سكرتێری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ ڕایگەیاند، هۆشداری دەدەینە ئێران و حزبولڵای لوبنان و هەر لایەنێكی دیكە لە دوژمنایەتی ئیسرائیل و دەستوەردان لە شەڕو ئاڵۆزییەكانی غەزە، دەشڵێت، هاوپەیمانی ناتۆ لایەندار نییە لەم ململانێیەدا.
دوای كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ناتۆ لە برۆكسل (جێنس ستۆڵتنبێرگ) سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ لە بارەی شەڕو پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە كەرتی غەزە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
جێنس ستۆڵتنبێرگ ڕایگەیاند، لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەكانی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتان یان گروپە چەكدارەكانی دژی ئیسرائیل هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەكە بدەن، بەتایبەتی حزبولڵای لوبنان و وڵاتانی وەك ئێران، بۆیە بەو لایەن و وڵاتانە دەڵێین، هەوڵی سود وەرگرتن لە دۆخەكە نەدەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمریكا هێزی زیاتری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیركردووە، بۆ ڕێگریكردن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزی زیاتر، هەروەها ژمارەیەك وڵاتی ناتۆ نیازی خۆیان بۆ هاوكاریكردنی ئیسرائیل دەربڕیووە، بەڵام هاوپەیمانیی ناتۆ لایەندار نییە لەم ململانێیەدا.