هەشت رۆژ بەسەر هێرش‌و شه‌ڕو پێكدادانه‌كانی نێوان بزوتنه‌وه‌ی حەماس‌و ئیسرائیل تێدەپەڕێت‌و بەگوێرەی ئامارەکان، تائێسا 400 هەزار فەڵەستینی ئاوارەبون‌و دو هەزارو 215 هاوڵاتی فەڵەستینی له‌كه‌رتی غه‌ززه كوژراون كه نزیكه‌ی 700یان منداڵن، هه‌روه‌ها هەزارو 300 هاوڵاتی‌و سه‌ربازی ئیسرائیلی-یش کوژراون.
ئاوێنه: به‌ره‌به‌ریانی ڕۆژی 7ی 10ی 2023، باڵی سەربازیی بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی لەژێر ناوی "گەردەلولی ئەقسا" دژ بەئیسرائیل راگەیاندو لەگەڕی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا هەزاران موشەكی ئاڕاستەی ئیسرائیل كرد. هه‌روه‌ها له‌هێرشه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای ئیسرائیل كوژران‌و ژماره‌یه‌كی دیكه‌شی به‌دیل گرت. له‌به‌رامبه‌ردا سوپای ئیسرائیل ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه له‌زه‌وی‌و ئاسمانه‌وه به‌چڕی بۆردومانی كه‌رتی غه‌ززه ده‌كات.
بەپێی نوێترین ئاماری تەندروستی فەڵەستین، به‌هۆی هێرشه ئاسمانییه‌كانی سوپای ئیسرائیله‌وه تائێستا دو هەزارو 215 هاوڵاتی فەڵەستینی له‌كه‌رتی غه‌ززه كوژراون كه نزیكه‌ی 700یان منداڵن، هه‌روه‌ها زیاتر لەحەوت هەزار کەسیش برینداربون.
لای خۆیه‌وه سوپای ئیسرائیل بڵاویكردۆته‌وه كه به‌هۆی هێرشه‌كه‌ی حه‌ماسه‌وه، هەزارو 300 کەس لەئیسرائیل کوژراون و سێ هەزارو 200 کەسیش برینداربون.
هاوكات نوسینگەی کاروباری مرۆیی سه‌ر به‌ڕێكخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان -ئۆنۆروا- لەراگەیه‌ندراوێکدا ئاشكرای كردووه كه بەهۆی بۆردومانە بەردەوامەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 420 هەزار کەس ناچاربون ماڵەکانی خۆیان لەغەززە جێبهێڵن.
نزیکەی 270 هەزار کەس لەوانەی کە ئاوارەبون پەنایان بۆ ئەو قوتابخانانە بردووە کە نەتەوەیەکگرتووەکان لەغەززە دروستیکردون‌و 27 هەزاری دیکەشیان لەقوتابخانەکانی فەلەستینییەکانن و دەیان هەزار کەسی دیکەش چونەتە شوێنە گشتییەکانی دیکەی غەززە.
چاوەڕوان دەکرێت زیانەکان لەکەرتی غەززە زیاتر ببن، بەتایبەت دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل داوای لەدانیشتوانی باکوری غەززە کرد کە بەرەو باشوری کەرتەکە بڕۆن و ئەگەری مەترسی هێرشی زەمینی بۆ سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتەکە هەیە.
ئۆنۆروا ده‌شڵێت، زیاتر لەهەزارو 300 باڵەخانەو نزیکەی چوار هەزار خانوی هاوڵاتیان لەکەرتی غەززە بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە وێران بون كه پێنج هەزارو 540 یەکەی نیشتەجێبون لەو باڵەخانانە وێرانبون‌و نزیکەی سێ هەزارو 750 خانوش بەشێوەیەک زیانیان بەرکەوتووە کە بەکەڵکی ژیان نەماون.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 55 هەزار یەکەی نیشتەجێبونی دیکە لەغەززە زیانیان بەرکەوتووە.