عەبدول لەتیف قانوع وتەبێژی بزوتنەوەی حەماس لەلێدوانێکدا بۆ یەکێک لەکەناڵە ئوردنییەکان ئاشکرایکردوە، ئۆپەراسیۆنی باهۆزى ئەقسایان بە 1500 شەڕکەر ئەنجامداوە، دهشڵێت، لەئێستادا 120 دیلی ئیسرائیلیان لەژێر دەستدایە.
ئاوێنە: قانوع ئەمڕۆ پێنجشەممە لەلێدوانێکیدا بۆ کەناڵی "مەملەکە"ی ئوردنی دەڵێت، "هەزارو 500 چەکداری دەستەبژێری مقاوەمە لەئۆپەراسیۆنی باهۆزى ئەلئەقسا کە شەممەی ڕابردوو دەستیپێکرد، هەڵیانکوتایەسەر دەوری غەززە".
ڕونیشیکردۆتەوە، "بزوتنەوەکەیان توانای هەیە ڕێگە نەدات ئیسرائیل بەڕێگای وشکانیی بێتە ناو غەزەوە، تەنانەت ئۆپەراسیۆنی زەمینی سوپای ئیسرائیل بەدەرفەتێک دەزانێت بۆ جەنگاوەرانی حەماسو گروپەکانی دیکەی غەزە".
سەبارەت بەژمارەی دیلەکانی ئیسرائیل کە لەکەرتی غەزە دەستبەسەرکراون، وتویەتی، "لیواکانی قەسام زیاتر لە 120 دیلیان هەیە".
جەختیشی لەوەکردۆتهوه، جەنگاوەرانی بەرخۆدان بەردەوامدەبن لەپەڕینەوە بۆ ناو پشتێنی غەزەو هێنانی دیلی دیکە.
لەبارەی دانوستان سەبارەت بەدیلەکانیش دەڵێت، " تاوەکو دوای ڕاگرتنی دوژمنکاریی لەسەر کەرتی غەزە، هیچ دانوستانێک لەسەر ئەو بابەتە ناکەین".