ره‌ئیسی بۆ ماكرۆن: ئه‌گه‌ر شه‌ڕی‌ ئیسرائیل-فه‌ڵه‌ستین رانه‌گیرێت دۆخه‌كه‌ لەکۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت
  2023-10-15       787       

هه‌ردو سەرۆک کۆماری ئێران‌و فەرەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئه‌نجامداو لەبارەی فراوانبونی شەڕی نێوان ئیسرائیل-فه‌ڵه‌ستین گفتوگۆیان كرد.  سەرۆک کۆماری ئێران ڕایگه‌یاند، "ئەگەر ئێسرائیل لەهێرشەکانی بەردەوام بێت‌و کۆتایی بەکوشتاری خەڵک و گەرمارۆی سەر غەززە نەهێنێت، باردۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت‌و بەرەکە فراوانتر دەبێت."
 
ئاوێنه‌: میدیاكانی ئێران بڵاویانكرده‌وه‌، ئەمرۆ یەکشەممە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەئیمانوئێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و شەری نێوان حەماس و ئیسرائیل و بارۆدۆخی غەززەیان تاوتۆیکرد.
 
محەمەد جەمشیدی، بەرپرسی کاروباری سیاسیی نوسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بەمیدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندووە، "رەئیسی لەوەڵامی پەیوەندییه‌ تەلەفۆنییه‌كه‌ی‌ سەرۆک کۆماری فەرەنسادا جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر تاوانەکانی رژێمی زایۆنی وەک کوشتارو گەرمارۆی سەر خەڵکی کەرتی غەززە رانەوەستێت، بارۆدۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت‌و بەرەکە فراوانتر دەبێت."

شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی‌ نێوان سوپای‌ ئیسرائیل‌و بزوتنه‌وه‌ی‌ حه‌ماسی‌ فه‌ڵه‌ستینی‌ هه‌فته‌یه‌كی‌ تێپه‌ڕاندو تائێستا ده‌یان كه‌س له‌هه‌ردولا كوژراون، بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆخی‌ ناوچه‌كه‌ش، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵاهیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران سه‌ردانی‌ لوبنان‌و قه‌ته‌ری‌ كردو له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی‌ ئه‌و دو وڵاته‌ ئه‌گه‌ره‌كانی‌ به‌رفراونبونی‌ شه‌ڕه‌كه‌ی‌ تاوتوێكرد.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×