بانكی ناوەندیی توركیا بە سەرۆكایەتی سەرۆكە نوێیەكەی لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە بەرزكردنەوەی رێژەی سوی بانكی لە 8.5%ەوە بۆ 15%، ئەوەش بە "پێچەوانەبونەوە"ی یەكێك لە سیاسەتە ئابورییەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە دەژمێردرێت كە بەردەوام جەختی لەسەر هێشتنەوەی سوی بانكی بە نزمی دەكردەوە.
ئاوێنە: بانکی ناوەندیی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئەنجومەنی سیاسەتی نەختینەیی لە بانکی ناوەندیی بە سەرۆکایەتی حافیزە گایە ئەركان، سەرۆکی نوێی بانکەكە کۆبۆتوەو بڕیاری داوە رێژهی سو لە ماوهی یەک هەفتەدا 650 نمرە بەرز بکاتەوە و بیگەیەنێتە رێژەی 15%.
دوای هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان بە سەرۆك كۆماری توركیا، حافیزە گایە ئەركان، لەم مانگەدا وەك سەرۆكی نوێی بانكی ناوەندیی ئەو وڵاتە دەستنیشان كرا.
لەگەڵ ئەوەش هێشتا ئەو رێژەی بەرزكردنەوەیە كەمترە لەوەی شارەزایانی ئابوری پێشبینییان دەكرد. بەر لە كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی بانكی ناوەندیی توركیا، بانكی مۆرگان ستانلی ئەمریكی پێشبینی كردبو رێژەی سو لە توركیا بۆ 20%و بانكی گۆڵدمان ساك-یش پێشبینی كردبو بۆ 40% بەرزبكرێتەوە.
بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی توركیا لەكاتێكدایە كە پێشتر ئەردۆغان بەردەوام سوربونی خۆی لەسەر هێشتنەوەی رێژەی سو بەنزمی دەكردەوە، بۆیە شارەزایان بڕیارەكەی بانكی ناوەندیی بە "پێچەوانەبونەوە"ی یەكێك لە سیاسەتە ئابورییەكانی ئەردۆغان دەزانن و پێیانوایە وەرچەرخانێكی گەورەشە لەلایەن تیمە نوێ ئابورییەكەی ئەردۆغانەوە بە ئامانجی چارەسەركردنی هەڵاوسانە بەربڵاوەكەی وڵات كە بە تێكڕا گەیشتۆتە لەسەدا 40 و هاوڵاتیانی توركیای روبەڕوی قەیرانی دابنیكردنی بژێوی كردۆتەوە.