باوكی ژینا ئەمینی لە ساڵیادی كوژرانی كچەكەیدا دەستگیركرا
  2023-09-16       465       

ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی کوژرانی کچەکەی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسدا، ئەمڕۆ شەممە، کاتێك لە ماڵەکەی هاتوەتە دەرەوە، دەستبەجێ لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیرکراوەو بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

ئاوێنە: رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەمڕۆ شەممە، ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، لە بەردەم ماڵەکەی خۆی لە شەقامی "مامۆستا هەژار"ی شاری سەقز، لەلایەن کۆمەڵێکی زۆر لە هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستگیركراوەو بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.

ناوەندە ئەمنییەكانی ئێران پێشتر هۆشدارییان دابوە بنەماڵەی ژینا كە نابێت ڕێوڕەسمی ساڵیادی کوژرانی کچەکەیان بەڕێوە ببەن، بەڵام بنەماڵەی ژینا لە ڕاگەیەندراوێکدا، وتیان"ئێمەی بنەماڵەی ژینا، وەک هەمو بنەماڵەیەکی خەمبار، لە ساڵیادی گیانبەختکردنی کچە شیرینەکەمان ژینا (مەهسا) ئەمینی، لەسەر گۆڕی ئەو ئازیزە کۆچکردوە کۆدەبینەوەو ڕێوڕەسمی ڕەسەن و ئایینیی ئەو ساڵیادە بەڕێوە دەبەین".

لە ماوەی هەفتەی ڕابردو و ڕۆژانی پێش ساڵڕۆژی كوژرانی ژیناو دەسپێكی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێراندا، ئەمجەد ئەمینی لانی کەم چوار جار لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی ئێرانەوە بانگ کراوە و لەسەر بەڕێوەنەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادی ژینای کچی وێڕای ئەوەی لێپرسینەوە و لێپێچینەوەی لێ کراوە، بێڕێزیشی پێ کراوە. ئەوەش بەپێی قسەی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممە 5ی 9ی 2023، هێزەکانی ئیدارەی ئیدارەی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی سەفا عائێلی، تەمەن 30 ساڵ و خاڵی ژینا ئەمینی لە شاری سەقزو دەستبەسەریان کرد كە تاکو ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەدایە.

بەپێی رێكخراوی هەنگاو بارودۆخی شاری سەقز بەتایبەت دەوروبەری ماڵی بنەماڵەی ئەمینی و ڕێگەکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی (گۆڕی ژینا) بە چڕوپڕی میلیتاریزە کراوە و هێزە سەربازی و ئەمنییەكان لە هەمو شوێنێکی ئەو شارە پڕچەک و بە کەرەستەی شەڕەوە جێگیرکراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×