وتەبێژی تەندروستی كەرتی غەززە رایگەیاند، لە هێرشێكی ئاسمانی ئیسرائیلدا بۆ سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە كەرتی لە غەززە، نزیكەی 500 كەس كوژراون.
ئاوێنە: وتەبێژی تەندروستی كەرتی غەززە لە لێدوانێكدا وتوشیەتی، ئەوان ناتوانن پێداویستییەكان دابین بكەن و "كۆمەڵكوژییەكە گەورەیە."
وتەبێژی تەندروستی كەرتی غەززە راشیگەیاندوە، هیچ شوێنێك لە كەرتی غەززە پارێزراو نییە بەهۆی بۆردومانی "هەڕەمەكی" ئیسرائیلەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی بزوتنەوەی حەماس هێرشەكەی بە "تاوانی جەنگ" ناوبردو رایگەیاند، نەخۆشخانەكە سەدان نەخۆش و بریندارو ئەو ئاوارانەی تێدابون كە ماڵەكانیان جێهێشتوەو وتوشیەتی، هێشتا سەدان قوربانی لەژێر داروپەردودان.
هاوكات وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هۆكاری روداوەكە نادیارەو سوپا لێكۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەكات.