پەرلەمانتارێكی پارتی: لەم هەفتەیەدا حكومەتی هەرێم كێشەی پشكی هەرێم روبەڕوی سودانی دەكاتەوە
  2023-09-02       1647       

پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێشبینی دەکات لەم هەفتەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی موچەخۆران و فەرمانبەران، پەنا بباتە بەر کارتی کارگێڕی بە مەبەستی ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق كێشەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەریم چارەسەر بکات.

ئاوێنە: سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق؛ ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای حزبەكەی راگەیاند"بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەر و موچەخۆران، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمو پابەندییەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکردون، ئەگەر چی یاساکە بە رێککەوتن لە نێوان هەولێرو بەغدا پەسەندنەکراوە و بەسەرماندا سەپێندراوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی فیدراڵی پابەندی یاساکە نەبوە و رێککەوتنەکانی پێشێلکردوە".

لەبارەی ئەوەی ئەگەر بەغدا بەردەوام بو لە پێشێلکردنی رێککەوتنەکان و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی نەنارد، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت چی بکات؟ سیپان شێروانی وتی"رێگەی یاسایی، کارگێڕی و سیاسی و زۆر رێگەی دیکە لەبەردەماندا هەن بۆ ئەوەی لە دژی حکومەتی فیدراڵی بیانگرینەبەر. پێچەوانەی ئەوەی خەڵک بانگەشەی بۆ دەکات، گوایە بۆ ئەم قۆناغە هیچ کارتێک لە دەستی پارتی یان حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە".

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کارتی کارگێڕی، یەکەم کارتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و  پێشبینی كرد، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت. وتیشی"بەپێی بڕگەی حەوتی ماددەی 13ـی یاسای بودجە، ئەگەر هەولێر و بەغدا لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکان یان هەر پرسێکی دیکە نەگەیشتنە رێککەوتن، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ماوەی 15 رۆژدا بڕیاری پێویست لەوبارەیەوە دەدات و کێشەکە یەکلایی دەکاتەوە".

ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی پێیوایە سودانی لە بەرژوەندیی کوردا بڕیار دەدات و وتی"لەو بڕوایەدام محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق یاسا سەروەر دەکات، دەستور جێبەجێ دەکات و ئەو بڕیارەی کە پێویستە، دەریدەکات".

کارتی یاسایی وەکو ئەوەی سیپان شێروانی باسی کرد، دوەم کارتە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە دژی بەغدا بەکاریبهێنێت و ئاماژە بەوەدا "سەرەڕای هەمو تێبینییانەی لەسەر دادگای فیدراڵی هەمانن، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارتی یاسایی بەکاربهێنێت و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماربکات بۆ ئەوەی کێشەکە یەکلاییبکرێتەوە، هەرچەندە گومانی زۆرمان لە بڕیارەکانی دادگاکە هەن".

بەوتەی ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق، کارتی سێیەمی دەستی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، کارتی سیاسییە و جەختیشی لەوە كردەوە بڕیارە سیاسییەکە لەلایەن سەرکردایەتی کورد و مەسعود بارزانییەوە دەدرێت، "کارتێکی زۆر بەهێزە و کاریگەریی زۆری دەبێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×