وەزارەتی دارایی بە بڕیارێك كڕین و گۆڕینی ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەت و فەرمانگە حكوومییەكان ڕادەگرێت.
ئاوێنه: نووسراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كە ڕۆژی 19ی 6ی 2023 دەرچووە، تایبەتە بە ڕاگرتنی كڕینی ئۆتۆمبێل .
لە نووسراوەكەدا كە بۆ گشت وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، هاتووە: "بەهۆی زۆریی داواكاریی گۆڕین و كڕینی ئۆتۆمبێل، بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی هەرێمی كوردستان هیچ داواكارییەكی لەو شێوەیە بۆمان بەرز مەكەنەوە.''
بەپێی نووسراوەكە جەخت كراوەتەوە كە خەرجیی كڕینی ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان ڕاگیراوە.
بەپێی ئامارەكان لە هەرێمی كوردستان 18 هەزار ئۆتۆمبێلی حكوومی هەیە.
پێشتر وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 31ی10ی 2022 بە فەرمانگەكانی ڕاگەیاندبوو: "بەپێی بوونی بودجەی بەردەست، لەسەر بنەمای پێداویستی و گرنگیی كار و چالاكییەكان بە شێوەی قۆناغ، ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری لە پێشتر دادەنێت و هەر وەزارەت و فەرمانگەیەك، كە داواكاریی بۆ كڕینی ئۆتۆمبێل پێشكەش دەكات، دەبێت ئەو ئۆتۆمبێلەی بەكاری دەهێنێت، 10 ساڵی بەسەر تێپەڕ بووبێت و سوودی لێ وەرگیرابێت، ئەوكات داواكاری پێشكەش بكات.
ئەوەش دووپات كرایەوە كڕینی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەكی گشتی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەبێت.