کۆشکی سپی لە بارەی گواستنەوەی هاوڵاتیانی غەززە رونکردەوە دەدات
  2023-10-13       620       


وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا رایگەیاند، چۆڵکردن و گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە لە ماوەی 24 کاتژمێر کارێکی قورسە، بەپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، "ئیسرائیل دەیەوێت هاوڵاتیان غەززە چۆڵبکەن بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنە زەمنییەکەی بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامبدات.

جۆن کێربی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی بە میدیای "MSNBC"ی ئەمریکی رایگەیاند، داواکارییەکەی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردن و گواستنەوەی تەواوی دانیشتوانی کەرتی غەززە لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارێکی قورسە.

ئاماژەی بەوەشکرد، داواکارییەکەی ئیسرائیل قورسە، چونکە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆر دانیشتوان بگوازرێتەوە، لەوە تێدەگەین بۆچی دەیانەوێت دانیشتوانی غەززە بگوازرێنەوە، چونکە ئامانجی سەرەکی سوپای ئیسرائیل هێزەکانی حەماسە.

لەگەڵ میسر قسەدەکەن بۆ ئەوەی رێگە بە هاوڵاتیانی غەززە بدەن تێپەڕببن
ئەوەشی خستەڕو، دەروەزای سنوری رەفح هێشتا بە داخراویی ماوتەوە، لەگەڵ کاربەدەستانی ئیسرائیل و میسریش گفتوگۆ لە بارەی گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە و رێگەدان بە تێپەڕبونیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بنیامین ناتنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل گفوتگۆی کردوە بۆ دامەزراندنی ناوچەی سەلام لە غەززە بۆ ئەوەی گیانی هاوڵاتیانی ئەو کەرتە بپارێزرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکەیەوە تەواوی بزوتنەوەی حەماس بە سەرجەم باڵە سەربازییکانییەوە لەناوببات و بونیان لە نێو کەرتی غەززەدا نەهێڵێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شەش رۆژ بەسەر هەڵگیرساندنی ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا" لەلایەن هێزەکانی سەر بە بزوتنەوەی حەماس دژ بە سوپای ئیسرائیل تێدەپەرێت، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی هەزار و 500 فەڵەستینیش کوژراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×