وەزارەتی دارایی رێنماییەکانی تایبەت بەبودجە بڵاوده‌کاتەوەو ئەرک‌و مافەکانی هه‌رێم-یش لەخۆدەگرێت
  2023-07-02       1602       


به‌وته‌ی‌ ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی‌ عێراق، لەچەند رۆژی نزیکی داھاتودا وەزارەتی دارایی عێراق رێنماییەکانی تایبەت بەیاسای‌ بودجە بڵاوده‌کاتەوەو وردەکارییەکانی تایبەت بەئەرک‌و مافەکانی هه‌رێمی‌ کوردستانیش لەخۆدەگرێت.

ئاوێنه‌: د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووه‌، چاوەڕێدەکرێت لەچەند رۆژی نزیکی داھاتودا وەزارەتی دارایی رێنماییەکانی تایبەت بەبودجە بڵاوبکاتەوە، کە وردەکارییەکانی تایبەت بەئەرک و مافەکانی کوردستانیش لەخۆدەگرێت.

وتیشی، ھەموو پارەیەک کەدێتە کوردستان لەژێر چاودێری دیوانی چاودێریدا دەبێت.

له‌باره‌ی‌ شێوازی‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ داهاتی‌ ده‌روازه‌كان بۆ به‌غدا، د.نەرمین مەعروف ده‌ڵێت، لەبەغداد داھاتی دەروازە سنورییەکانی کوردستان مانگانە بە 130 ملیار دینار خه‌مڵێنراوه‌، له‌ 50%ـی ئەو داھاتەش بۆ ھەرێم دەمێنێتەوە، بەغدادیش ئەو پارەیەش بەکاش وەرناگرێت و تەنھا بەژمارە لای دەبێت، چونکە لەگەڵ قەرزەکانی دیکەدا لەپشکی ھەرێمی دەبڕێت.

26ی مانگی‌ ڕابردو یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵانی 2023، 2024 و 2025 له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایعی عێراق بڵاوكرایه‌وه‌.

وه‌زاره‌تی دادی عێراق له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌بڵاوكردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ له‌رۆژنامه‌ی وه‌قایع، یاساكه‌ له‌ 1ی 1ی‌ 2023وه‌ ده‌كه‌وێته‌ بواری جێبه‌جێكردن.

دوای زیاتر لەچوار رۆژ لەکۆبونەوەی بەردەوام، بەرەبەیانی ڕۆژی‌ 8ی 6ی‌ 2023 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی عێراقی‌ بۆ ساڵانی دارایی 2023 و 2024 و 2025 پەسەندکرد كه‌ بڕی‌ بودجەی ئەمساڵی عێراق 197 ترلیۆن‌و 828 ملیار دینارە (نزیکەی 152.2 ملیار دۆلار).
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×