەکە ، لەوێ نوینەرێکی یەکێتی ــ عبدالرزاق ــ
لەگەڵ ئەفسەری هەواڵگری دانیشتبوو ! ، خۆی پێناساندم و وتی ( مام خلال ناردوومی
بۆلات ) . ئەفسەرەکەش وتی :
ــ داوای لێبوردنت لێدەکەین ، تۆ لەم
چرکەیەوە میوانی ئێمەیت .
بەلام ئەو شەوەش هێشتمیانەوە لە بەندینخانە
گوایا لیوای ئامیر لە ئارادا نیە هەتا ئەمری بەردان واژۆ کات و ڕۆژی دواییش چاویان
بەستمەوە و بردمیان بۆ جاری دووەم ئیفادەیان لێوەرگرتم !
کە بەربووم لە ڕێوە جووم بۆ شوقەکەی مام
جلال و سوپاسی زۆرم کرد . ئەگەر ئەو فریام نەکەوتایە دوای ئەوە چەند حەفتە یان
چەند مانگ لە زیندانی ئەو بەندینخانەیەدا دەمامەوە . لەهەر ولاتێکدا ئاسایش و
هەواڵگری حوکمبکات ئەم شێوازە لە زوڵم و زۆرو کاری نایاسایی دەبێتە شتێکی ئاسایی ،
ئەوی بەسەر جەنابتان هات ، د. هەژار ، لە ناوەڕۆکدا وەکو ئەوە وایە بەسەر مندا هات
، هەردو بووین بە ( مەترسی ) لەسەر
ئاسایشی نەتەوی و زۆر زیاتریش عەزیەتمان دەدرا ئەگەر حاکم ڕزگار و مام جلال
فریامان نەکەوتایەن ! کێ دەڵێ کەیسی شاسوار و نەوەی نوێش لەم بابەتە نەبێ ؟
لەم ولاتەدا ، کاک د. هەژار ، دەسەڵات لەدەستی دەوڵەت ویاسادا نیە
، بەڵکو لەدەستی حیزبدایە ... زوربەی
حاکمەکان حاکمی دەولەت نین بەڵکو حاکمی حیزبین !
ئەما دەبێ بگۆڕێ ، حەتمەن دەبێ ئەم وڵاتەش
بچێتە قۆناخی دیموکراسی و یاسا .
بەڵام پاش چەند ساڵ ، کەی ؟ مەگەر درۆزن
وەڵام بداتەوە !!
بەهادین
نوری