وەزیری دارایی عێراق: هەرێمی كوردستان بۆ 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لەپشكی خۆی لەبودجە وەرگرتووە
  2023-09-09       1785       
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق

له‌كۆبونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق، وەزیری دارایی عێراق ڕایگه‌یاندووه‌، هەرێمی كوردستان بۆ 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لەپشكی خۆی لەبودجە وەرگرتووە كه‌ زیاتره‌ له‌ترلیۆنێك‌و 500 ملیار دینارە. جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی نەوتیی‌و نانەوتیی ڕادەست بکات‌و ئەستۆپاکی خشتەی دارایی بسەلمێنێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ شه‌ممه‌، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق میوانداریی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی‌ كردو له‌به‌شێكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پشکی هەرێمی کوردستان له‌یاسای‌ بودجه‌ تاوتوێ کرا.

له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌، د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەغداد خەمڵاندنی یەك لەسەر 12ی بودجەی بۆ پشكی هەرێمی كوردستان كردووە، بەجۆرێك كە دوو ترلیۆن‌و 800 ملیار دینار مافی هەرێمە، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاندووە، هەرێم بەشی خۆی وەرگرتووەو بۆ ئەم سێ مانگە 500 ملیار دیناری بەقەرزبۆ رەوانە دەكرێت.

تەیف سامی راشیگەیاندووه‌، پشكی هەرێم بۆ شەش مانگی یه‌كه‌می‌ ئەمساڵ ترلیۆنێك‌و 500 ملیار دینارە، هەروەها بۆ شەش مانگی دووەمی ئەمساڵیش به‌هه‌مانشێوه‌ ترلیۆنێك‌و 500 ملیار دینارە، به‌و پێیه‌ش، هەرێمی كوردستان بۆ 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ زیاتر لەپشكی خۆی لەبودجە وەرگرتووە.

نەرمین مەعروف دەڵێت، "بەوتەی وەزیری دارایی، لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزاری حکومەتی ناوەند بووە نەک پارەی کەمتر بۆ نێردرابێت. 

وتیشی، وەزیری دارایی وتی، "مامەڵە بەیاسا دەکات‌و "حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتی هەژمارکردنی داهاتی نانەوتیدا ژمارەی هەڵەیان داوەو داتاکانیان ورد نەبووە".

نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، خاڵی سەرەکیی تێبینییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتییەو دەڵێن، داهاتەکە ناڕونەو تائێستا "هیچ پارەیەک نەخراوەتە سه‌ر ئەو هەژمارە بانکییەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دایناوە".

هه‌روه‌ها وەزیری دارایی عێراق وتویه‌تی‌، كاتێك پشكی هەرێم دەنێرێت كە عێراق بتوانێت تەواوی بودجەی خۆی خەرجبكات، بەو پێیەی بودجەی بوارەكانی دیكە خەرجنەكراوە، هەربۆیە هەرێم بۆ ئەم سێ مانگە 500 ملیار دینار زیاتری بەرناكەوێت، ئەگەر دوای پاكتاوەكانیش هەرێمی كوردستان مافی زیاتری هەبوو بۆی رەوانە دەكرێت.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا وەزیری دارایی عێراق ئه‌وه‌شی‌ وتووه‌، ئەوەی لەئەستۆی هەرێمی کوردستاندایە زیاترە لەمافەکانی‌و دەبێت بیداتەوە بەحکومەتی عێراق. جه‌ختی‌ له‌وه‌ش كردۆته‌وه‌ كه‌ هەرێمی کوردستان دەبێت داهاتی نەوتیی نانەوتیی ڕادەست بکات‌و ئەستۆپاکی خشتەی دارایی بسەلمێنێت.

سه‌رباری‌ ڕێككه‌وتنی‌ چه‌ند مانگی‌ ڕابردوی‌ نێوان هه‌رێم‌و به‌غداو په‌سه‌ندكردنی‌ یاسای بودجەی گشتی‌ عێراق بۆ ساڵانی‌ 2023، 2024، 2025، بەڵام تائێستا پشکی هەرێمی کوردستان لەبودجە خەرج نەکراوە، به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق، هه‌رێم تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به‌پابه‌ندنه‌بون به‌ڕێككه‌وتنه‌كان‌و ڕاده‌ستنه‌كردنی‌ داهاتی‌ نه‌وتیی‌‌و نانه‌وتیی‌، له‌به‌رامبه‌ردا به‌رپرسانی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ئه‌و تۆمه‌تانه‌ ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌و به‌غدا به‌هۆكاری‌ جێبه‌جێنه‌كردنی‌ ڕێككه‌وتنه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ له‌م نێوه‌نده‌شدا زه‌ره‌رمه‌ندی‌ سه‌ره‌كییه‌، موچەخۆرانی هەرێمی کوردستانن كه‌ تا ئه‌مڕۆ -9ی‌ 9ی‌ 2023- موچەی مانگەکانی تەمموزو ئاب (7 و 8)یان وەرنەگرتووە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×