سوپای ئیسرائیل دەڵێت: هێرشی سەر نەخۆشخانەكەی غەززە بەهۆی موشەكی چەكدارانی فەلەستینییەوە بوە
  2023-10-17       640       

سوپای ئیسرائیل لەبارەی بۆردومانەكەی ئەمشەوی نەخۆشخانەكەی غەززە كە تێیدا سەدان كەس كوژران دەڵێت: بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەرپرسیاری هاویشتنی ئەو موشەكەیە كە بەر نەخۆشخانەكەی غەززە كەوتوە.

ئاوێنە: سوپای ئیسرائیل، ئەمشەو سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری رەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردۆتەوە، رایگەیاندوە، چەكدارانی فەلەستینی زنجیرەیەك موشەكییان هاویشتوەو بەنزیك نەخۆشخانەی مەعمەدانیی غەززەدا تێپەڕیون و نەخۆشخانەكەیان پێكاوە.

وتوشیەتی، "بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكان كە لە چەندین سەرچاوەوە بەدەستمان هێناون، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی بەرپرسیارە لە هاویشتنی ئەو موشەكە سەرنەكەوتوەی كە بەر نەخۆشخانەكە كەوتوە لە غەززە."

ئەمشەو سێشەممە، نەخۆشخانەی مەعمەدانی ئەهلی لە كەرتی غەززە بۆردومانكرا كە بەقسەی تەندروستی كەرتی غەززە لە بۆردومانەكەدا زیاتر لە 500 كەس كوژراون.

هێرشی سەر نەخۆشخانەكە كاردانەوەی زۆری لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیهان، بەدوای خۆیدا هێناوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×