سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی دابەزینێكی پێوانەیی تۆماركردو بەهای یەك دۆلار گەیشتە سەرو 25 لیرەی توركی. ئەوەش دوای ئەوە دێت كە دوێنێ بانكی ناوەندیی توركیا رێژەی سوی بەرزكردەوە، بەڵام رێژەی بەرزكردنەوەكە كەمتر بو لەوەی چاوەڕوان دەكرا.
ئاوێنە: بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەر لە كردنەوەی بۆرسەكانی توركیا، بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 25.48 لیرەو بەڵام دواتر بەهای لیرە كەمێك بەرزبوەوەو یەك دۆلاری ئەمریكی بە 25.14 لیرە مامەڵەی پێوە دەكرا.
بانکی ناوەندیی تورکیا، دوێنێ پێنجشەممە، بڕیاریدا بە بەرزكردنەوەی رێژهی سو بۆ لەسەدا 15، ئەوەش بە ئامانجی چارەسەركردنی هەڵاوسانی ئابوری وڵات و پشتیوانی لە بەهای لیرە.
بەڵام بەهۆی ئەوەی رێژەی بەرزكردنەوەكەی سو، كەمتربو لەوەی شارەزایانی ئابوری پێشبینییان دەكرد، بۆیە لیرەی توركی زیاتر دابەزی.
بەر لە بڕیارەكەی دوێنێی بانكی ناوەندیی توركیا، بانكی مۆرگان ستانلی ئەمریكی پێشبینی كردبو رێژەی سو لە توركیا بۆ 20%و بانكی گۆڵدمان ساك-یش پێشبینی كردبو بۆ 40% بەرزبكرێتەوە.