وەزیری دارایی: ئامادەکاریمان بۆ هەمواری یاسای بودجەی‌ عێراق کردووە
  2023-10-22       1559       


ئاوات جەناب نوری، وەزارەتی دارایی هەرێم ده‌ڵێت، ئامادەکارییان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگەو مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بەماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.     

ئاوێنه‌: به‌گوێره‌ی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی، ئه‌مڕۆ یەکشەممە، ئاوات جەناب نوری پێشوازی کردووه‌ لەشاندێکی کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر کە پێکهاتبون لەئان مەسون، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی و ئابوری کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێرو مایکل لومبەرادو، پاشکۆی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لەعیراق.       

وەزیری دارایی له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕایگەیاندووه‌، توانیویانە بۆ سێیەم جار داتاو ژمارەی موچە خۆرو فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگای دیوانی چاودێری داراییەوە بۆ حکومەتی عێراق پشت ڕاست بکەنەوەو خەرجی و داهاتەکانیش بەڕاپۆرتێکی وردو پڕ زانیاری پێشکەش بکەن.  

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، "بەرپرسی بەشی سیاسی و ئابوری کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر ئامادەبونی وەزیری دارایی و شاندی هەرێمی لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە هەنگاوێکی گرنگ لەقەڵەمدا بۆ نیشاندانی نیەت پاکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەڵ بەغداد."

لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا ئاوات جەناب نوری ڕایگەیاندووه‌، "وەک وەزارەتی دارایی هەرێم ئامادەکاریمان کردووە بۆ هەمواری ئەو بڕگەو مادانەی یاسای بودجە کە تایبەتن بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
    
لەدرێژەی دیدارەکەدا وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر هەنگاوەکانی پرۆژەی هەژماری من بۆ وەفدی میوان خستەڕوو وتی‌، "(هەژماری من) پرۆژەیەکی گرنگە بۆ چاکسازی و پەیڕەوکردنی شەفافیەت لەقۆناغی داهاتودا فەرمانبەرانی کەرتی تایبەتیش هەژمارەکەیان بۆ دەکرێتەوەو لەو ڕوەشەوە دەرگایان کراوەیە بۆ هەر هەماهەنگی و هاوکاریەک لەلایەن بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×