پاپا فرەنسیس، پاپای کڵێسا‌ی کاسۆلیکیو سەرۆکی ڤاتیکان، ھانی ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکانیدا کە لەکەرتی غەززە ڕێز لەیاسای مرۆڤایەتی بگرن.
ئاوێنه: پاپا فرەنسیس لەوتارێکدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە پێشکەشیکرد وتی، "مرۆڤ دەبێ ڕێز لەمافەکان بگرێت، بەتایبەتی دەبێت رێڕەوەکانی مرۆیی گەرەنتیکراو بن بۆ گەیاندنی بەپەلەی یارمەتییە سەرەتاییەکان بۆ ھەموو خەڵکی غەززە".
ھەروەھا ھانی ئیسرائیل و لایەنە فەڵەستینییەکانیدا کە توندوتیژی و ڕشتنی "خوێنی بێتاوانان" بوەستێنن و داوایشیکرد، ئەو کەسانەی کە لەمیانی گرژییەکاندا، بەبارمتە گیراون، ئازاد بکرێن.
پاپا فرەنسیس داواشیكرد کە خەڵکی مەدەنی، بەتایبەتی منداڵان، بەساڵاچووان و ئافرەتان نەکرێنە قوربانی ململانێیەکان.
جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، "تکایە چیتر لەخاکە پیرۆزەکان، ئۆکرایناو ھیچ شوێنێکی دیکە، خوێنی بێ‌تاوان مەڕێژن! بەسە! شەڕەکان ھەمیشە شکستن".
به‌ره‌به‌ریانی ڕۆژی 7ی 10ی 2023، كه‌تیبه‌كانی قه‌سام، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژ بەئیسرائیل راگەیاندو لەگەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەزاران موشەكی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. هه‌روه‌ها له‌هێرشه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای ئیسرائیل كوژران‌و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شی به‌دیل گرت. له‌به‌رامبه‌ردا سوپای ئیسرائیل ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه لهزهویو ئاسمانه‌وه به‌چڕی بۆردومانی كه‌رتی غه‌ززه ده‌كات.