وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، حەماس لەکاتی هێرشەکەی سهرهتای ئهم ههفتهیه بۆ سەر ئیسرائیل "دڕندەیی هاوشێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" ئەنجام داوە، دهشڵێت، "واقیعەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل پێویستی بە بەرگریکردنە لە خۆی، بۆیە کەس ناتوانێت ئینکاری ئەم مافەی لێبکات، بەڵام ئیسرائیل دەبێت رێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت".
کاترین کۆلۆنا وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە وەڵامی پرسیارێکدا لە رادیۆی فرانس ئینفو سەبارەت به هێرشی حهماس بۆ سهر ئیسرائیل، رایگهیاند، "تایبەتمەندی یاسایی ئەم تاوانانە لهکاتێکدا دیاری دەکرێت، بەڵام دەتوانین زیاتر وەک تاوانی لەو جۆرە دژ بە مرۆڤایەتی بیناسێنین".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "وشە ناتوانێت باسی ئەو دڕندەییانەی ئەم هێرشە تیرۆریستیه بکات، لەوانە کۆمەڵکوژی، ڕاوەدونانی خەڵک لە ماڵەکانیان، لەسێدارەدان، هێرشکردنە سەر کەرامەتی مرۆڤ و تەرمی مرۆڤ".
وەزیری دهرهوهی فڕەنسا جەختی لەوەکردەوە، "دەبێت ئەم دڕندەیی و ڕەفتارە نامرۆڤانەی ئەو کەسانە سهركۆنه بکەین کە توانیویانە ئەو جۆرە دڕندەییانەی ئەنجام بدەن"، وتیشی، "حەماس دیدگای خۆی بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل دهرخستوه و كاری بۆ كردوه و داوا لە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ئەو بەربەرییەته سهركۆنه بکەن".
کۆلۆنا باسی لهوهشكرد، وڵاتهكهی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە چڕتر کردوەتەوە، چونکە "ئەولەویەتی دیپلۆماسیەتی ئێمە ئەوەیە کە ئاگرهكه ناوچەکە نەگرێتەوە"، لە هەمانکاتدا "مەترسی هەیە، با خۆمان نەشارینەوە لە واقیع".
وەزیری دهرهوهی فڕەنسا ئاماژەی بەو جموجۆڵە "نیگەرانکەرانە" کرد کە لە خاکی لوبنانەوە ڕودەدەن، وهك ئاماژهیهك بۆ هێرشهكان كه لهو ناوچهیهوه دهكرێته سهر ئیسرائیل.
سەبارەت بە ئەگەری دامەزراندنی ڕێڕەوێکی مرۆیی لە کەرتی غەززە، کۆلۆنا وتی، "ئەمە مومکینە و خوازراوە بۆ ئەوەی ژنان و منداڵان ئەگەر بیانەوێت کەرتی غەززە بەجێبهێڵن"، هاوكات پێداگری لەسەر پێویستی جیاوازی لە نێوان دانیشتوانی فەڵەستینی کەرتی غەززە کە هیچ دەستوەردانێکیان لە شەڕەکەدا نییە و بزوتنەوەی حەماس کرد.
کۆلۆنا بەرگری لە ئیسرائیل کرد بۆ بەرگریکردن لە خۆی، لە هەمانکاتدا داوای لە تەلئەبیب کرد ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی بزوتنەوەی حەماس، ڕونیشیکردەوە، "واقیعەکە ئەوەیە کە ئیسرائیل پێویستی بە بەرگریکردنە لە خۆی، بۆیە کەس ناتوانێت ئینکاری ئەم مافەی لێبکات، بەڵام ئیسرائیل دەبێت ڕێز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بونی دەیان هاوڵاتی فڕەنسی پشتڕاستکردەوە کە لە بواری فریاگوزاری مرۆیی لە غەززە کاردەکەن و ئاماژەی بەوەدا، کە هیچ کامیان هێشتا داوای چۆڵکردنی کەرتی غەززەیان نەکردوە.