دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ: لە جوانڕۆ تاوانی مرۆیی ئەنجامدراوە
  2023-09-07       421       

دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ راپۆرتێکیان سەبارەت بە شاری جوانڕۆ بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە لەماوەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران سەرکوتی خەڵکی شارەکەیان کردووە و توندوتیژیان دژیان بەکارهێناوە کە دەچێتە چوارچێوەی "تاوانی مرۆییەوە."

ئاوێنه‌: بە پێی راپۆرتێک کە رۆژی چوارشەممە ٦ی ئەیلوول، بەشی فارسی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، دوو رێکخراوی مافی مرۆڤ لە راپۆرتێکی هاوبەشدا و لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵڕۆژی دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان ، ئازادی" کۆمەڵێک بەڵگە و دێکۆمێنتیان دەربارەی " سەرکوتی توندووتیژیانەی هاوڵاتیانی جوانڕۆ" لە پاییز و زستانی ٢٠٢٢ خستۆتە روو و بڵاویان کردۆتەوە.

لەو راپۆرتە ٩٤ لاپەڕەییەی کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران و رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە سێ شەممە ٥ی ئەیلوول لە ژێر ناوی " جوانڕۆ، ئاگری جەنگی دەسەڵات دژی دەستی بەتاڵ و سەنگەری تووڕەیی خەڵک" بڵاو کراوەتەوە جگە لە " خستنەڕوو و تاوتوێکردنی سەدان وێنە و ڤیدیۆ" لەگەڵ ٣٨ کەس لە شاهیدەکان و ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوان و بریندار و دەستبەسەرکراوەکانی جوانڕۆ گفتوگۆ کراوە.

لە راپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە لە رۆژی ٨ی ١٠ی ٢٠٢٢ تا ٣١ی ١٢ی ٢٠٢٢، هێزە ئەمنیەتی و سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بەچەکی جەنگی دەستڕێژیان لە خەڵکی ناڕازی ئەم شارە کردووە کە بە هۆی دەستڕێژی هێزە ئەمنییەتییەکانەوە ٨ کەس گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان منداڵە و لانیەکەم ٨٠ کەس بریندار بوون و بە هۆی گەمارۆی شارەکەوە دەستیان بە خزمەتگوزاری پزیشکی نەدەگەیشت".

بە پێی راپۆرتەکە، ٨٩ کەس لەوانە ٢٦ مناڵ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەستگیرکراون و زۆربەیان بە تایبەت مناڵان، ئەشکەنجە دراون و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان لێکراوە. هەروەها بنەماڵەی گیانبەختکردوەکان، بریندار و دەستبەسەرکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە هەڕەشەیان لێکراوە کە ئەبێ بێدەنگ بن و نابێ هیچ شتێک دەربارەی دۆخی ئازیزانیان بۆ میدیاکان بدرکێنن.

هادی قائیمی ، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤ لە ئێران لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە:" تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی لە جوانڕۆ ، تاوانێکن رێکخراو و لە رووی وشیارییەوە بووەو لە لایەن بەرپرسانی باڵای حکوومەتییەوە پلانی بۆ داڕێژراوەو بە شێوەیەکی بەربڵاو کەڵک لە چەک و چۆڵی جەنگی وەرگیراوە دژ بە خەڵک. ئەمە بەو مانایە سەرکوتی هاوڵاتیانی جوانڕۆیی تاوانە دژی مرۆڤایەتی".

لەم راپۆرتەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە :" تا ئێستە هیچکام لە بەرپرسانی حکوومەتی بەرامبەر بە کوشتن و بریندارکردن خەڵکی ئاسایی جوانڕۆ وەڵامدەرەوە نەبوون و کەس لێی نەپرسیونەتەوە".

هادی قائیمی، بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤی ئێران بەجەتکردنەوە لەسەر سەرکوتی دڕندانەی شاری جوانڕۆ ئەڵێت:" کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەبێت زۆر وریا بێت و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئاگادار بکاتەوە دەربارەی دەرئەنجامە سیاسی و ئابوورییەکان دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی توندووتیژی حکوومەتی دژی خەڵک".

هەرلەم بارەوە رێبین رەحمانی، ئەندامی بەڕێوەبەری رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بە نیگەرانییەوە باس لە شەپۆلی نوێی سەرکوتی هاوڵاتیان و چالاکانی کورد لە شارە جیاوازەکان ئەکات و ئەڵێت :" پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانو بەلووچستان، کەمترین تێچووی هەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و هەر ئەمەیە وا ئەکات تاوانی لە چەشنی تاوانەکانی جوانڕۆ و زاهیدان دووبارە ببێتەوە".

لەم راپۆرتەدا داوا لە کۆمیتەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی رووداوەکانی ئێران دەکات :" بە وردی لە رووداوەکانی جوانڕۆ بکۆڵنەوە" و داوا لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێکۆڵەران کراوە " هەموو هەوڵی خۆیان بدەن بۆ بەدەستهێنان بەڵگە و راپۆرتە پزیشکییەکان و راپۆرتی شاهیدەکان" و بیگەیەننە دەست کۆمیتەی دۆزیننەوەی راستییەکانی نەتەوەی یەکگرتووەکان.

بانگکردنی باڵێۆزەکانی کۆماری ئیسلامی و شەرمەزارکردنی ئەو تاوانەی لە جۆانڕۆ روویداوە، یەکێکیتر لە داواکارییەکانی ئەم دوو رێکخراوە مافی مرۆڤییەیە لە وڵاتان لە هەموو شوێنێکی دونیا و داوایان لە رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ کردووە  بە ئاشكرا پشتیوانی بکەن لەوە سزای بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی بدرێت بەم هۆیەوە".

هادی قائیمی بەڕێوەبەری کەمپەینی مافی مرۆڤی کوردستان باس لە پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکانی هاوڵاتیانی ئێران دەکات وتوویەتی :" لەگەڵ نزیکبوونەوە لە ساڵوەگەڕی دەستپێکی ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٢٢، ئەگەری ئەوە هەیە جارێکیتر ناڕەزایەتییەکان سەرهەڵبدەنەوەو کۆمەڵگای جیهانی تەنها بە یەک رێگا ئەتوانێت بەر بە دووبارە بوونەوەی تاوانی لەم چەشنە بگرێت، ئەوەیش ئەوەیە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری ئەم رووداوانە بزانێت و ناچاریان بکات وەڵامدەرەوە بن بەرامبەر رووداوی لەم چەشنە".

عەدنان حەسەنپوور، رۆژنامەنگار و ئەندامی رایەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، لەم بارەوە بە بەشی فارسی دەنگی ئەمریکای وتووە :" سەرکوتی خوێنینی جوانڕۆ" لە روانگەی مافی مرۆڤەوە " هاوتای تاوانی دژە مافی مرۆڤییە".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×