بانکی ناوەندی بڕیار و ڕێنمایی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەردەکات
  2023-10-26       1809       

ئەمڕۆ ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بە ١٦١ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەى پێوە کرا، هاوکات بانکى ناوەندى عێراقیش چەند ڕێنماییەکی نوێی بڵاوکردووەتەوە کە ئەو بڕیارانە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی ناوخۆی عێراق ١٠٠ دۆلارى ئەمریکى بە ١٦١ هەزار و ٥٠٠ دینار مامەڵەى پێوە کرا کە ئەو نرخەش بەراورد بە دوێنێ بە جێگیری ماوەتەوە.

لەلایەکى دیکەوە میدیا عێراقییەکان بڵاویان كردووتەوە، بانکى ناوەندى عێراق بە هاوکارى وەزارەتى ناوخۆ و وەزارەتى دارایى پێش کۆتایىهاتنى ئەمساڵ ڕێوشوێنەکانیان بۆ جێبەجێکردنى ڕێنماییەکان بۆ ساڵى نوێ چڕکردووتەوە کە خۆى لە قەدەغەکردنى هەموو جۆرە مامەڵەیەک بە دۆلار و کردنى هەموو مامەڵەیەک بە دینار و چاپکردنى جۆرێکى نوێ دینار دەبینێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو ڕێوشوێنانە هەرێمیش دەگرێتەوە و سەردانەکەى عەلى عەلاقی پارێزگارى بانکى ناوەندیش بۆ هەولێر لە چوارچێوەى ئامادەکاریەکاندا بووە.

بڕیار و ڕێنماییەکانى بانکی ناوەندی عێراق بڕیارە لە سەری ساڵەوە بە چڕی و بە شێوەیەکى جدی بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، ئامانج لەو ڕێنماییانەش دابەزاندنى نرخی دۆلارە بەرامبەر دینار.

ماوەی دوو هەفتەیەکە بەهای دۆلار بە شێوەیەكی بەرچاو بەرامبەر بە دیناری عێراق بەرزبووەتەوە، ئەمەش ناڕەزاییەتی شەقامی لێكەوتووەتەوە، دوای چەندین بەڵێنی بانكی ناوەندیی بۆ كۆنترۆڵكردنی بەهای دۆلار بەڵام تا دێت بەهای دۆلار بەرز دەبێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×