"له‌م چه‌ند ڕۆژه‌دا به‌غدا موچه‌ی‌ مانگی‌ 6ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ده‌نێرێت"
  2023-07-16       1531       

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ڕۆژی‌ 5ی‌ 7ی‌ 2023 نوسراوی‌ ڕه‌سمیان ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق كردووه‌ بۆ ناردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم. به‌وته‌ی‌ ئه‌و،  ده‌بێت له‌زوترین كاتداو له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دو سێ ڕۆژه‌دا به‌غدا موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 ڕه‌وانه‌ی‌ هه‌رێم بكات.

ئاوێنه‌: ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، هه‌ردو سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئیتیحادی له‌باره‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان كردووه‌و پێویستی به‌وه‌ كرد كه‌ تیمێكی باڵای هاوبه‌ش هه‌بێت، تاكو بڕیاری تاكه‌كه‌سی له‌باره‌ی بودجه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌درێت، له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند به‌بڕیاری سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی پێكهێندرا.

ده‌شڵێت، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش تیمێكی هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستانی دروستكردووه‌، سبه‌ی هه‌ردوو تیم له‌نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یان ده‌بێت و له‌وانه‌یه‌ به‌شێك له‌ كۆبوونه‌وه‌كان بهێنینه‌ هه‌رێمی كوردستانیش.

جه‌ختیشی له‌وه‌شكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی له‌ساڵی 2014 بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بڕدرا، هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌م جاره‌ دووباره‌ تێكه‌ڵ به‌بودجه‌ی گشتی عێراق‌ ده‌بێته‌وه‌‌، فایله‌كانمان بۆ گفتوگۆكردن ئاماده‌كردووه‌، له‌وانه‌ فایلی دارایی، نه‌وت و چاودێری دارایی‌."

له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ناردنی‌ به‌شه‌ بودجه‌ی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ عێراق‌و دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم، ئومێد سه‌باح وتی‌، "كاك مه‌سرور له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق قسه‌ی‌ كردووه‌ له‌باره‌ی‌ موچه‌وه‌، ده‌بو یه‌ك دو ڕۆژ پێش ئێستا موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بنێردرایه‌، به‌ڵام هۆكاری‌ نه‌ناردنی‌ نازانین چییه‌، له‌كۆبونه‌وه‌كانی‌ سبه‌ینێدا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌و داوا ده‌كه‌ین به‌زوترینكات موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 بنێرن‌و تێكه‌ڵ به‌هیچ شتێكی‌ نه‌كه‌ن."

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌ڕۆژی‌ 5ی‌ 7ی‌ 2023 نوسراوی‌ ڕه‌سمیمان ئاراسته‌ی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق كردووه‌ بۆ ناردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6، به‌ڵام پێده‌چێت به‌هۆی‌ هۆكارێكی‌ ته‌كنیكییه‌وه‌ ناردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 دواكه‌وتبێت، چونكه‌ باسیان له‌هیچ هۆكارێك نه‌كردووه‌ بۆ نه‌ناردنی‌، ئێمه‌ له‌كۆبونه‌وه‌كانمادا جه‌ختی‌ له‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌و له‌گرنگترین‌و له‌سه‌ره‌وه‌ی‌ داواكارییه‌كانمان ده‌بێت، كه‌ پێویسته‌ له‌زوترین كاتداو له‌ماوه‌ی‌ ئه‌م دو سێ ڕۆژه‌دا موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 بنێرن."

سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌وه‌شی‌ وت، "كارمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پشك و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان مانگانه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی و بڕی دیاریكراو بگات، له‌مه‌ودا ته‌نیا داوای موچه‌ له‌ به‌غدا ناكه‌ین، به‌ڵكو داوای كۆی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، له‌به‌رامبه‌ردا هه‌موو ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی كه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستانه‌، جێبه‌جێی ده‌كه‌ین."


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×