سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، ژەنەڕاڵ چارڵز براون، ئەمرۆ سێشەممە داوای لەئێران کردوە دەست نەخاتە ناو ململانێی بەردەوامی نێوان ئیسرائیلو هێزە فەڵەستینییەکانەوە.
ئاوێنە: براون لەلێدوانەکانیدا کە ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردۆتەوە ڕایگەیاندوە، "ئێمە دەمانەوێت پەیامێکی بەهێز بنێرین، نامانەوێت ئەم ململانێیە فراوانتربێتو بیرۆکەکەش ئەوەیە کە ئەم پەیامە بەدەنگی بەرزو ڕونو ئاشکرا بگەیەنین بەئێران".
جەختیشیکردۆتەوە، پەیامەکە بۆ ئێران ئەوەیە، لەدۆخی ئێستادا دەستتێوەردان لەجەنگی نێوان ئێسرائیلو هێزە فەڵەستینییەکاندا مەکە.
هەروەک دوێنی دوشەممە، جۆن کێربی وتەبێژی ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئەمریکا هیچ زانیارییەکی هەواڵگرییو بەڵگەیەکی نییە کە ئاماژە بەتێوەگلانی ڕاستەوخۆی ئێران بکات لەهێرشەکانی حەماس لەئیسرائیل.
هەروەک وتویەتی، ئێران بەشێوەیەک لەشێوەکان تێوەگلاوە لەڕێگای هاوکارییکردنو ڕاهێنانی گروپە فەڵەستینییەکان، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە نییە ئاماژەبێت بەتێوەگلانی ئێران لەهێرشەکەی ئەمجارەی حەماس.