ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دهنگ لهسهر پێشنیازی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دهداتو سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت بەقەرز دهدرێت. بهوتهی ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق-یش، عێراق نایەوێت موچەخۆرانی هەرێم ببنە قوربانی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمو بەغدا.
ئاوێنه: بڕیاره سبهی یەکشەممە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا بڕیار لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت.
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووه، لەدوای کۆبونەوەیەک لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و بە هەماهەنگی لایەنە کوردییەکان هەوڵی جددی درا بۆ ناردنی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم.
ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق نایەوێت موچەخۆرانی هەرێم ببنە قوربانی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەوەک چارەسەرکردنی بۆ چەند مانگێک.
باسی لەوەشکرد، جگە لەوەش پێشنیاز کراوە لە دوای چارەسەری بارودۆخەکان، حکومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی راستەوخۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی لارتی ئەلکترۆنییەوە دابەشبکات بۆ ئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لە کێشەی سیاسی و دارایی بە دووربن.
لای خۆیهوه هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق دهڵێت، "سبەی لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا پێشنیاری ناردنی 800 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن یەکێک لەوەزیرەکانەوە دەکرێت، دواتر دەخرێتە دەنگدانەوە، ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا، ئەوا پارەکە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت. لایەنەکان بەڵێنیان داوە رێگری بۆ ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکەن."
وتیشی، "ئەو پارەیەی بڕیارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەشێوەی قەرز دەبێت و لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان پێداویستیی موچە پڕدەکاتەوە. تاوەکو ئێستا یاسای بودجە بۆ وەزارەتەکانی عێراقیش جێبەجێ نەکراوە و عێراق ترسی لە دابەزینی نرخی نەوت هەیە، ئەمەش هۆکاری نەخستنەبواری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە."
بەوتەی هەرێم کەمال ئاغا، "یەکدەنگبونی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق لەکاتی سەردانیوهفدەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەریی باشی هەبوو. ویستێکی راستەقینەش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. بەشی زۆری لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەشێکیان دەڵێن ئێمە دەنگمان بە یاساکە داوە و دەبێت یاساکە جێبەجێ بکرێت."
پێنجشهممهی ڕابردو (14ی 9ی 2023) وهفدی باڵای حكومهتی ههرێمی كوردستان سهردانی بهغدای كردو لهگهڵ ههسێ سهرۆكایهتییهكهی عێراقو سهرۆكی حیزبو لایهنهسیاسیهكانی عێراق كۆبوهوه، وهفدهكه بهڵێنی ئهوهیانپێدراوه كه لهكۆبونهوهی سبهی ئهنجومهنی وهزیرانی عێراقدا بڕیاری ناردنی بڕه پارهیهك بۆ موچهی موچهخۆرای ههرێم بدرێت.
هاوكات فادی شەمهری، راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمیدیا ناوخۆییەکانی راگەیاندووه، پێداویستی هاوڵاتیان پێش رێککەوتنی سیاسی دەخرێت، هاوڵاتیانی هەرێمیش هاوڵاتی عێراقن و دان بەو نادادپەروەیانەدا دەنێن کە بەهۆی سیاسەتی هەڵەوە بەسەریاندا سەپێندرا.
ئەوەشی خستەڕو، لەرۆژی یەکشەممە دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەدەچێت و تێیدا بڕیار لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدرێت.