شاخه‌وان عه‌بدوڵا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت له‌م مانگه‌وه به‌غدا به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت. به‌وته‌ی ئه‌و، "هیچ بیانوێك نه‌ماوه بۆ نه‌ناردنی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان".
ئاوێنه: شاخه‌وان عه‌بدوڵا به‌میدیاكانی پارتی راگه‌یاندووه، "دوای ئه‌وه‌ی پڕۆژه یاسای بودجه ده‌نگی له‌سه‌ر درا، به‌هۆی هه‌ندێ ده‌ستكاری و زیادكردن، ماوه‌ی پێنج رۆژ له‌په‌رله‌مانه‌وه وردبینی بۆ كرا، پاشان ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كرا‌و له‌وێ واژۆكراو پێشبینی ده‌كه‌م له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری داهاتو له‌رۆژنامه‌ی وه‌قائع بڵاوبكرێته‌وه."
سه‌باره‌ت به‌به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، ناوبراو ده‌ڵێت، "دۆسییه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان كه پێشتر بیانوو بوو بۆ نه‌ناردنی بودجه له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه، ئێستا له‌ده‌ستی خۆیانه، ئیتر ده‌بێت ساڵانه 16 تریلیۆن دینار وه‌ك شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكرێت، چیتر پێویست به‌وه ناكات له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق گفتوگۆ بكه‌ین و چیتر نه‌وتی هه‌رێم له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقدایه."
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق راشیگه‌یاند، "به‌گوێره‌ی یاسای بودجه‌ی سێ ساڵی داهاتوو، نه‌وتی هه‌رێم له‌ئه‌ستۆی به‌غدایه، بۆیه هیچ بیانوێك نه‌ماوه بۆ نه‌ناردنی بودجه، وه‌زیری دارایی عێراق له‌مباره‌یه‌وه وتویه‌تی، له 25ـی ئاداری ئه‌مساڵه‌وه، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌نارده نه‌كراوه‌و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت ره‌وانه بكه‌ین، بۆیه ناردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ست نییه به هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم".
له‌باره‌ی دڵنیایی ناردنی بودجه و شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، شاخه‌وان عه‌بدوڵا وتی، "ئه‌م هێزه‌ی ئێستا له‌به‌غدان هێزێكی نوێ نیین، پێشتر تاقیمان كردوونه‌ته‌وه، ئومێده‌وارین وا نه‌بێت و پابه‌ندبن به‌یاسای بودجه‌وه".
ده‌شڵێت، "سه‌رباری ئه‌وه‌ی چه‌ند بابه‌تێكی سیاسی‌یان خسته نێو پڕۆژه یاسای بودجه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوه‌ڕێی پابه‌ندبونی به‌غدا ده‌كه‌ین له‌داهاتودا".
دوپاتیشیكرده‌وه، "پێشتر له‌عێراق ده‌ستور پێشێلكراوه، هه‌ر ئه‌و هێزانه بوون ده‌سه‌ڵاتیان له‌عێراق هه‌بوو، ئێمه له‌م قۆناغه‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانێكی نوێ له عێراق ده‌بینین و چاوه‌ڕێین به‌ڵێنه‌كانی به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بباته‌سه‌ر."
باسی له‌وه‌شكرد، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق به‌شێك له گۆڕانكارییه‌كانی یاسای بودجه‌ی به‌دڵ نه‌بوو، له‌به‌یاننامه‌یه‌كیشدا ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، كه له‌داهاتودا تانه‌ی لێده‌دات.
له‌باره‌ی پرسی زامنكردنی موچه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، شاخه‌وان عه‌بدوڵا وتی، "ده‌بێت مانگانه بڕه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێردرێت، ئه‌وه یاسایه ده‌نگی له‌سه‌ر دراوه، له‌سبه‌ینێوه بودجه ده‌بێته یاسا‌و پێویسته له‌مه‌ودوا شایسته‌كان بگات".