جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەی ئەو منداڵە فەلەستینییە دەکات کە ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن پیاوێكەوە بە چەقۆ کوژراو دایكیشی بەسەختی برینداركرا.
ئاوێنە: جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند"بیستنی هەواڵی کوشتنی دڕندانەی منداڵێک و هەوڵی کوشتنی دایکی منداڵەکە کە دوێنێ لە ویلایەتی ئیلینۆی ڕویدا، هەواڵێکی دڵتەزێن و قێزون بو بۆ من و جیل. بەشداری خەمی خێزانەکەین و دوعای خێریان بۆ دەکەین. ئەم کردەوەی ڕق و کینە بەرامبەر بە خێزانێکی موسڵمانی فەلەستینی لە ئەمەریکا جێگەی نابێتەوە."
دوێنێ یەكشەممە، پیاوێکی تەمەن 71 ساڵ بە ناوی جۆزێف چوبا لە ویلایەتی ئیلینۆی ئەمەریکا منداڵێکی تەمەن 6 ساڵانی فەلەستینی بە چەقۆ کوشت و دایکەکەشی بەسەختی بریندار کرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی بەرپرسی ناوچەی (ویل کاونتی)، منداڵەکە 26 جار بە چەقۆیەکی سەربازی و دداندار لێیدراوەو دوای ئەوەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.
دایکی منداڵەکە کە تەمەنی 32 ساڵە بە برینداری لە نەخۆشخانە ماوەتەوە، تەندروستی بەرەو باشتر دەچێت.
بەرپرسەکە وتیشی "لێکۆڵەران بۆیان دەرکەوتوە کە هەردو قوربانی ئەم هێرشە دڕندانەیە، بەهۆی ئایینەکەیانەوە بوە کە موسڵمانن و وەک وەڵامێک بۆ شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کراونەتە ئامانج."
بەوتەی ئەحمەد ڕێهابی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و موسوڵمانان لە شیکاگۆ، لە کاتی هێرشەکەدا دایکەکە توانیویەتی پەیوەندی بە پۆلیسەوە بکات.
ئەنجومەنەکە داوای کۆتاییهێنان بە "ڕەگەزپەرستی دژی موسڵمانەکان و فەلەستینییەکان دەکات کە لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیاوە بڵاودەبنەوە."