لیژنەی دارایی په‌رله‌مان: ناردنی پشکی ھەرێم‌و دابەشکردنی موچە پەیوەستە بەپاکتاوکردنی پرسە داراییەکان
  2023-07-08       1464       

تائێستا هیچ واده‌یه‌ك بۆ ناردنی‌ پشكی‌ هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌بودجه‌ی‌ عێراقدا په‌سه‌ندكراوه‌، دیار نییه‌، ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق-یش ده‌ڵێت، چاوەڕواندەکرێت ئەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو رێنمایی جێبەجێکردنی بودجە بڵاوبکرێتەوەو ناردنی پشکی ھەرێم و دابەشکردنی مووچە پەیوەستە بەپاکتاوکردنی پرسە داراییەکان.

ئاوێنه‌: د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بەجێبەجێکردنی یاسای بودجە بەكه‌ناڵی‌ کوردسات نیوزی راگەیاندووه‌، تائێستا رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسایی بودجە لە وەزارەتی دارایی بڵاونەکراوەتەوە، چاوەڕوان دەکەن لەم ھەفتەیە یان ھەفتەی داھاتوو رێنمایەکان بڵاوبکرێنەوە، دواتر بەپێی رێنماییەکان بەدواداچون بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکە دەکەن.

سەبارەت بەدابەشکردنی موچەو رەوانەکردنی پشکی ھەرێم، د. نەرمین مەعروف ده‌ڵێت، دەبێت بابەتە دراییەکان لە نێوان ھەرێم و بەغداد پاکتاوبکرێت، دواتر بەپێی رێککەوتنێک لە نێوان ھەردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم و بەغداد چۆنیەتی ناردنی پارە و دابەشکردنی مووچە روون دەبێتەوە، لەئێستادا چاوەڕوانی بڵاوکردنەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە دەکەن.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تائێستا له‌لایه‌ن وه‌زارتی‌ دارایی هه‌رێمه‌وه‌ هیچ واده‌یه‌ك بۆ دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6ی‌ موچه‌خۆران دیارینه‌كراوه‌.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بەناوەندی هەواڵی نیشتمانی عێراقی‌ راگەیاندووه‌، لەیاسای بوجەدا بڕیار لەسەر موچەی فەرمانبەرانی عێراق دراوە، حکومەتی ناوەندیش پابەندی بڕگەو مادەکانی بودجە دەبێت.

پەیوەست بەخەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەسەدی وتی‌، بەگوێرەی یاسای بودجە مامەڵە لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەن... لەڕێگای چەند میکانیزمێکەوە چاودێری خەرجکردنی دەکەن.

هه‌ر له‌باره‌ی‌ ناردنی‌ پشكی‌ هه‌رێم له‌بودجه‌ی‌ هه‌رێق، سۆزان مەنسوڕ، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایگه‌یاند، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە سکاڵا لەسەر یاسای بودجە هەیە، بەڵام رێکارەکانی یاساکە تەواو بوەو لەماوەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئه‌وه‌شی‌ وت، چاوەڕواندەکرێت دابەشکردنی موچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی عیراق و موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم لەدەرەوەی یاساکە دابەشبکرێت، واتە وەک مانگەکانی پێشوو بڕێک پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت بۆ دابەشکردنی موچە، پاشان دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی یاساکە حکومەتی عیراق ئەوە بڕە پارانەی ناردویەتی بۆ هەرێم پاکتاوی دەکات.

26ی مانگی‌ ڕابردو یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی دادی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایع، یاساكه‌ له‌ 1ی 1ی‌ 2023وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

دوای زیاتر لەچوار رۆژ لەکۆبونەوەی بەردەوام، بەرەبەیانی ڕۆژی‌ 8ی 6ی‌ 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی عێراقی‌ بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد كه‌ بڕی‌ بودجەی ئەمساڵی عێراق 197 ترلیۆن‌و 828 ملیار دینارە (نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار).

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×